نووری مالیکی لە پەیامێکی نوێدا، لەبارەی پرسی کشانەوەی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستبەرداری مافی خەڵکی عێراق نابێت لە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی متمانەی پێیەتی و بە شایستەی دەزانێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناخەکە.
ئەمڕۆ شەممە،31-01-2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: “هەڵبژاردنی حکومەت و سەرکردەکانمان پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت رێزی لێبگیرێت”.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە راسپاردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مالیکی نووسیویەتی: “ژیانی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق دوای ژانێکی سەخت و قوربانیدانی گەورە و خوێنی شەهیدان لەدایکبوو، تاوەکو بەهاکانی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لەسەر ئاستی فیدراڵی و لە پارێزگاکان چەسپا”.
مالیکی رایگەیاندووە: “شانازی بەم دەستکەوتە دەکەین و دەستبەرداری نابین، سوپاسی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکانی دەکەین بۆ سووربوونیان لەسەر پاراستنی ئازادی و دیموکراسی؛” ئاماژەی بەوەشکردووە کە “ئەوەی لە هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکانەوە دەرکەوتووە، ئەوە دەسەلمێنێت گەلی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بە بونیاتنانی دەوڵەت، بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی و هاوبەشیی سیاسییان وەرگرتووە”.
مالیکی باس لەوە دەکات: “لەم سۆنگەیەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە دەستبەرداری ئەم دەستکەوتە نابین و دەستبەرداری مافی گەلی عێراق نابین لە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی متمانەی پێیەتی و بە شایستەی دەزانێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناخەکە. رێز لە ویستی نیشتمانی و بڕیاری سەربەخۆمان دەگرین و چاوەڕوانین کەسانی دیکەش رێز لەم بڕیارە بگرن، هەروەک چۆن ئێمە رێز لە ویستیان دەگرین لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان”.