بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی، ڕۆڵێكی گەورەیان لە كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆدا بینیوە و دەشڵێ: “لە هەنگاوی داهاتوودا، لەدوای بڵاوكردنەوەی هۆشیاری، سزای دارایی هەر كەسێک دەدرێت كە شۆفێری لەسەر هێڵە سپییەكانی شەقام بكات.” 

 هەینی، 6ـی 2ـی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئەكاوتنی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسیویەتی: “كامێراکان لە دوو ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی گەورەیان گێڕا لە کەمکردنەوەی مردن و بریندار بوون، کەمکردنەوەی ڕووداو و زیانی دارایی گەورە بە هاووڵاتییان. بە شاهێدی خەڵک، شۆفێریکردن لەزەتی بۆ گەڕاوەتەوە.”

ئاماژە بە هەنگاوی داهاتووی كاری وەزارەتی ناوخۆ دەكات و دەڵێ: “هەنگاوی داهاتوو، پابەندکردنی شۆفێرانە بە لێخوڕین لە نێوان هێلەکانی سەر شەقام نەک یاریکردن بەسەر هێلەکان. بیهێننە بەرچاوتان ئەگەر هەموومان پابەند بووین و لە ڕێڕەوی خۆمان شۆفێریمان کرد، شۆفێریکردن چەند ئاسانتر و خۆشتر دەبێت، وانییە؟”

ئەوەش دەخاتە ڕوو، كە “حکوومەت پارەیەکی زۆر، کە هەر هی هاووڵاتیی خۆیەتی، لە بۆیاغ و هێڵکاری شەقامەکان خەرج دەکات، هەندێک شۆفێر بە نەزانی بێت یان بێئاگایی، هەتا دەڕوات تایەکی لەسەر هێڵە سپییەکانە، ئەمە تەمەنی بۆیاغەکە کورت دەکاتەوە و مافی شۆفێری دیکەش لەسەر شەقام پێشێل دەکات. بۆیاغ و هێڵکاری بۆ شۆفێری لە کاتی شەو، لە کاتی باران، لە کاتی تەم و ناڕوونیدا، هاوکارێکی گەورەی بینینە، بۆ نەیانپارێزین؟”

جەخت لەوەش دەكاتەوە، “لەمەودوا، سەرەتا هەڵمەتی گەورەی هۆشیاری دەست پێ دەکرێت بۆ ئەوەی هەموان زانیاریمان هەبێت لەسەر پێویستی لێخوڕین لە نێوان دوو هێڵدا و شۆفێرینەکردن بەسەر هێلەکانی سەر شەقامەکان. دواتر سزای دارایی هەر کەسێک دەدرێت کە پابەند نەبێت و شۆفێری لەسەر هێڵە سپییەکان بکات.”