سهرهتا وتار ڕەهەند و کاریگەرییەکانی بەشداری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان
فرسەت سەید شکور
بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان وڵاتی ئیمارات، جارێکی دیکە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانی لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابووری جیهان دووپات کردەوە. ئەم سەردانە و دیدارە گرنگانە، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ سەرکەوتنی دیدگای هەرێم لە بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە لە چوار خاڵدا کۆدەبنەوە:
1-گرنگی دیدارەکانی مەسرور بارزانی لە لوتکەی جیهانی حکوومەتەکان
لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، ناوەندێکی گرنگی بڕیارسازییە کە تێیدا سەرکردەکان بۆ داڕشتنی داهاتوویەکی باشتر کۆدەبنەوە. دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و سەرکردەکانی دیکەی جیهان، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ گواستنەوەی دەنگی گەلی کوردستان و ناساندنی دەرفەتەکان و تەحەددییەکانی بەردەم هەرێم. ئەم جۆرە دیدارانە کاریگەرییان لەسەر باشتر کردنی هاوبەشیی ستراتیژی لە بوارەکانی ئابووری، تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردن هەیە.
2- بەرەوپێشچوونی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا
لەژێر سایەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، دیپلۆماسیەتی هەرێم وەرچەرخانێکی جۆریی بەخۆوە بینیوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانیویەتی «دیپلۆماسیەتی چالاک» بکاتە هەوێنی کارەکانی، بە جۆرێک کە پەیوەندییەکان تەنها لە چوارچێوەی سیاسی نەهێڵێتەوە، بەڵکو پەرەی بە ڕەهەندە ئابووری و دیپلۆماسییەکان داوە. کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا، سەرۆکی سویسرا و سەرۆکوەزیرانی ئوردن، نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە بازنەی دۆستایەتییەکانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا فراوانتر بکات.
3- بایەخی سەردانەکان لە کاتێکی ناسەقامگیری ناوچەکەدا
ئەم سەردانانەی سەرۆکی حکوومەت لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت. لە ناوەڕاستی ئەم زریانە سیاسییانەدا، چوونی مەسرور بارزانی بۆ ناوەندە جیهانییەکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکان، پەیامێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەرێمی کوردستان نەک هەر بەشێک نییە لە کێشەکان، بەڵکو لایەنێکی دیپلۆماتە کە دەتوانێت لە کاتی تەنگژەکاندا وەک هاوبەشێکی جێی متمانە مامەڵە بکات.
4-هەرێمی کوردستان؛ فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم دیدارانە، جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر لە عێراق و ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. سەرکردەکانی جیهان بە بایەخەوە لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەڕوانن لە پاراستنی هاوسەنگی و پەرەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان.
ئەم سەردانانە سەلماندیان کە هەرێمی کوردستان نەک تەنها لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، بەڵکو لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییشەوە بووەتە بەشێکی کاریگەر و دانەبڕاو لە نەخشەی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
بۆ ساڵی (٢٠٢٦) لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، بە دروشمی “داڕشتنی حکوومەتەکانی داهاتوو” دەستپێکردووە و گرنگترین تەوەرەکانی بریتین لە (حکومڕانی جیهانیی و سەرکردایەتی و خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی ئابووری و دەرفەتەکان و هەروەها گۆڕانی دیموگرافی).
لە پاڵ سەرکردە سیاسییەکان (٨٠) ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەشداریان کردووە و دەیان پانێڵ لە چوارچێوەی لوتکەکە بەڕێوەدەچن.