چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ڕاگەیاند، “لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بڕیار لەسەر مانەوەی نووری مالیکی وەکو کاندیدی چوارچێوەکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران درا”.

 ئەمشەو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی  بۆ پرسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق لە نووسینگەی نووری مالیکی کۆبوونەوە.

  لە ڕاگەیێنراوێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، دیاریکردنی سەرۆکوەزیران پرسێکی دەستووریی عێراقە و بەگوێرەی ڕێکار و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتیمانی دیاری دەکرێت دوور لە ڕاسپاردەی دەرەکی، لەو چوارچێوەیەشدا جەخت لە کاندیدبوونی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە بونیادنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتە کاریگەرەکان، ئەم پەیوەندییەش دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و دەستوەرنەدان بێت لە کاروباری ناوخۆیی، بەتایبەتیش کە عێراق وڵاتێکی دامەزراوەییە و خۆی دەتوانێت شایستە دەستوورییەکانی بەگوێرەی دەستوور و ئیرادەی گەلەکەی دەستنیشان بکات.