سهرهتا وتار کاریگەریی سەرۆک بارزانی لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد
محهمهد ساڵح سرێشمەیی
پێشەوا (مرجع) کێیە؟
لە کورتترین پێناسەیدا: سەرچاوەی بڕیار و پشتیوانی تاکەکانی کۆمەڵگایەکەیەتی یان ئەو کەسایەتییەیە کە لە کاتی ئاریشەدا دەبێتە فریادڕەس و خەم خۆری هاونیشتمانیانی.
هەروەها لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلاندا، تەنیا بە واتای سەرکردەیەکی سیاسی نایەت، بەڵکو گوزارشتە لە رەمزێکی باڵا کە لە کاتی تەنگانە و وەرچەرخانە مێژووییەکاندا دەبێتە چەق و بڕیاردەری کۆتایی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە.
پاساودانی شایستەیی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ مەرجەعی ههرچوار پارچەی کوردستان:
1- لایەنی مێژوویی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی:
سەرۆک بارزانی هەڵگری میراتێکی شۆڕشگێڕییە کە لە شێخانی بارزان، لە عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا بارزانییەوە بۆی ماوەتەوە. ئەو لەناو جەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا گەورە بووە. ئەم پاشخانە دەڵەمەندە مێژووییە، وایکردووە شەرعیەتی ئەو لە سەرووی شەرعیەتە رۆتین ئاساکانی تری وەک سندوقی هەڵبژاردنەوە بێت و شەرعیەتێکی مێژوویی و نەتەوەیی بێت کە هەموو کوردێک وەک “کوڕی شۆڕش” سەیری دەکات.
2- توانای دیپلۆماسی و پێگەی جیهانی:
سەرۆک بارزانی بە زمانێکی دیپلۆماسی دەدوێت و سیاسەت دەکات، کە لە یەک کاتدا هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییە دژ بە یەکەکانی هێزە ئیقلیمی و جیهانییەکان رادەگرێت.
مامەڵەکردنی ناوەندە بڕیار بە دەستەکانی وەک واشنتن، مۆسکۆ، ئەوروپا و پایتەختە هەرێمایەتییەکان لەگەڵ بارزانیدا، مامەڵەیەکی دەوڵەتدارانەیە. ئەو وەک نوێنەری نەتەوەیەک دەبینرێت نەک تەنیا وەک سەرۆکی پارتێک، ئەمەش پێگەی پێشەوایی ئەوی تەنیا لەناو کورد دا قەتیس نەکردووە، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک “کلیلی سەقامگیری” و ژمارەیەکی باڵای ناوچە دەبینرێ.
3- رۆڵی سەرۆک لە ناوخۆ و سیستەمی هەرێمایەتی:
لە ناوخۆدا، بارزانی هەمیشە وەک چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکان، لە ژێر ئەو راستییەی کە زۆر جار ماف و شایستە حزبی و کەسیەکانی وەلاناوە لە پێناو سازان و هاوبەشی و کۆکردنەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانی کوردستان.
لە ئاستی هەرێمایەتیشدا، توانیویەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێوە بکاتە ناوەندێکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و دیپلۆماسی. ئەمە وای کردووە کە وڵاتانی دراوسێ، سەرەڕای هەموو تێبینییەکانیان، بارزانی وەک لایەنێکی متمانەپێکراو ببینن و بۆ هەموو باردۆخی ئاشتیانەو بە کلیلی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانی بزانن.
4- گواستنەوەی ئەزموونی هەرێم بۆ پارچەکانی تر:
سەرۆک بارزانی پێی وایە هەر پارچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام “مۆدێلی هەرێم” وەک قەوارەیەکی دەستووری، باشترین نموونەیە کە کورد بتوانێت لە پارچەکانی تریش سوود لە ئەزموونەکەی ببینن، ئەو وەک مەرجەع، پشتگیری واتایی ( معنوی)و سیاسی و مرۆیی بۆ کوردانی رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵاتی دابین کردووە، هەروەها وەک راوێژکار و پشتیوانێکی گەورەیان نمایشی بیرکردنەوە نەتەوەییەکانی کردووە.
