د. نالی عه‌بدوڵڵا خدر
عەبدوڵڵا پەشێو وەک یەکێک لە کاریگەرترین دەنگەکانی شیعری نوێی کوردی، وەک شاعیری نەتەوە و دەنگی قوربانیانی بێدەنگه‌. ئەم دەقەی کە لێرەدا دەخرێتە بەر باس، تەنیا شیعرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو مانیفێستێکی سیاسی، دەروونی و مێژووییە کە گوزارشت لە قووڵایی ململانێی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دەکات. پەشێو جەستەی دیل وەک چەکێکی کوشندە لە دژی داگیرکەر بەکاردێنێته‌وه‌. ئەم شیعرە لە کات و ساتێکی مێژوویی پڕ لە ئازاردا لەدایک بووە و دوای 42 ساڵ له‌ نووسینی تاوه‌كوو ئێستاش بۆ میلله‌تی كورد ئه‌و شیعره‌ نوێیه‌، ئەو سەردەمەی کە دوژمنان پێیان وابوو بە سوتاندن، قڕکردن و جینۆساید دەتوانن کۆتایی بە بوونی نەتەوەیەک بهێنن، بەڵام پەشێو لێرەدا هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە. ئەو لە جیاتی ئەوەی پاراوێز بگرێت یان داوای ڕەحم و بەزەیی لە داگیرکەر بکات، بە زمانێکی زۆر توند و هەڕەشەئامێز ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. شاعیر لێرەدا نوێنەرایەتی ئیرادەی تۆڵه‌ دەکات کە نەک تەنیا لە کاتی ژیاندا، بەڵکو دوای مردنیش وەک سێبەرێکی ترسناک دوای داگیرکەر دەکەوێت. پەشێو لێرەدا خەریکی ڕێکخستنەوەی دەروونی تاکی کوردە. ئەو دەیەوێت بڵێ: ئێمە ئەگەر هیچمان پێ نەبێ، جەستەی خۆمانمان پێیە. ئەم شیعرە گۆڕینی ترسە بۆ بوێری، گۆڕینی مردنە بۆ سەرکەوتن. شاعیر بە داگیرکەر دەڵێ کە ئاشتی و ئارامی ئێوە گرێدراوی ئازادیی ئێمەیە، ئەگەر ئێمە ئازاد نەبین، ژیانی ئێوەش دەبێتە دۆزەخێکی ئەبەدی. ئەمە لوتکەی بەرگریی مەعنەوییە کە لە تێکستێکی ئەدەبیی بێوێنەدا کۆکراوەتەوە.

عه‌بدوڵڵا په‌شێو ده‌ڵێ:
تا چرای ئێمە نەسووتێ
ئێوە هەرگیز ڕووناکایی
نابینن بە چاوی خۆتان.
تا ئێمە دیل و کۆیلە بین
هەر کۆت و نیر،
تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!
***
قرمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
گەر بشمرین
تەنیا دیلی دەدۆرێنین،
چ هەیە لە دیلی تاڵتر؟
گەر بشمرین هەر سەرکەوتوین،
کوا لە کۆیلەی شەهید زاڵتر؟
****
قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش،
لێ ناگەڕێین
نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێ ناگەرێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ.
گەر هیچ نەبێ
ده‌بینه‌ خاڵۆزه‌ی بێستان،
زیوانی ناو ده‌غڵ و دانتان.
دەبینە لم،
دەچینە ناو پارووی نانتان.
دەبینە مار،
پەپکە دەخۆین لەناو نوێنتان.
دەبینە شێرپەنجە و میکرۆب،
گەرا دەخەین لە ناو خوێنتان.
دەبێنە کوان،
هەردەمەو لە جێیەک دەردێین.
دەبینە ژان،
لە سەد لاوە تێتان وەردێین.
ده‌بینه‌ زێرووی هه‌زارپێ،
ده‌م گیر ده‌كه‌ین له‌ گه‌رووتان.
ده‌بینه‌ تامیسكه‌ی سه‌ر لێو،
باپشكێوی سه‌ر پێڵووتان.
قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش
لێناگەڕێین نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێناگەڕێین گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ.
شایی بکەن – دەیکەین بە شین.
پرسە دانێن – کاستان دەکەین بە پێکەنین!
دەبینە لەکەی زمان و تانەی سەر چاو،
دەبینە مووی ناو خۆراک و خڵتەی ناو ئاو!
تا چرای ئێمە نەسووتێ
ئێوە هەرگیز ڕووناکایی
نابینن بە چاوی خۆتان.
تا ئێمە هەر دیل و کۆیلە بین
هەر کۆت و نیر،
تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان!
(عه‌بدوڵڵا په‌شێو، هه‌سپم هه‌وره‌، ل91)
ئای له‌و قسه و گۆته‌ی ئه‌و بیرمه‌نده‌ی كه ده‌ڵێ: ئه‌و گه‌له‌ی گه‌لێكی تر ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ خۆی ناحه‌سێته‌وه‌. ئەم شیعرەی عەبدوڵڵا پەشێو، لەسەر بنەمای پارادۆکسی هێز بنیات نراوە. شاعیر لەم دەقەدا چەندین لایەنی نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی و سۆسیۆلۆژی لە قاڵبێکی شیعریی سوریالیدا کۆکردووەتەوە. (كه‌س شیعری سوریالی بۆ دیكتاتۆر ناڵێت، ده‌سه‌ڵاتدار له‌ شیعری سوریالی تێناگات)(حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، ل181). په‌شێو له‌م شیعره‌ ده‌رچووه‌ له‌ واقیع و هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌م ئه‌مجاره‌ سوریالییه‌، به‌ڵێ سوریالی سه‌روو واقیع، په‌شێو شیعره‌كه‌ی ده‌هۆنێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ واقیع یه‌كانگیر نابێ وه‌لێ بڕوای به‌ دۆزه‌كه‌ی هه‌یه‌.
