زیوفرۆش بیلال ئیبراهیم
زیوفرۆش بیلال ئیبراهیم: خەڵکێکی زۆر بەهۆی نهشارەزاییەوە پارەیەکی زۆریان لە زیودا دۆڕاند
خەبات: تریفە ئازاد:- ماوەیەکە نرخی زیو هاوشانی زێڕ، لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژانەش لە بۆرسە جیهانییەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. لە هەرێمی کوردستان، خواستێکی یەکجار زۆر لەسەر کڕینی زیو دروست بووە؛ هەندێک کەس پێش گرانبوونی کڕیویانە و قازانجێکی باشیان کردووە، بەڵام بەشێکی زۆریش لەگەڵ لوتکەی بەرزبوونەوەی نرخدا کڕیویانە و بەهۆی ناجێگیریی نرخەوە تووشی زیانێکی گەورە بوون، بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتە، ڕۆژنامەی «خەبات» دیدارێکی لەگەڵ بیلال ئیبراهیم خۆشناو ساز کرد، کە ماوەی دە ساڵە لە بواری کڕین و فرۆشتنی زیودا کار دەکات و شارەزاییەکی باشی هەیە. لەم دیدارەدا، ناوبراو باس لە هۆکارەکانی گۆڕانکاریی نرخ، جۆرەکانی زیو و ئایندەی ئەم کانزایە دەکات.
* تا ماوەیەکی نزیک، تەنیا زێڕ وەک کانزایەکی گرانبەها باسی لێوە دەکرا و مامەڵەی پێوە دەکرا. چی بوو وای کرد لەناکاو زیویش ببێتە جێی سەرنج و خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کڕینی بکات؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیپێدانی چڕی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، چ لە ناوخۆی هەرێم و چ لە دەرەوە. ئێمە وەک زیوفرۆش کە ساڵانێکی زۆرە لەناو ئەم کارەداین، دەمێکە کاری قاڵبی زیو دەکەین. بەکارهێنانی زیو وەک خشڵ، بەتایبەتی بۆ ئەڵقەی پیاوان لە کاتی هاوسەرگیریدا، شتێکی باو بووە و مێژوویەکی کۆنی هەیە. هەروەها ژمارەیەک لە ئافرەتانیش کە ئارەزووی زێڕیان نەکردووە، زیویان بەکارهێناوە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر.
لە مانگەکانی کۆتاییی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ، زیو بووە بابەتێکی ‹ترێند› و زۆرترین باسی لێوە کرا. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ئەوە بوو کە نرخی یەک ئۆنسە لە ٣٨ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٦٥ تا ٧٥ دۆلار بەرز بووەوە. ئەم هەڵکشان و داکشانە خێرایەی لە بۆرسە جیهانییەکاندا، وای کرد خەڵک بە مەبەستی قازانج و بازرگانی، ڕوو لە کڕینی بکات.
* ئایا ئەم بڕە زۆرەی زیو کە لەم ماوەیەدا مامەڵەی پێوە کرا، پێشتر لە بازاڕەکاندا هەبوو، یان تازە هاوردە کراوە؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: نەخێر، بە هیچ جۆرێک ئەم ڕێژە زۆرە پێشتر نەبووە. لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆ تا ٨٠٠ کیلۆ، تەنانەت هەندێک ڕۆژ دەگەیشتە یەک تەن زیو هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا، چ بۆ هەولێر و چ بۆ سلێمانی. پێشتر ئەمە هەرگیز ڕووی نەداوە. ڕاستە لە مانگەکانی ١١ و ١٢ی ساڵی پاردا هاوردەکردن هەبوو، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر. لەبەر ئەوەی خواستێکی لەڕادەبەدەر لەسەر زیو دروست بوو، بەتایبەت لەلایەن کڕیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق (بەغدا، بەسرە، موسڵ) کە دەهاتنە هەولێر و سلێمانی بۆ کڕینی، بازرگانانیش ناچار بوون بڕێکی زیاتر هاوردە بکەن.
* جۆر، عەیار، نرخ و شێوازی پێوانەکردنی زیو چۆنە؟ ئایا هاوشێوەی زێڕە؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: بەڵێ، زیویش عەیاری هەیە. ئەو قاڵبانەی زیو کە لە بازاڕەکانی جیهان و کوردستانیشدا مامەڵەیان پێوە دەکرێت، زیوی خاو و پوختن و عەیارەکانیان (٩٩٩) یان (٩٩٩.٩)ـە. بەڵام ئەو زیوەی وەک خشڵ بەکاردەهێنرێت، عەیاری (٩٢٥)ـە، چونکە زیو ماددەیەکی نەرمە و پێویستە ڕێژەیەک مس یان کانزایەکی دیکەی تێکەڵ بکرێت بۆ ئەوەی ڕەق بێت و شێوەی خۆی بپارێزێت.
* ئەو زیوەی لە کوردستان مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە چ وڵاتێکەوە هاوردە دەکرێت؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: پێشتر زۆرترین زیوی قاڵب لە تورکیاوە هاوردە دەکرا و ئیمارات لە پلەی دووەمدا بوو. بەڵام ئێستا بەهۆی زۆریی خواستەوە، ئیمارات پلەی یەکەمی گرتووە و تورکیا لە پلەی دووەمدایە. ڕێژەیەکی زۆر کەمیش، کە لە ١٪ بۆ ٢٪ تێناپەڕێت، مارکەی سویسرییە و نرخەکەشی بەرزترە.
