خەبات: ڕەنجبەر بەرزنجی:- پاککردنەوەی زیاتر لە 800 هەزار مەتر چوارگۆشە زەوی لە ماوەی یەک ساڵدا تەنیا ئامارێکی وشک نییە، بەڵکو گەڕانەوەی ژیان و ئاسایشە بۆ دەیان گوند و ناوچەی کشتوکاڵی کە بۆ دەیان ساڵ بەهۆی مەترسیی مینەوە چۆڵ کرابوون یان بەکار نەدەهێنران، ئەم دەستکەوتە ڕەهەندێکی مرۆیی و ئابووریی گرنگی هەیە؛ لەلایەکەوە، مەترسیی مەرگ و کەمئەندامبوون لەسەر ژیانی شوانکاران، جووتیاران، گەشتیاران و بەتایبەتی منداڵان کەمدەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، زەوییە پاککراوەکان دەبنەوە بەشێکی کارا لە جووڵەی ئابووریی وڵات، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ، لەوەڕگا و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، کێشەی مین لە هەرێمی کوردستان میراتێکی قورسی شەڕە یەک لەدوای یەکەکانە، لە شەڕی عێراق-ئێرانەوە تا دەگاتە شاڵاوەکانی ئەنفال و شەڕی ناوخۆ و پاشماوەکانی شەڕی داعش.

هەرچەندە هەوڵەکان بێوچانن، بەڵام هێشتا ملیۆنان مەتر زەویی پیسبوو بە مین و تەقەمەنی ماون، کە ئەمەش وا دەکات ئەرکی تیمەکانی مینلابەری ببێتە ئەرکێکی نیشتمانیی درێژخایەن. بوونی ١٠ قوربانی لە یەک ساڵدا لە سنوورێکی دیاریکراو، زەنگێکی مەترسیدارە و ئەوە دووپات دەکاتەوە کە تا دوا مینیش لەناو نەبرێت، هیچ کەسێک بەتەواوی سەلامەت نییە. هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەم بوارەدا جێگەی بایەخە، چونکە جگە لە پاڵپشتیی ماددی، ئەزموون و تەکنەلۆژیای نوێ دەگوازنەوە بۆ تیمە خۆماڵییەکان.

بۆیە، بەردەوامیی ئەم هەوڵانە و زیادکردنی بودجە و پاڵپشتیی حکوومی، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییان، کلیلی سەرکەوتنە لەم جەنگە بێدەنگەدا دژی دوژمنە شاراوەکەی ژێر خاک، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاککردنەوەی کێڵگە و ناوچە مینڕێژکراوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی (800.795) مەتر چوارگۆشە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پاک بکاتەوە و سەدان پارچە تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیش لەناو ببات. بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ  «خەبات» وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو، سەرەتا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر سوپاس و دەستخۆشیی خۆی ئاراستەی هەموو مینلابەران، سەرۆک تیم و سەرۆک بەشەکان، پشکنەران، ڕاهێنەران و گشت کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کرد، کە لە ساڵی ڕابردوودا «زۆرترین بەرهەمیان هەبووە لە ڕووبەری پاککراوە و لەناوبردنی مین.» هەروەها سوپاسی هاووڵاتییان و دەزگا حکوومی و ئەمنییەکانی کرد کە هەمیشە پاڵپشتیان بوون.

عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر

لە لایەکی دیکەوە، پێزانینی خۆی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی کە هاوکار و یارمەتیدەریان بوون، بەتایبەتی لە بواری لۆجستی و کردنەوەی خولی ڕاهێنان، لەوانەش: ڕێکخراوی ITFـی سلۆڤینی، سەنتەری نێودەوڵەتیی جنێڤ بۆ مینلابەریی مرۆیی (GICHD)، فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS)، خاچی سووری نێودەوڵەتی (ICRC) و چەندین ڕێکخراوی دیكه‌، ناوبراو جەختی لە ڕۆڵی گرنگی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردەوە لە گەیاندنی کار و چالاکییەکان و پەیامەکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی مین و پاشماوەی جەنگ. چالاکیی تیمەکانی مینلابەری و لەناوبردنی تەقەمەنی عەلی عەبدولڕەحمان ئامار و وردەکاریی کارەکانی ساڵی ڕابردووی بەم شێوەیە خستە ڕوو: کۆی ڕووبەری پاککراوە: ٨٠٠,٧٩٥ مەتر چوارگۆشە. ڕووبەری پشکنراو (لە لایەن تیمی EOD): ٢٢,١٥٠ مەتر چوارگۆشە. کۆی گشتیی ئەو تەقەمەنییانەی لەناوبراون: مینی دژەکەس: ١,٦١٤ دانە، مینی دژەتانک: ٢ دانە، پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی (گوللە تۆپ، هاوەن، ڕۆکێت و نارنجۆک): ٢٣,١٦٣ پارچە، بۆمبی چێندراو: یەك دانە، ژمارەی ئەو کێڵگە مین و ناوچە مەترسیدارانەی پاک کراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە: ١١ کێڵگە. ژمارەی ئەرکەکانی پووچەڵکردنەوە و لەناوبردن (EOD)١٨٣ ئەرک لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ئاماری قوربانییان بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر ئاماژەی بە ئاماری قوربانییانی مین لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کرد و ڕایگەیاند: «بەداخەوە، لەم ماوەیەدا ١٠ کەس بوونەتە قوربانی، کە ٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٤ کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون.»