لە سەرەتای شیعرەکەدا، پەشێو هاوکێشەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دەخاتە ڕوو: تا چرای ئێمە نەسووتێ، ئێوە هەرگیز ڕوناکایی نابینن. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زوڵم و ستەم، تەنیا یەک لایەن ناناسێت. داگیرکەر کە مافی نەتەوەیەک دەخوات، خۆشی لە ئارامی بێبەش دەکات. لێرەدا چرا هێمایە بۆ ماف و شوناس. کاتێک داگیرکەر دەبێتە هۆی کوژانەوەی چرای ژیانی کورد، خۆشی لە تاریکیی ترس و دڵەڕاوکێدا دەمێنێتەوە. شاعیر دەڵێ کە کۆیلایەتیی ئێمە، زنجیرێکە کە ملی داگیرکەریشی پێوە بەستراوە، چونکە ستەمکار دەبێت هەمیشە پاسەوانی دیلەکەی بێت، ئەمەش خۆی جۆرێکە لە دیلی.
یەکێک لە شاکارە ماناییەکانی ئەم دەقە، گوزارشتی (تەنیا دیلی دەدۆڕێنین)ـە. پەشێو لێرەدا مانا باوەکانی شکستی سەربازی هەڵدەوەشێنێتەوە. بۆ گەلێکی چەوساوە، مردن لە پێناو ئازادیدا دۆڕان نییە، بەڵکو تەنها ڕزگاربوونە لە کۆت و زنجیر. شاعیر پرسیارێکی قووڵ دەکات: کوا لە کۆیلەی شەهید زاڵتر؟ مرۆڤێک کە ئامادە بێت گیانی ببەخشێت، ئیتر هیچ هێزێکی فیزیکی ناتوانێت بیترسێنێت. ئەمە گەیشتنە بە لوتکەی ئیرادە کە تێیدا مردن دەبێتە ئامرازێکی سەرکەوتن.
لە نیوەی دووەمی شیعرەکەدا، پەشێو وێنەیەکی سوریالی و تۆقێنەر بۆ بەرگری دەکێشێت. ئەو باس لەوە دەکات کە دوای مردنی جەستەیی، ڕۆحی شەهید و جەستەی قوربانی دەگۆڕێن بۆ توخمە وردەکان و دەچنە ناو ژیانی ڕۆژانەی داگیرکەرەوە. وێنەکانی وەک (لم لە ناو نان، مار لە ناو نوێن، شێرپەنجە و میکرۆب لە ناو خوێن) گوزارشتن لە بەرگرییەکی ئەبەدی. لێرەدا شاعیر دەڵێ: ئەگەر خاکی ئێمە داگیر بکەن و بمانکوژن، ئێمە دەبینە ژان و ئازار لە ناو جەستەی ئێوەدا. ئەمە گەیشتنە بە قۆناغێک کە داگیرکەر هیچ شوێنێک شک نابات بۆ حەسانەوە، نانی دەبێتە لم، خەوی دەبێتە مار و تەندروستیی دەبێتە میکرۆب. ئەمە وێنەیەکە کە نەتەوەی زیندوو هەرگیز هەزم ناکرێت.
پەشێو وشەی زۆر ساکاری وەک (موو، خڵتە، پێکەنین، شین) بەکاردێنێت، بەڵام بە شێوەیەک دایاندەڕێژێت کە زۆرترین واتا هەڵبگرن. دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی (قوڕتان بە سەر!) وەک گەوجاندن و سوکایەتییەک بە هێزی سەربازیی داگیرکەر دێت. شاعیر دەیەوێت بڵێ کە سوپا و تانک و تۆپەکانتان بەرامبەر بە موویەک لە ناو نان یان لەکەیەک لەسەر زمان بێدەسەڵاتن. ئەمە نیشانەی تێکشکانی هەیبەتی داگیرکەرە لە بەرامبەر بەرگریی ورد و بەردەوامدا.
شیعرەکە بە هەمان ئەو کۆپڵەیە کۆتایی دێت کە دەستی پێکردبوو. ئەم شێوازە (شێوازی بازنەیی) ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم ململانێیە هەرگیز کۆتایی نایەت تا ئەو کاتەی مافەکان نەگەڕێنەوە. پەشێو لەم دەقەدا شیعرییه‌ی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ کە ئەدەبیات دەتوانێت ببێتە گەورەترین چەکی بەرگری و تاکی کورد فێری ئەوە دەکات کە تەنانەت لە بێهێزترین دۆخدا کە مردنە، هێشتا دەتوانێت ببێتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر دوژمنەکەی. ئەم شیعرە وێنەی نەتەوەیەکە کە ئامادەیە ببێتە خۆڵ و لم، بەڵام نەبێتە بەشێک لە ماڵی داگیرکەر.
سه‌رچاوه‌كان:
• عەبدوڵڵا پەشێو، هەسپم هەورە و ركێفم چیا، شیعر، چاپی سێیەم، كوردستان- هەولێر، 2008.
• حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، به‌ كوردییه‌كی پوخت و پاراو، بڵاوكراوه‌ی ئه‌كادیمیای كوردی، چاپخانه‌ ده‌زگای فام/ هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2024.