مەسرور بارزانی، دیپلۆماسیی لوتکە و نەخشەی نوێی ئارامی

150

لوقمان عوسمان گه ڵاڵی
لە نێو جەرگەی ئەو تەوژمە سیاسی و ئەمنییە توندانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، بەشداربوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی تەنها یەک جەولەی دیپلۆماسی نییە بەڵکو پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهان کە هەولێر دەیەوێت لە ڕێگەی دیالۆگی ڕاستەوخۆوە پێگەی خۆی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە چارەسەری قەیرانەکان نیشان بدات. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکی هەستیاردا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کلیلی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانە و گەیاندنی دەنگی گەلێکە کە دەیەوێت لە ڕێگەی سەکۆ فەرمییەکانەوە ناسنامەی سیاسی و ئابووری خۆی بپارێزێت و گەشەی پێ بدات ئەوەی لەم بەشداریکردنەدا ڕەنگی داوەتەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان چیتر تەنها چاودێری ڕووداوەکان نییە بەڵکوو کارەکتەرێکی کارایە لە داڕشتنی نەخشەی ئاسایش و سەقامگیریدا و دەیەوێت لە ڕێگەی ڕیفۆرمە ئابوورییەکانی ناوخۆیەوە متمانەی دۆست و دراوسێکان زیاتر بەدەست بهێنێت تا ئەم گەشەسەندنە ببێتە هەوێنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی و بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان بۆئەوەی بەرگەی گۆڕانکارییە کتوپڕەکان بگرێت. لێرەوە دەردەکەوێت کە ستراتیژی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی لە نێوان پێویستییە ئەمنییەکان و گەشەپێدانی دارایی داڕێژراوە و هەرێم وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ وەبەرهێنان وسەقامگیری دەخاتە ڕوو. گرنگی ئەم هەوڵە نێودەوڵەتییانە لەوەدایە کە هەوڵدەدرێت بەربەست و دیوارەکانی پەراوێزکردنی هەرێم بشکێنرێن و پردی پەیوەندی نوێ لەگەلان و جیهانی دەرەوەدا دروست بکرێت، بەتایبەتی لەو سەکۆیانەی کە ڕێگەخۆشکەرن بۆ ناساندنی مافەکان و تواناکانی گەلی کوردستان. ئەم جۆرە ئامادەییە نیشانەی ئەوەیە کە ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەوەی کوردستان نەک تەنها وەک ناوچەیەک و هەرێمێکی دیارکراو بوونی هەربێت؛ بەڵکو وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی سیاسیی و ئابووری و دیپلۆماتکار لە ناوچەیەکی پڕ کێشەدا بناسێنرێت؛ ئەمەش بەردەوامی دەبێت تا ئەو کاتەی دەنگی ڕەوای ئەم ئەزموونە دەگاتە هیوا و مەبەستەکانی خۆی.