5- شەرعیەتی جەماوەری:
بەشێکی گەورەی خەڵک و لایەنەکان متمانەیان پێی هەیە و لە کاتی قەیرانەکاندا چاویان لە بڕیاری ئەوە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە بارزانی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی داوای کوردانی ستەم لێکراو لە هەر چوار پارچەدا.
6- خاوەنداریەتی لە پڕۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی:
خاوەنی دیدگایەکی روونە بۆ داهاتوو و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەی، بە هەموو شێوەیەک پێداگیری مافەکانی خەڵکی هەر چوارپارچەیە و هەر دید و پەیام و هەڵوەستەیەک کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات، ئەو پشتگیری دەکات و بە پیرییەوە دەچێت.
7- پاساودانی پێشەوایی بە هۆکاری خاوەنداریەتی و خۆبەخاوەنزانی پارچەکانی تری کوردستان:
(رۆژئاوا بەنموونە)، ئەم خاڵە وەک نموونەیەکی زیندووی پێشەوایەتی بارزانی دەردەکەوێت. لە کاتێکدا سووریا بەدەست شەڕی ناوخۆ، گرووپە تیرۆریستییەکان و کێشەی شەرعیەتی حکوومەتی ناوەندییەوە دەیناڵاند، سەرۆک بارزانی رۆڵی باوکی نەتەوەیی کوردی لە رۆژئاوا گێڕا و ئەو هەڵوێستە بەرزانەی خوارەوەی نیشاندا وەک خەمخۆر و پێشەوای گەلی کورد:
– رێککەوتننامەکانی هەولێر و دهۆک: بارزانی هەوڵی دا لایەنە کوردییەکانی سووریا (نەیار و تەبا) کۆ بکاتەوە تاوەکو گوتارێکی یەکگرتوویان هەبێت بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیمەشق.
– بەرگری لە کۆبانێ: ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بە بڕیاری سەرۆک بارزانی، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە تێیدا (پێشەوایی) مەرجەعیەت سنوورە دەستکردەکانی شکاند و سەلماندی کە پاراستنی هەر بستێکی کوردستان ئەرکی پێشەوا(مەرجەعە).
– پاراستنی هاوسەنگی: لە کاتێکدا هەندێک لایەن دەیانەوێت کورد لە سووریا بخەنە ناو ململانێی تائیفی یان تیرۆریستی، بارزانی جەخت لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد و بەدەستهێنانی مافەکان لە چوارچێوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە، هەوڵ دەدات کوردەکانی سوریا وەک خاوەن دۆزێکی رەوای نێوخۆیی و نێو دەوڵەتی پێناس بکات.
– بەرگری ماددی و واتایی لەو بەشەی کوردستان، ئەمەش بە هەوڵدان و لۆبی کردنی بێ پسانەوە، بە تایبەت لە قۆناغی راگوزەری ئێسای ڕۆژئاوادا.
– هەروەها کاریگەریدانان لەسەر سەرانی حکوومەتی کاتی ئێستای سووری و پەیوەندی بەردەوام، لە پێناو دەستەبەری مافەکانی کوردی ئەو پارچەیەی کوردستان.
– پەیوەندی گرتن لەگەڵ سیاسەتوان و بڕیار بەدەستانی جیهان و تەکەزکردنەوە لە زامنی مافی کوردانی رۆژئاوا، چ لە هەولێر یان سەردان و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵیان.
– خستنەگەڕ و هاندانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، بۆ خزمەتی کوردانی رۆژئاوا، چ ماددی بێت یان مەعنەوی.
– خستنەگەڕ و هاندانی هێزی نەرمی میدیایی و کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانی لە هەر چوار پارچەدا، بە ئامانجی ناساندن و خستنە بەر باسی پێشێککارییە سیاسی و یاساییەکانی حکوومەتی سووریا دەرهەق بە کورد لە رۆژئاوای کوردستان.
