نازم ڕەشید ستوونی*
ئاگری خۆشەویستیی ئەم نیشتمانە (کوردستان)، هەزاران ساڵە لە ناو دڵی تاک بە تاکی ئەم گەلەدا کڵپەی گرتووە و هەرگیز ناکوژێتەوە. خۆشەویستیی ئەم وڵاتە، خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیدانی باو و باپیرانمانمان بیر دەخاتەوە. ئەم خاکە بۆ دوژمنانمان تەنیا کاڵایەکە! بەڵام بۆ ئێمەی کورد، خاکێکی پیرۆزە کە هەزاران ساڵە لەپێناو مانەوەمان بۆی دەجەنگین، بەرگری لەم خاکە تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە شوێنێکی جوان و دڵگیرە، بەڵکو ئەم خاکە بەشێکە لە هەبوون و نەبوونی ئێمەی کورد. مرۆڤ زادەی نیشتمانی خۆیەتی؛ لەگەڵ لەدایکبوونماندا وڵات بووەتە هیوای ژیانمان و بەرگریکردن لێی ئەرکێکی پیرۆزە. بۆیە ئێستا گەلی کورد ئامادەی قوربانیدانە بۆ پاراستنی نیشتمانەکەی و ئامادەیە بست بە بستی بە خوێن بپارێزێت.
هەڕەشە هەموو کاتێک لەو دیو سنوورەکانەوە دەست پێ ناکات، هەندێک جار لە ناو چوارچێوەی سنوورەکانەوە سەر هەڵدەدات. لێکدانەوەی درەنگ بۆ ڕووداوەکان، یان پەلەکردن لە وەڵامدانەوە و بێدەنگی لە ئاست هەندێک ڕووداودا، زەمینەخۆشکەرن بۆ لەناوچوون و شکست. ئەو گەلانەی کە پەلە دەکەن لە شەڕکردندا پێش ئەوەی بەرنامەیەکی تۆکمە دابنێن، دەبنە قوربانیی غوروور و هەڵپەی بێ بەرنامە. ئەوانەشی کە تەنیا تەماشا دەکەن و گومان لە بەرگریی خۆیان دەکەن، پێش ئەوەی بچنە ناو جەنگەکەوە، شکست دەهێنن.
ئێستا کە لە هەموو لایەکەوە دوژمنمان هەیە و بەردەوام هێرشمان دەکرێتە سەر؛ چ شەڕی دەروونی و ڕاگەیاندن بێت، یان جەنگ بۆ لەناوبردنمان، کاتی ئەوەیە پرسیار لە خۆمان بکەین: بۆچی یەکگرتوو نین؟ بۆچی هەوڵی یەکبوونی ئیرادەی گەلی خۆمان نادەین تا بە یەکگرتوویی بەرگری بکەین؟ بەڵام لە کاتی تەنگانە و لێقەوماندا، پێویستە دەمودەست بێ پرس هەموومان یەکدەست و یەکدەنگ دژی هێرشبەران و داگیرکەران بوەستین و بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە خاک و شکۆمەندیی گەلەکەمان بکەین.
لە ڕووی سیاسییشەوە، پێویستە بڕوا و متمانەمان بەو ڕێبەر و سەرکردە نیشتمانپەروەرانە هەبێت کە لە درێژەی ژیان و خەباتی خۆیان و بنەماڵەکەیاندا، سڵیان لە دۆزی پیرۆزی کورد نەکردووەتەوە. هەروەک لە ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستاندا بینیمان، هەر لە دەستپێکی ڕووداوەکانەوە چۆن سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، مادی و مەعنەوییەوە؛ دڵسۆزانە بەدەم ڕووداوەکانەوە چوو؛ لەپێناو پاراستنی خەڵکی سڤیلی ڕۆژاوا و چارەسەرکردنی کێشەکە لە چوارچێوەیەکی سیاسیی ئاشتییانەدا کە تێیدا مافی کوردانی ڕۆژاوا مسۆگەر بێت. هەڵبەت هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک، ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدەی لێکەوتەوە کە دەکرێت ببێتە بنەما و دەسپێکێکی باش بۆ چارەسەری ئەم قەیرانەی ڕۆژاوای کوردستان.
* پارێزەری ڕاوێژکار.