سهرهتا وتار کوردستان لە داڤۆس 2026.. بونیادنانی دواڕۆژێکی ڕوون لە ناو زریان و ئاڵۆزییەکانی...
لوقمان عوسمان
کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس بۆ جارێکی دیکە بووەوە بە پلاتفۆڕمێکی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان تا لە ڕێگەی کارێزمایی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەنگی میللەتێک و تواناکانی نیشتمانێک بگەیەنێتە لووتکەی بڕیاردانی نێودەوڵەتی ، بەشداریی ئەمساڵ تەنها نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی نەبوو بەڵکو گوزارشتکردن بوو لە (دیپلۆماسییەتێکی کارا) کە تێیدا ئابووری ، ئاسایش و مافە نەتەوەییەکان ئاوێتەی یەکتر کرابوون.
1- (ماڵی کوردی): پەیامێکی سیاسی لە قاڵبێکی کولتووریدا کردنەوەی ( ماڵی کوردی) لە داڤۆس تەنها شوێنێکی کۆبوونەوە نەبوو بەڵکو پەیامێکی ڕوونی هەرێمی کوردستان بوو بۆ جیهان کە ( کوردستان وەک قەوارەیەکی سەقامگیر و خاوەن ناسنامە ئامادەی گفتوگۆ و هاوبەشییە ) ئەم ماڵە بووە وێستگەی کۆکەرەوەی سەرکردەکان و جێگەی گەرموگوڕییەکی دیپلۆماسی کە تێیدا دۆزی کورد بە شێوازێکی مۆدێرن ناسێنرا.
2- (گۆڕینی قەیران بۆ دەرفەت) : لە ئاسایشەوە بۆ وەبەرهێنان سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە تێڕوانینێکی ڕوونەوە چووە داڤۆس ئەو کوردستانەی وەک ( دەروازەیەک بۆ وەبەرهێنان) ناساند. هاوەڵیکردنی (٢٠ ) گەورە سەرمایەداری نیشتمانی نیشانەی ئەوەیە کە حکومەت دەیەوێت کەرتی تایبەت بکاتە بزوێنەری سەرەکی ئابووری لە دیدارەکاندا لەگەڵ وڵاتانی وەک بەلجیکا ، نەمسا و کوێت ، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کوردستان ژینگەیەکی لەبارە بۆ سەرمایەی بیانی بەتایبەت لە بوارەکانی وزە و کشتوکاڵ و پیشەسازیدا.
3-( لۆبییەکی بەهێز بۆ ڕۆژئاوای کوردستان) یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ئەم سەردانە خەمی نەتەوەیی سەرۆک وەزیران بوو بۆ پارچەکانی تری کوردستان لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا ، مەسرور بارزانی بووە دەنگی ڕاستەقینەی ڕۆژئاوای کوردستان ئەو داوای کرد کە مافە دەستورییەکانی کورد لە سوریای داهاتوودا بچەسپێنرێن و گەمارۆ سەربازییەکان هەڵبگیرێن ، ئەمەش سەلماندی کە هەولێر ناوەندی بڕیار و پشتیوانی هەموو کوردێکە.
4- (فراوانبوونی بازنەی دۆستایەتییە نێودەوڵەتییەکان) ئەو زنجیرە دیدارە چڕوپڕانەی لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان ئەنجامدران ئەنجامی کۆنکرێتییان لێکەوتەوە : ئازەربایجان: بڕیاری کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەولێر ، کە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوقاز. ئەرمەنستان : دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ پاراستنی کەمایەتییەکان ، کە نیشانەی پێکەوەژیانی ئایینییە لە کوردستان. وڵاتانی کەنداو: جەختکردنەوە لەسەر هاوکاری ستراتیژی لەگەڵ ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو و وڵاتی میسر.
5- (هەڵوێستی مەردانە و شکۆمەندی نەتەوەیی) داڤۆسی ٢٠٢٦ بیرهێنانەوەیەک بوو بۆ هەڵوێستە مێژووییەکانی ساڵانی ڕابردوو بایکۆتکردنی دیدارەکان لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە زیانیان بە شکۆی هەولێر گەیاندبوو بووە وانەیەکی دیپلۆماسی کە کوردستان سازش لەسەر سەروەری خۆی ناکات ئەمساڵیش مەسرور بارزانی بە هەمان شکۆوە نوێنەرایەتی گەلێکی کرد کە دەیەوێت لە ڕێگەی ئاشتی و ئابوورییەوە مافەکانی بەدەست بهێنێت. دەرئەنجام: داڤۆس ٢٠٢٦ بۆ هەرێمی کوردستان تەنها گەشتێکی دیپلۆماسی نەبوو بەڵکو وێستگەیەک بوو بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کوردستان (کارەکتەرێکی سەرەکییە) لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا پەیامی سەرۆک وەزیران ڕوون بوو: ( کوردستان دەیەوێت ببێتە بەشێک لە چارەسەری کێشە جیهانییەکان نەک تەنها بینەر ).