8- بارزانی و بیری داکۆکیکاری نەتەوەیی:
سەرۆک مسعوود بارزانی هەڵگری بیری ڕاستڕەوی نەتەوەیی و نوێنەری ڕاستەقینەی خەباتی کلاسیکی کوردە، لە لایەکی تر ئەندازیاری ڕاپرسی و سەرکێشی ڕەوتی ڕیفراندۆمچیەکانە، هەروەها لە لایەن دوژمن و نەیارانی کوردیش هەمووکات پەنجەی جوداخوازی و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی بۆ درێژ دەکرێت، بۆیە هەر کوردێکی بیربارگاو بە ئازادی و سەربەستی و سەرفرازی و نیشتیمان پەروەر هاوسۆزی هەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانیتی لە هەر کونجێکی ئەم جیهانە بێت.
9- بارزانی وەک سیمبولی نەتەوەیی:
بۆ زۆرێک لە کوردانی هەر چوار پارچە، ناوی “بارزانی” تەنها ناوێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە مێژووی شۆڕش و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی. هەڵکردنی پرۆتۆلۆلی ئاڵای کوردستان لە کاتی پێشوازییە فەرمییەکاندا لە وڵاتانی تر، هەستێکی مەعنەوی بە هێز دەداتە کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، کە کورد خاوەن قەوارە و کیانێکی خاوەن شکۆی سیاسی و یاسایی نێودەوڵەتییە.
10- جیۆپۆلۆتیک و هێزی پێشمەرگە:
لە ڕووی جوگرافییەوە، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە دڵ و چەقی هەر چوار پارچەوە، ئەمە وای کردووە ببێتە پەناگەی ئارام لە هەموو قەیرانەکاندا (وەک شەڕی ناوخۆی سووریا بۆ ڕۆژئاوا، یان گوشارەکانی دەوروبەر)، هەرێم وەک “ڕووگە و پەناگە” دەرگای بۆ براکانی کردووەتەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین:
پێشەوایی (مەرجەعیەت)ی سەرۆک مەسعود بارزانی تەنیا نازناوێکی فەرمی نییە، بەڵکو پێگەیەکی ڕۆحی و سیاسییە کە لە ئەنجامی ڕاستگۆیی لەگەڵ دۆزی نەتەوەیی و لێهاتوویی لە بەڕێوەبردنی تەنگژەکاندا هاتووەتە ئاراوە. لە سووریای ئەمڕۆدا کە تەمومژێکی سیاسی باڵی کێشاوە، تەنها ڕوانگەی مەرجەعیەتی بارزانی دەتوانێت کورد لە مەترسییەکانی تیرۆر و یارییە ئیقلیمییەکان بپارێزێت و بەرەو کەناری ئارامیان ببات، وەک چۆن لە باشووری کوردستان ئەمەی ئەنجامدا.
بارزانی ئێستا نەک تەنیا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵکو بۆ زۆرینەی تاکی کورد لە هەر چوار پارچە و سەرخەم خەڵکی کوردستان بە هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانیەوە، وەک پارێزەری شکۆیاند دەبینرێت. هەرێمی کوردستانیش بەهۆی تایبەتمەندی یاسایی و جیۆپۆلۆتیک و هەبوونی بارزانی و پێکەوەژیانی خەڵکی کوردستان لە ژێر چەتری بارزانیدا، جۆرێک لە “هیوا و ئارامی”یان بۆ هەموو لایەک دروست کردووە. بۆیە لە کاتە هەستیارەکاندا، هەموو چاوەکان دەچنەوە سەر هەولێر، چونکە دەزانن ئەگەر ئەم قەوارە(دەستورییە)بەهێز بێت، کورد لە هەموو شوێنێک پشتی بەهێزە و خەڵکی هەرێمی کوردستنیش بەهێزن. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هەرێم بووەتە “دڵی زیندوو”ی کورد و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانییەوە.