سهرهتا وتار برایەتی کوردان دیدگایەک لەنێوان پاراستنی شوناس و بنیاتنانی پێکەوەژیان
هەورامان عەلی تۆفیق
لە ڕوانگە نەتەوەیی و ناخێکی کوردییانەوە، پرسی برایەتی وەک تەنها چەمکێکی ئەخلاقی یان دروشمێکی سیاسیی ئاسایی ناخرێتەڕوو، بەڵکو وەک بابەتی بوون و شوناس و کەرامەت خۆی وێنادەکات، بێگومان گەلی کورد چەندین سەدەیە پەراوێز دەخرێت وئینکاری لە بوونی دەکرێت وبەبێ ویستی خۆیی و بە زۆرەملێ دابەشکراوە، کورد لە وشەی برایەتی وەک پێویستییەکی مێژوویی و مەرجێکی بنەڕەتی بۆ مانەوەی دۆزیوەتەوە، ئەم برایەتییە هەرگیز دەربڕینی ناسیۆنالیزمی کوێرانەو بێ ویژدانانە نەبووە، بەڵکو وەڵامێکی سروشتی بووە بۆ واقیعێکی سیاسی تاڵ کە چەندین جار هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورد یان تواندنەوەی لەو شوناسە سەپێنراوانە بەسەریدا دراوە.
برایەتی کوردان لەسەر بنەمای زمان و کولتوور و مێژوو و چارەنووسی هاوبەش دامەزراوە، لە ڕوانگەی ئەو چوارچێوەیەوە کە کورد لە ڕێگەیەوە بوونی کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆی پاراستووە، سەرەڕای ئەو سیاسەتانەی تەنها ستەم و ئینکاری کردن بووە لە بوونی کورد لە زیاتر لە وڵاتێکدا لە دژی پەیڕەوکراوە، بێگومان ئەگەر هەستی نەتەوەیی بەکۆمەڵ بۆ سەربەخۆیی نەبوایە، کورد نەیدەتوانی بەرگری لە زمانەکەی بکات، فەرهەنگ و کلتوری خۆی بپارێزێ وداکۆکی لە مانەوەی خۆی بکات وبەتوندی بەرامبەر هەموو ئەو پلانانە بوەستێتەوەو بەردەوام بەزیندویی لەسەر پێی خۆی بێت، بۆیە برایەتی کوردان هەڵبژاردەیەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو پێویستییەکی وجودییە کە هەلومەرجی مێژوویی دەی سەپێنێ.
لە بەرامبەردا چەمکی برایەتی گەلان وەک دیدگایەکی مرۆیی هەندێک لایەن و کەسایەتی بانگەشەی بۆ دەکەن،و داوای تێپەڕاندنی سنوورە نەتەوەییەکان و بنیاتنانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئاشتی و هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر لە نێوان گەلاندا لە ناوچەکە بنیادبنرێت، لە بنەڕەتدا کورد ئەم چەمکە ڕەت ناکاتەوە، بەپێچەوانەوە گەلی کورد لە مێژوودا بە کراوەیی و پێکەوە ژیان لەگەڵ تەواوی نەتەوە و ئایینییە جۆراوجۆرەکان لە ناوچەکە ژیاوەو هیچ کات کورد دژ بەو پێکەوە ژیانە سەردەمیانە نەبووە، بەڵام کێشەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە برایەتی گەلان بکرێتە بیانوو بۆ پشتگوێخستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد یان بۆ سڕینەوەی دۆزی نەتەوەیی بە ناوی یەک پارچەیی خاک و سەقامگیری ناوچەیی.
لە ڕوانگەی کوردییەوە، برایەتی گەلان ناتوانێ ڕاستەقینە یان دادپەروەر بێت بەتایبەت لەم کۆمەڵگایانەی لە دەوروبەری کوردن، چونکە ئەو گەلانە دان بەبوونی کورد وەک نەتەوەیەک لە ناوچەکەدا نانێن وقبوڵیان نیە وەک برایەک مامەڵەی لەگەڵدابکەن ولەگەڵی بژین، برایەتییەک کە بە ناوی چەمکە گشتییەکانەوە داوای دەستبەرداربوون لە ناسنامە یان مافە سیاسییەکانی گەلێکی چەوساوە دەکات دەبێت چ برایەتیەک بێت، تەنیا ئەو فۆرمە لە برایەتی خزمەت بە زلهێزە باڵادەستەکان و نەتەوە سەردەستەکان دەکات و ئەو چەمکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری دەهێنن، ئەزموونی مێژووییەکان نیشانی داوە کاتێک بانگەوازی برایەتی گەلان لە جەوهەری دادپەروەرییەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەردەوام بوونی نادادپەروەری نەک کۆتاییهێنان بەو نادادپەروەرییە.
