نێوەندگیریی ئاشتی لە ڤاتیکانەوە بۆ ڕۆژئاڤا

323

ئیسماعیل سیرینی- ئەمريکا
لەکاتێکدا جیهان لەناو جەرگەی ململانێ جیۆپۆلیتیکییە گەورەکان و کێبڕکێی جەمسەرە سەربازیی و ئابوورییەکاندا دەکوڵێت، کورد لە ڕۆژئاڤا ڕووبەڕووی مەترسییەکی “وجوودی” بووەتەوە. ئەم قەیرانە تەنیا ئاماژەیەک نییە بۆ مەرگەساتێکی ئینسانی، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمیی و نێودەوڵەتی. گەمارۆدانی شارە کوردییەکان تەنیا ئاڵنگاریی و تەحەددییەک نییە بۆ نەتەوەی کورد، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی مێژووییە بۆ ویژدانی ئەو “جیهانە ئازادەی” کە دیموکراسیی و مافی مرۆڤ بە بنەمای خۆی دەزانێت.

ستراتیژییەتی ئاشتی لە هەولێرەوە بۆ ڤاتیکان
سەردانی فەرمیی سەرۆک مسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، لەم چرکەساتە هەستیارە تاقەت پڕوکێنەدا، سەردانێکی تەشریفاتی سادە نییە، بەڵکو جوڵەیەکی دیپلۆماسیی قووڵ و فرەڕەهەندە، ئەم دەسپێشخەرییە ستراتیژییە پەیامێکی ڕەهایە بەوەی کە “پاراستنی میللەتی کورد” ئەرکێکی ئینسانیی و ئەخلاقیی گشتگیرە. پێویستە ناوەندەکانی بڕیارو هێزە باڵاو کاریگەرەکان لەجیهان پشتگیریی لەم هەوڵانەی سەرۆک بارزانی بکەن بۆ بونیادنانی چەترێکی نێودەوڵەتی، کە ئامانجی ڕاگرتنی شەڕ و بەرقەراربوونی ئاشتی و ڕێگری بێت لەهەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی ببێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاشتیی درێژخایەن.. خوازیارین ڤاتیکان و ناوەندە ئاشتیخوازەکان گوشارە سیاسییەکانیان چڕ بکەنەوە تا کاراکتەرە هەرێمییەکان ناچار بکرێن زمانی هەڕەشە و چەک بۆ زمانی عەقڵ و دایەلۆگی سیاسیی بگۆڕن. هەوڵەکانی جەنابی سەرۆک لە سۆنگەی دڵسۆزیی و خەمخۆریی مێژووییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو لەهەر کوێ کوردێک ئازاری هەبێت، بەهاناوەچوونی بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی زانیوە.

هاوکات، جەنابییان وەک “ڕێبەرێکی نیشتیمانی” هەستی بەرپرسیارییەتی بەرامبەر تەواوی پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەییە جیاوازەکان هەیە و دەزانێت، کە شەڕو شۆڕ و ئاشووب بێ جیاوازیی داڕووخان و ماڵوێرانکەرە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی وەک “کلیلی سەقامگیری” ببینێت. دروستکردنی بۆشایی ئەمنی لە ڕۆژئاڤا گەورەترین دەستکەوتە بۆ پاشماوەکانی داعش. هەر داڕمانێکی ئەمنی لەو ناوچەیەدا واتای تەقینەوەی ئەو زیندانانەیە، کە هەزاران تیرۆرستی نێودەوڵەتییان تێدایە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێیە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریکا. لەوەش زیاتر، قەیرانی کۆچبەریی زۆرەملێ نەک هەر عێڕاق و هەرێم، بەڵکو هەموو سنوورەکانی ئەوروپا دووچاری داڕمانی سیاسیی و مرۆیی دەکات. لێرەوە، پاراستنی ڕۆژئاڤا تەنیا “خێرخوازیی” نییە، بەڵکو کڕۆکی “پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی جیهانییە”. نەخشەڕێگەی دەربازبوون لەمەرگەسات – بۆ ڕێگریی لە تەشەنەکردنی شەڕ، پێویستە ئەم هەنگاوە تەکنیكیی و سیاسییانە بەخێرايی بنرێن:

– پارێزبەندیی نێودەوڵەتی:
سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین یان گوشارێکی سیاسیی کارا بۆ پاراستنی ناوچە مەدەنییەکان لە هێرشی ئاسمانیی و زەمینی.
– دایەلۆگی سیاسیی گشتگیر:
هاندانی دایەلۆگی (کوردی – عەرەبی) بەگشتی، (کوردی – سوری) بەتایبەت وەک تەنیا بژاردەی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی سیاسی، کە سەروەریی خاک و مافی نەتەوەیی کورد وەک گەلێکی ڕەسەن دەستەبەر و مسۆگەر بکات.
– توندکردنی سنوورەکان:
جیهان دەبێت یارمەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بدات بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی عێڕاق و ڕێگری لە مەرگەساتێکی دیکەی مرۆیی، کە لە توانای دامەزراوە ناوخۆییەکانی عێراقدا نەبێت.