د. حەمدی شنگالی
لە ساڵی 2003ـەوە، عێراق تەڤلی ڕێڕەوێكی كۆمەڵایەتی و ئابووری زۆر ئاڵۆز بووە، كە ئەنجامەكانی تەنیا پشێوییەكی سیاسیی ڕاگوزەر نەبووە، بەڵكوو پێكهێنانەوەیەكی قووڵی ژێرخانی كۆمەڵ بووە، كە دیارترین سیماكانی، فراوانبوونی كەلێنی چینایەتی نەدیتراو بووە. لە وڵاتێكدا كە خاوەنی گەورەترین سامانی نەوتە لە جیهاندا، بەرەواژییەكی جەخار دروست بووە ئەویش: كەمینەیەك دەوڵەمەندتر و هەژمووندارتر دەبێت، زۆرینەیەكیش ڕۆژانە لە پێناوی بژێویدا ڕەنج دەدات. ئەم بەرەواژیەش بەرهەمی كتوپڕی نییە، بەڵكو ئاكامی كەڵەكەبوونێكی درێژخایەنی جەنگەكان، خراپی بەڕێوەبردن، گەندەڵی و نەبوونی دادگەری كۆمەڵایەتییە.
پێش ساڵی 2003، كۆمەڵی عێراق، لە جەنگێكی شەنگبڕی درێژخایەن لەگەڵ ئێران، پاشان داگیركردنی كوێت، دواتر ئابڵوقەیەكی خنكێنەری ئابووری دەرچووبوو، كە ماوەی زیاتر لە دوازدە ساڵی خایەند. ئەم قۆناغانە چینی ناوەڕاستییان لاواز كرد، بەشێكی زۆری كۆمەڵیشیان هەژار كرد، بەڵام بەتەواوی كۆتاییان بە بیرۆكەی دەوڵەتی كۆمەڵیی نەهێنا. بەڵام دوای داگیركاری ئەمریكا، دابڕانێكی ڕاستەقینە ڕووی دا، چونكە پێكهێنانەوەی ڕژێمی سیاسیی، لەگەڵ وێرانكردنی بەرفراوانی ژێرخانی بنەڕەتی، داڕمانی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، كردنەوەی دەرگەكان لەبەردەم گەندەڵی و بەشبەشێن، لە جیاتی پلاندانان و گەشەپێدان هاوشان بوو.
لەم چوارچێوەیەوە، چینێكی سیاسی پەیدا بوو، كە بەرەبەرە بۆ چینێكی داخراوی ئابووری، خاوەن پارە و بڕیار بەیەكەوە گۆڕا. ئەم چینە چیتر وەكوو نوێنەری بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵایەتی پێناسە نەدەكرا، بەڵكوو بووە سوودمەندی ڕاستەوخۆی دەوڵەتێكی داهاتدار، كە تێیدا داهاتەكانی نەوت، لەڕێگەی تۆڕێك هەژموون، نەك لە ڕێگەی دامەزراوە دادگەرەكانەوە، دابەش دەكرێت. ئەمەش بە ڕوونی لە شكستهێنانی سادەترین ئامرازەكانی لێپرسینەوەی وەكوو بنەمای (ئەمەت لە كوێ بوو؟) ڕەنگی دایەوە، كە بووە دروشمێكی ناڕەزایەتی و لە شاقەمەكان دەگوترێتەوە، بێ ئەوەی هیچ ڕێگەیەك بۆ جێبەجێكردنی كرداری بدۆزێتەوە.
بە ئازارترین بەرەواژیش ئەوەیە، عێراق سەرەڕای ئەو یەدەگە گەورەی لە نەوت هەیەتی، كە بە 135 ملیار بۆشكە مەزەندە دەكرێت، نەیتوانیوە ئەو سامانە بۆ خۆشگوزەرانی گشتی بگۆڕێت. بە گوێرەی داخویانییەكانی بەنكی نێودەوڵەتی و ڕاپۆرتەكانی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان، تاكو ساڵی 2025، هێشتا نزیكەی 17.5 لەسەدی عێراقییەكان، لە ژێر هێڵی هەژاری نیشتمانیدا دەژین، هاوكات پێنوێنییەكانی فرەڕەهەندی هەژاریش، شێوەی قووڵتر لە بێبەشبوون دەردەخەن، كە فێركردن، تەندروستی و ئاستی بژێوی دەگرێتەوە. ئەم ژمارانە، تەنیا دەرخەری ئیفلیجی ئابووری نین، بەڵكو شاشییەكی پێكهاتەیی، لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سەچاوەكان و دابەشكردنیان، دەردەخەن.
گەندەڵی لەو دیمەنەدا، دیاردەیەكی لاوەكیی نییە، بەڵكوو كۆڵەگەیەكی بنەڕەتیی لە كۆڵەگەكانی ڕژێمی بەرپابووە, عێراق، بەپێی پێنوێنی پەیبردن بە گەندەڵی، سەر بە رێكخراوی تیواری نێودەوڵەتیدا، چەندان ساڵی لەسەر یەك بوو، خۆی خستبووە ڕیزی ئەو وڵاتانەی كە زۆترین گەندەڵییان تێدا دەكرێت، واتە پارەی گشتی، لە سایەی نەبوونی تیواری و لاوازی چاودێری پەرلەمانی و دادگایی، ببووە سەرچاوەی بەفیڕۆدان و دزی. ئەو گەندەڵییە، تەنیا متمانەی بە دامەزراوەكان نەهێشت، بەڵكو گەشەكردنی ئیفلیج كرد، پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی پەكخست، ئابوورییەكی تەنیا لە داهاتی نەوت چەسپاند، كە ناتوانێت هیچ دەرفەتێكی ڕاستەقینەی كار بڕەخسێنێت.
