ئینتیمای نیشتمانی لە بوژانەوەدایە

204

په‌رژین جه‌عفه‌ر حاجی
لە زانستی کۆمەڵناسی و کۆمەڵناسیی سیاسیدا، ئینتیمای نەتەوەیی وەک چەمکێکی گرنگ، ئاماژەیە بۆ پەیوەستبوونێکی ڕۆحی و کەلتووری. لەلایەی دیکەوە زمان، خاک، مێژوو و کەلتوور بنەما هەرە بەرچاوەکانی ئینتیمای هاوبەشی نەتەوەیین و دەبنە هاوبەشییەکی کاریگەر لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەیەکدا؛ کە لە ئەنجامدا یەک ئاراستەیی کۆمەڵایەتی، پارێزگاری لە نەتەوە و گەشەپێدانی دەبێتە خاڵی هاوبەشی نێوان تاکەکان.

بەهۆی گوشاری هەمیشەییی داگیرکەران بەسەر کورددا؛ هەمیشە ئینتیمای نەتەوەیی هەڵسوڕێنەری یەکەمی شۆڕش و مانەوە و بەرگری بووە. نەوە دوای نەوە ئەم ئینتیمایە نوێ بووەتەوە و بە نەوەکانی دیکە ناسێندراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بارودۆخی جیاواز، ئینتیمای نەتەوەیی لای تاکی کوردی گەیاندووەتە ئاستی بەرز و نزم؛ زۆر جاریش زەنگی مەترسیدار لێدراوە کە گوایە هەستی نەتەوەیی و دڵسۆزی بۆ خاک کەم بووەتەوە و تەنیا هێزە چەکدارەکان یان لایەنە سیاسییەکان پەیوەستن بەم ئینتیمایەوە.

تێکەڵبوونی کەلتوورەکان بەهۆی جیهانگیری، تێکشکاندنی سنوورەکانی پەیوەندی، گۆڕینەوەی فەرهەنگەکان و بەرەوپێشچوونی زانست و تەکنەلۆژیا، وای کردبوو بگوترێت: ئینتیمای نەتەوەیی لای تاکی کورد لە سنووری مەترسی تێپەڕیوە و لە بن هێڵی سوورە و هیچ دۆخێک ناتوانێت ئەم ئینتیمایە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕش و شاخ! لە ڕاستیدا ئەگەر ئەو لاوازییە درێژەی بکێشایە، مەترسیدار دەبوو؛ پەیوەندییە ڕۆحییەکان لە نێوان تاک، نەتەوە و خاک دەپچڕان و دۆزی نەتەوەیی دەکەوتە ژێر دەستی نەیاران و داگیرکەران، کە ئەوان وەک شەڕێکی دەروونی درێغییان نەکردووە لە هەوڵەکانیان بۆ لاوازکردن و نەهێشتنی ئینتیمای نەتەوەیی، جگە لە ڕووداوە سیاسییەکان، ڕۆڵی سەرکردەی سیاسی لە بوژانەوە و جووڵاندنی ئینتیمای نەتەوەییدا خاڵێکی بەرچاوە؛ بەتایبەتی ئەو سەرکردایەتییەی هەڵقوڵاوی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەری بێت و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵ میللەتدا بێت. پێچەوانەکەیشی ڕاستە، ئەگەر سەرکردەکان تەنیا سەرقاڵی بەرژەوەندیی تەسک بن، ئینتیما بۆ نەتەوە دەکەوێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.

لە ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستاندا، کاتێک سەرۆک مەسعود بارزانی بە بەرپرسیاریەتیی نەتەوەییەوە ڕووبەڕووی پیلانگێڕییەکان بووەوە، دەنگێکی فراوانی جەماوەری لە سەرتاسەری کوردستان بەرز بووەوە. ئەمە یەکگرتووییەکی گەورەی نەتەوەیی دروست کرد بۆ بەرگری لە مافەکانی کورد لە سووریا. ئەم بەدەنگەوەهاتنە لە ئەوروپا و کوردستان، ئەو دەنگە ناشازانەی ڕەت کردەوە کە دەیانگوت ئینتیمای نەتەوەیی لە نێو گەنجانی کورددا لاواز بووە.

وەک بینرا، گەورە و بچووک، بەبێ جیاوازیی ئایدیۆلۆژی و حزبی، ڕژانە سەر شەقام و بە ئاڵای کوردستان و دروشمی نەتەوەییەوە، پەیامی مانەوەیان بە گوێی جیهاندا چرپاند. ئەمە تەنیا بۆ پاراستنی کیانی ڕۆژئاوا نەبوو، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی نەتەوەیی بوو؛ مانۆڕێک بوو کە ئینتیمای حزبی تێپەڕاند و جیاوازییەکانی نەکردە بەربەست لەبەردەم هاوخەباتی و بەدەنگەوەچووندا، ئەگەر لەم دۆخەوە وانەیەک وەربگیرێت، ئەوەیە کە ڕوو لە ئاشتی و پێکەوەژیان بکرێت و لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە ئینتیمای نیشتمانی بکرێت. وەک “گاندی” ڕێبەری هیندستان دەیگوت: “نامەوێت چوار دەوری ماڵەکەم دیواربەند بکەم و پەنجەرەکانم داخەم، دەمەوێت کەلتووری هەموو نەتەوەکان بە ئازادی لە ماڵەکەمدا ببینم، بەڵام ڕێگە نادەم هیچ کامیان لەسەر پێی خۆم هەڵمبکەنێت.” ئێستا جیهان لەبەردەم داگیرکاریی نوێی تەکنەلۆژیا و لاوازکردنی ئینتیمادایە. بۆ کورد؛ وتەکەی گاندی وانەیە؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی و هەستکردن بە پیرۆزییەکان پێمان دەڵێت: “نەوەکانی ئەم سەردەمە لەسەر ڕێچکەی باوباپیران دەمێننەوە ئەگەر بتوانین مامەڵەیەکی دروستیان لەگەڵدا بکەین”.