بەپێچەوانەوە دەبین لە هەرێمی کوردستان ولەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چەمکی برایەتی وپێکەوە ژیان چۆن بەرجەستەدەکرێت و چۆن نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە لەم هەرێمە دەژین و مافەکانیان پارێزراوە ودەبینین لە ناوچەکانی ترەوە پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن لەبەر ئەوەی ژیانیان پارێزراوە، هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا و لە ئاڵۆزیانەی لە ناوچەکەدا بوونی هەن توانی ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ ئەو برایەتیەو پێکەوە ژیانە.
کێشەی ڕاستەقینە لە بوونی دوو چەمکی دژ بەیەکدا نییە، بەڵکو لە ڕیزبەندی ئەولەویەتەکاندایە، لە ڕوانگەی ئێمەوە وەک کورد، مرۆڤ ناتوانێت ڕاستەوخۆ باز بداتە سەر برایەتی گەلان بەبێ ئەوەی سەرەتا برایەتی کوردان دانەمەزرێت، گەلێک کە دان بە بوون و مافەکانیدا نەنرێت، ناتوانێت هاوبەشێکی یەکسان بێت لە پرۆژەیەکی گشتگیری مرۆڤایەتیدا ولە چوارچێوەیەی ئەو داگیراییەدا کە وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێ، دادپەروەری پێش ئەوەی بەهایەکی گشتگیر بێت، دەبێت لە واقیعدا پراکتیزە بکرێت، نەک تەنها وەک دروشمێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بەردەوامبوونی ئینکاری وسڕینەوە و داگیرکاری.
لەو چوارچێوەیەشدا کورد پێی وایە برایەتی کوردان دژایەتی برایەتی گەلان نییە، بەڵکو دەروازەیەکی سروشتیە بۆی پێکدەهێنرێت، گەلێک کە متمانەی بە ناسنامەی خۆی هەبێت و لە مافەکانی دڵنیا بێت، زیاترو بە شێوەیەکیسروشتی کراوەو هاوکار دەبێت لەگەڵ نەتەوەکانی تردا، لەکاتێکدا کورد لە هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە کراوەتر و ئامێزی برایەتی و پێکەوە ژیانی فراوانترە، بەڵام لە کاتێکدا داوا لە کورد بکرێت دەست بەرداری تایبەتمەندییە نەتەوەیەکانی خۆی ببێت بۆ گەیشتن بە برایەتی ودادپەروەری وپێکەوە ژیان، بێگومان ئەمە خواستێکی ناڕەوایە و ئەوانە مێژوو لەبیردەکەن، چونکە ئەم خواستە ئاڵۆزیەکان زیاتر دەکات و لێک ترازان وکێشەو گرفتەکان لە نێوان نەتەوەکاندا قوڵتر دەکاتەوە.
بۆیە دیدگای کورد بۆ برایەتی لەسەر پرەنسیپێکی ڕوون وەستاوە، برایەتی مرۆڤ دۆستانە بەبێ دادپەروەری، و پێکەوەژیانی ڕاستەقینە، بەبێ دانپێدانان بە بوونی یەکترناکرێ، کاتێک ناسنامەی کورد پارێزراو بێت، و کورد وەک گەلێکی خاوەن زمان و کولتوور و مافە سیاسییەکانی خۆی بناسرێت، ئەوکات تێکەڵ بوون بە برایەتی گەلان دەبێتە هەڵبژاردەیەکی هۆشیارانە و بەرپرسیارانە، نەک ئیمتیازێکی زۆرەملێیانە، برایەتی ڕاستەقینە، بە کوردی و بە کورتی لەم برایەتی وپێکەوە ژیانە ناسەپێنرێت، بەڵکو بە ویست وخواست بنیاددەنرێ و لەسەر بنەمای کەرامەت و یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر و یەکتر قبوڵکردن لە نێوان گەلاندا دەبێت، ئەگەر خواست بۆ ئەوە هەبێت.