* بەهای زیو لە ئێستادا چەندە و پێشبینیی ئێوە بۆ داهاتووی چییە؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەکی زیو نزیکەی ٧٨ دۆلارە (هەر ئۆنسەیەک ٣١.١ گرامە)، کە ئەمە پێوانەی ستانداردی جیهانییە. پێشبینیکردن بۆ نرخی کانزاکان کارێکی قورسە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە ماوەی درێژخایەندا، بەهاکەیان بەرز دەبێتەوە. هەرچەندە ئێستا نرخەکەی بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو دابەزیوە، بەڵام بەپێی قسەی شارەزایانی ئابووری و بانکە گەورەکانی جیهان، پێشبینیی ئەرێنی بۆ بەهای زێڕ و زیو هەیە. وەک بۆچوونی خۆم، پێم وایە لەم ماوەیەدا نرخەکەی کەمێک دادەبەزێت و دواتر جارێکی دیکە بەرز دەبێتەوە، بەڵام دواجار ئەمە تەنیا پێشبینییە.
* دەگوترێت خەڵکێکی زۆر زیانیان کردووە. قەبارەی ئەو زیانانە بە چەند دەخەمڵێنرێت؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: بەڵێ، بەداخەوە خەڵکێکی زۆر زۆر کەوتنە بەر لێشاوی کڕین و زیویان بە نرخێکی یەکجار گران کڕی. لەبەر ئەوەی خواست لە بازاڕدا زۆر بوو و بڕی زیوی بەردەست کەم بوو، ناچار بوون پارەیەکی زیاتر لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی بدەن. لەناکاو لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا، بۆرسە جیهانییەکان داتەپین و نرخەکان ڕوو لە دابەزین بوون. نەبوونی زانیاری و لێکۆڵینەوەی پێشوەختە وای کرد خەڵکێکی زۆر زیان بکەن. هیچ ئامارێکی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئەوەی لە میدیاکانەوە بینمان، بەتایبەت لە هەولێر و سلێمانی، زیانەکان زۆر گەورە بوون.
* ئایا هێشتا لە کوردستان خەڵک هەن زیو وەک خشڵ بەکاربهێنن؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: بێگومان. من کە دە ساڵە ئەم کارە دەکەم، دەتوانم بڵێم خەڵکێکی زۆر ئارەزووی زیو دەکەن و وەک خشڵ بەکاریدەهێنن. کڕیاری تایبەت بە خۆمان هەیە، بەتایبەت ئافرەتان کە حەزیان لە ملوانکەی زیوە و پیاوانیش کە ئارەزووی تەسبیح و ئەنگوستیلەی زیو دەکەن. لەم ساڵانەی دواییدا بەکارهێنانی زیو وەک خشڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووە، هەرچەندە بێگومان زێڕ هەمیشە برا گەورەکەیە و زیاتر لەلایەن ئافرەتانەوە بەکارهێنراوە.
* ئایا بەرزبوونەوەی خواست لەسەر زیو، دەرئەنجامی پڕوپاگەندەی میدیایی بوو؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: بەشێکی بەڵێ. ڕەواجپێدان بە کڕین و فرۆشتنی کانزاکان لە ڕێگەی میدیاوە شتێکە لە هەموو جیهاندا هەیە. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئێمە چوار بۆ شەش مانگ لەمەوبەر لە سۆشیال میدیاوە ئاماژەمان بەوە دا کە نرخی زیو هەرزانە و دەرفەتێکی باشە بۆ وەبەرهێنان. ئەوانەی ئەو کاتە بە نرخی ١٢ بۆ ١٨ وەرەقە (بۆ هەر کیلۆیەک) کڕیویانە، تەنانەت ئەگەر ئێستاش نرخەکەی دابەزێت، هێشتا لە قازانجدان. بەڵام ئەو کەسانەی لە کاتی لوتکەی گرانیدا کڕیویانە، بەدڵنیاییەوە ئێستا لە زیاندان.
* ئایا لە هەرێمی کوردستان کارگەی تایبەت بە داڕشتنەوە یان مۆرکردنی زیو (عەیار) هەیە؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: بەداخەوە تا ئێستا هیچ کارگەیەکی گەورەمان نییە کە بتوانێت زیوی قاڵبی عەیار (٩٩٩.٩) بەرهەم بهێنێت، چونکە تێچووی زۆرە. بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە کە لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری، چەند کارگەیەکی بچووک لە بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا هەن کە دەتوانن لیرەی زیو بە ستانداردی جیهانی دروست بکەن، هاوشێوەی ئەو لیرە زێڕانەی کە لێرە چاپ دەکرێن. بەڵام هێشتا بۆ قاڵبی گەورە کارگەی تایبەتمەندمان نییە.
* لە کۆتاییدا، ڕێنمایی و ئامۆژگاریتان بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت زیو بکڕن، یان ئەوانەی پێشتر کڕیویانە، چییە؟
بیلال ئیبراهیم خۆشناو: ئامۆژگاریم بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بازرگانی بە زیوەوە بکەن یان وەک پاشەکەوت هەڵیبگرن ئەوەیە، تەنیا بەو پارەیە بیکڕن کە پێویستیان پێی نییە و وەک پارەی زیادە یان پاشەکەوت لە ماڵەوە دایانناوە. هەرگیز بە پارەی کار، قەرز، یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و زەوی ئەم کارە نەکەن، چونکە ئەگەر لە کاتێکی لەناکاو پێویستیان بە پارەکە بێت، ڕەنگە بەهۆی دابەزینی نرخەوە تووشی زیان ببن. بۆیە داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و بەردەوام ئاگاداری گۆڕانکاریی نرخەکان بن.
