
خەبات – سەربەست برزۆ
ناوی سپێر لە وشەی (SPIRE) ئینگلیزییەوە هاتووە، ئەم وشەیە بەمانای قولەی سەربازی دێت، پێش ئەوەی لەسەردەمی داگیرکاری ئینگلیزدا ئەم ناوەی بەسەردا بسپێردرێت، قولەی سەربازی هەر هەبووە لەناوچەکە.
ئەم قولە سەربازیانە لەناوچەی خانەقین بەگشتیی زۆربوون و مێژووی هەندێکیان بۆ سەردەمی عوسمانی دەگەڕێتەوە کە لەچواردەوی شاری خانەقین دروستیکردوون، کە بەداخەوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی(2003) لەناوبران.
پێگەی ستراتیژی خانەقین و شوێنی جوگرافیی و کەوتنی بەسەر سنوور لە سنووری ئێستای ئێران لە رۆژهەڵاتەوە، ئەمە وایکردووە کە بەدرێژایی مێژوو هەر هێزێک زاڵبووە بەسەر خانەقیندا هەوڵیداوە سنوورەکەی کۆنتڕۆڵ بکات.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهان و داگیرکردنی پۆڵۆنیا لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە، لە ساڵی 1939 بەشێک لە سوپای پۆڵۆنیا و هاووڵاتی ئەو وڵاتە کەوتنە پاڵ حکوومەتی بەریتانیا و هێنرانە عێراق …هتد ، بەشێک لەو سوپایەی پۆڵۆنیا هێنرانە خانەقین و ئەرکی پاراستنی سنووری ئێرانیان پێ سپێردرا.
بەدرێژایی مێژووی شاری خانەقین، چەند جۆرێک سپێر هەبووە لە ناوچەکە لەوانە:
جۆرێکیان بەخشت و قوڕ دروستکرابوون لەسەردەمی عوسمانی بۆ سنوور بەڕووی رۆژهەڵاتدا (ئێران)، بەتایبەت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای رووسیا، سوپای رووسیا چەند جارێک هێرشی هێناوەتە سەر ناوچەی خانەقین و سوپای عوسمانی کردووەتە ئامانج، دواجاری ئەو هێرشانە لە 1 / 4 / 1917 هێرشیان کردە سەر شاری خانەقین و شارۆچکەکانی چواردەوری خانەقینیان داگیرکرد و دەستیان کردە کوشتنی ئەو خەڵکانەی کە لەگەڵ عوسمانییەکاندا کاریان دەکرد و هاتنە ناوشار دەستیان کردە کوشتن و تاڵانکردنی خەڵکەکە و تەنانەت قسەی سەر زاری خەڵکی هەیە کە دەگێڕنەوە کە ئافرەت هەبووە ئاڵتوونی دەستی بەئاسانی دەرنەهێنراوە، روسەکان دەستیان بڕیووە و ئاڵتونەکەیان بردووە.
وەک باس دەکرێت تەنیا لە شاری خانەقین و شارۆچکەی سەعدییە، زیاتر لەپێنج سەد کەس کوژراوە بەدەستی سوپای روسیا.
جۆرێکی دیکەی سپێرەکان لە نێوان ساڵانی 1939 – 1942 سوپای بەریتانیا بەهاوئاهەنگی لەگەڵ سوپاکەی پۆڵۆنیا ، زۆرێک لەو سپێرانەی کە لە ئێستادا ماون، بە خشت و کۆنکریت یاخود بە کۆنکریت درووستیبان کردووە دیسان بۆ پاراستنی سنوور و چواردەوری خانەقین.
لە سەروبەندی جەنگی عێراق – ئێران 1980 -1988 ، لە نێوان ساڵانی 1982 – 1986 رژێم دەیان سپێری دیکەی لە خانەقین و چواردەوری دروستکرد بە کۆنکریت و بە تایبەت لەناو گەڕەکەکانی شار و لە دەرەوەی شار بۆ پاراستنی سەربازەکانی و لەناو شار بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لەترسی بۆردوومانی هێزە ئێرانییەکان، لەو سەردەمانەی ئێران بەچڕی بۆردوومانی خانەقینی دەکرد، ئەمە وایکرد چەند مانگێک خانەقین بەتەواوەتی چۆڵ بکرێت و خەڵکەکە ڕوویان کردە شاری کەلار و شارۆچکەی جەلەولا و سەعدییە بەزۆری.
سپێرەکان بەشێکن لەمێژووی شاری خانەقین، بەداخەوە بەشی زۆری ئەو سپێرانە لەگەڵ فراوانبوونی شاردا لەناوبران و ئەوەیشی ماوەتەوە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەناوببرێن.
لێرەدا ئەرکی ئیدارەی شارەکەیە کە هەوڵبدات بۆ پاراستنی ئەم جۆرە ئاسەوارانە چونکە بەشێکن لە مێژووی شاری خانەقین.