خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- بورهان خۆشناو، یەكێك لەو هونەرمەندانەیە لەزۆربەی بۆنە نەتەوەییەكان هەڵوێستی هەبووە و لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە داكۆكی لە گەل و خاكی كوردستان کردووە، لەم دواییەش لەسەر ئەو كارەساتەی بەسەر کوردانی ڕۆژئاوا هات، خۆشناو سروودێكی تۆماركرد، لەو بارەیەوە بە خەبات ی گوت: لەگەڵ ئەوەی دیسان لەلایەن زلهێزەكانی جیهانەوە پشت لە کورد کرا، دوژمنانی كورد لە ڕۆژئاوا ئەو دەرفەتەیان قۆزتەوە و دەستیان پیلانگێڕی كرد، بەڵام خوشك و براكانمان توانیان بە ورە پۆڵایینەکانیانەوە داستان و بەرخودانی بێ وێنە تۆمار بکەن و بەو هۆیەوە جیهانیان تووشی شۆك كرد و چۆكیان بە پیلانگێران دا.
ئێمەی هونەرمەندیش لەو بەرخودانە لەڕێگەی هونەرەوە بەشدارین و ڕووبەڕووی دوژمنان بووینەوە. وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی سروودێکم بەناوی (هاو خوێنی منە) تۆمارکرد کە لە هۆنراوەی (مامۆستا هێمنی موكریانی) و ئاوازی خۆمە، کاری میوزیکیش بۆ ئەم بەرهەمە لەلایەن ئاراس كۆیی ئەنحامدراوە، کاری دەنگیش ئاكۆ عومەر کردوویەتی، بورهان خۆشناو، ئاماژەی بەوەش کرد کە كوردستان تیڤی كاری ڤیدۆكلیپەكەی بۆ کردووە، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی دەتەوێت لەڕێی ئەم سروودەوە چ پەیامێک بنێری، لە وەڵامدا بورهان خۆشناو گوتی: لە ڕێگەی ئەم بەرهەمە نیشتمانییە دەمەوێت بڵێم نەیارانی کورد هەرچەندە لە هێرش و پیلان گێڕی دا بن بەرامبەر بە مافە ڕەواكانمان، ئێمە زیاتر یەكگرتوو دەبین و بەرخودان دەكەین دژی شەمشەمەكوێرەكانی ئازادی.
لەوەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بەوەی تا چەند گرنگە هونەرمەندانی كورد لە ڕێی هونەرەكەیانەوە داكۆكی و بەرگری بكەن؟ هونەرمەند بورهان خۆشناو گوتی: گرنگە هونەرمەندان و ئەدیبان و نووسەران لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەكانی میللەتەكەیان بن و دەنگ هەڵبڕن بە شاكاری هونەری و ئاواز و هۆنراوەی پڕ لەجۆشەوە ڕووبەڕووی دوژمنان ببنەوە. هونەرمەند بورهان خۆشناو گوتیشی: وەك هونەرمەندێك پەیامی كۆدەنگیم هەیە بۆ نێو ماڵی كورد، دەخوازم ئەو كۆدەنگییەی كوردستانیان كاریگەری هەبێت بۆ یەكگوتاریی كورد، گوتیشی: خەون و ئاواتی من هێنانەدی ئاواتی شەهیدەكانمانە، كوردستانێكی سەربەخۆ و یەك پارچەیی گەلەكەمان تەبایی و برایەتی زیاتر بێت لە نێو ماڵ كورد.