سهرهتا وتار یەکهەڵوێستی؛ بناغەی سەرکەوتن و گەیشتنە بە ئامانجەکان
محەمەد ئیبراهیم شەریف
لە ماوەی مێژووی درێژی خەباتی گەلی کورددا، یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە هەمیشە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرکەوتن یان شکستی هەوڵە نیشتمانییەکان هەبووە، یەکبوون و یەک هەڵوێستی بووە. ئەم ڕاستییە لە هەر قۆناغێکدا دووبارە پشتڕاست دەکرێتەوە؛ کاتێک کورد یەکدەنگ بووە، هەنگاوی گەورەی ناوە و کاتێکیش دوورکەوتووەتەوە، زیانەکانی زۆرتر بوون.
ئێستا، لە قۆناغێکدا کە گەلی کورد ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی سیاسیی ناهەموار بووەتەوە، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە یەک هەڵوێست بێت؛ یەک هەڵوێستییەک کە لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی، مافی مرۆڤ و بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کورد داڕێژرابێت.
یەک هەڵوێستیی کورد تەنها وشەیەک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە پێویستی بە وریایی، ڕێکخستن و باوەڕی هاوبەش هەیە. ئەم یەکبوونە دەتوانێت دەنگی کورد لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بەهێز بکات و ببێتە بناغەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. ئەگەر کورد بتوانێت لە نێوان جیاوازییە سیاسی و فکرییەکاندا یەک هێڵی گشتی هەڵبژێرێت، ئەوا ئەو بناغەیە دادەنرێت کە سەرکەوتنی لەسەر بنیات دەنرێت؛ چونکە مێژوو فێری کردووین هیچ ئامانجێکی نیشتمانی بەبێ یەکبوون بەدی نایەت. بۆیە یەکبوونی کورد وەک هەنگاوێکی نیشتمانی، نەک تەنها ئارەزووە، بەڵکو پێویستییەکی مێژووییە. سەرکەوتنیش تەنها لە ڕێگەی یەک هەڵوێستییەوە دێت. ئەمە ئەو پەیامەیە کە دەبێت بە هەموو گەلی کورد بگەیەنرێت؛ چونکە مێژوو پێمان دەڵێت: کورد کاتێک سەرکەوتووە، کە یەکدەنگ بووە.