لاوانیش گەورەترین قوربانی ئەو كەتوارە بوون. بێكاری، بەتایبەتی لەنێوان دەرچووانی زانكۆ و خاوەنی بڕوانامە باڵاكان، بووە دیاردەیەكی پێكهاتەیی، دەرگەكانی كار داخراون، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت، كە پێناو و خۆبەندی سیاسییان هەیە. لە بەرانبەریشدا، دەستكەوتەكانی چینی دەسەڵاتدار زیاتر بووە، سامانەكانیان قەبەتر بووە، لەڕێگەی ڕێسا و یاسای ئەوهایش دەستیان بەدەسەڵاتێكەوە گرتووە، كە ڕێك بۆیان بەڕادان دراوە، ئەوەش هەستی بەشمەینەتی و وەلانانی لەلای چینێكی فراوانی كۆمەڵ، قووڵتر كردووە.
هەموو ئەمانە، بەشدارییان لە بنكۆڵبوونی چینی ناوەڕاستدا كردووە، كە لەڕووی مێژووییەوە، بە زمانەی دڵنیایی سەقامگیری كۆمەڵایەتی دادەنرا. لەگەڵ پاشەكشەكردنی هێزی كڕین، سستبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، كەمبوونەوەی هەلەكانی كاری بەرهەمهێن، ئەم چینە بەرەبەرە لەنێوان زیادبوونی هەژاری و زۆربوونی دەوڵەمەندەكاندا توایەوە. لە ئاكامی ئەمەشدا، كۆمەڵی عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو دابەشبوو: كەمینەیەكی پەیوەست بە دەسەڵات و پارە، زۆرینەیەك كە لەسەر كۆمەكێكی كەمی وەكوو پسوولەی خۆراكدا دەژی، كە ئێستاكە نزمترین ئاستی كەرامەتی مرۆیی تێدا نییە.
ناكرێت كاریگەریی سیاسەتە سەپێنراوەكانی ئابووری لەلایەن دامەزراوە گەورەكانی دارایی، وەكوو سندوقی نەختینە و بەنكی نێودەوڵەتی فەرامۆش بكەین، كە بە ئاكاری وڵاتێكی قەرزار، پاڵیان بە عێراقەوە ناوە، چەند سیاسەتێكی لیبراڵی پەیڕەو بكات، كە ڕۆڵی دەوڵەتی كۆمەڵایەتییان كەم كردووەتەوە، بەبێ ئەوەی ئابوورییەكی بەرهەمهێنی توانادار بۆ لەخۆگرتنی دەستی كار، ئامادە بكەن. بەم شێوەیە، عێراق، خۆی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا دیتەوە، كە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لاوازن، بازاڕیان ناتوانێت دەرفەتی كار بڕەخسێنێت، ئەو هاوكێشەیەش، دەستەپاچەیی هەژارەكانی زیاتر كرد و كەلێنی چینایەتیشی فراوانتر كرد.
وا دیارە جیاوازی چینایەتی لە ئەمڕۆی عێراقدا، تەنیا لە ئاكامی شكستهێنانی ئابووریدا نییە، بەڵكوو دەربڕینی تەواوی قەیرانی دەسەڵاتە، قەیرانێك كە وای كردووە، سامان لە دەرفەتێك بۆ گەشەپێدانەوە، بۆ ئامرازێك بۆ هەژموونداری، لە سەرچاویەكی نیشتمانییەوە، بۆ دەستكەوتێكی سیاسیی بگۆڕێت. لەكاتێكدا كە بەڵێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەدیهێنانی دادگەری كۆمەڵایەتی دووپات دەكرێنەوە، كەتوار وەكوو چاوەرێك لەسەر هەراوبوونی جیاوازی نێوان دەسەڵات و كۆمەڵ دەمێنێتەوە.
دەرەنجام، عێراق بەدەست كەمی سەرچاوەكانەوە ناڵاڵێنیت، بەڵكوو بەدەست كەمی كارگێڕی و دادگەرییەوە دەناڵێنێت. سامانی نەوت، هەرچەندی زۆر بێت، كۆمەڵێكی دادگەر دروست ناكات، ئەگەر لە چوارچێوەی دامەزراوەیەكی بەهێزەوە بەڕێوە نەبردرێت و پێش هەموو شتێكی تر، كار لەسەر بنیاتنانی مرۆڤەوە نەكات. بێ چارەسەركردنی ڕەگە سیاسی و ئابوورییەكانی جیاوازی چینایەتیش، عێراق هەر بە گیربوو لەو بەرەواژییە ناهەموارەدا دەمێنێتەوە: وڵاتێكی دەوڵەمەند، گەلێكیش هەر هەژارتر دەبێت.
و: ڕەمزی میرەكانی
تەڤل: دخول
بۆشكە: بەرمیل
شاشی: خەلەل
تیوار: شەفافیەت
كەتوار: واقیع
پێناو: واسیتە
خۆبەندی: ئینتیما
چاوەر: شایەد