خەبات: دانا بۆتانی:- نەخۆشیی تالاسیمیا، نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە کە لە باوانەوە بۆ منداڵەکانیان دەگوازرێتەوە و بەداخەوە زیاتر لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بڵاوە. بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی هۆشیاریی پێویست، بەتایبەت لەلایەن هەڵگرانی نەخۆشییەکەوە، ژمارەی تووشبووان ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندایە.

ئایا تالاسیمیا چارەسەری هەیە؟ ئامارەکان لە کوردستان چیمان پێ دەڵێن؟ گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم نەخۆشان چین؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و بەدواداچوونی زیاتر، ڕۆژنامەی خەبات ئەم راپۆرتەی لەگەڵ دکتۆر ئاریا نامیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر، ئەنجام دا.

تالاسیمیا؛ لە ئەزموونی جیهانەوە بۆ دۆخی کوردستان
د. ئاریا نامیق بۆ دەستپێک ئاماژەی بە ئەزموونێکی سەرکەوتووی جیهانی کرد و گوتی: پێش ساڵی ١٩٧٠، قوبرس بەرزترین ڕێژەی تووشبووانی تالاسیمیای لە جیهاندا هەبوو؛ لە هەر حەوت کەس، کەسێکیان هەڵگری نەخۆشییەکە بوو و ساڵانە ٦٠ بۆ ٨٠ منداڵ بە جۆری تالاسیمیا ماجۆر (جۆرە هەرە مەترسیدارەکەی کە پێویستی بە خوێن وەرگرتنی بەردەوامە) لەدایک دەبوون. بەڵام دوای دانانی بەرنامەیەکی تۆکمە کە پشکنینی پێشوەختە و ڕاوێژکاریی بۆماوەیی و ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی دوو هەڵگری نەخۆشییەکەی لەخۆ گرتبوو، توانییان کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکەن و ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنن.

د. ئاریا نامیق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر

هەروەها لەبارەی مەترسیی هاوسەرگیریی دوو هەڵگری نەخۆشییەکەوە ڕوونیکردەوە: ئەگەر دایک و باوک هەردووکیان هەڵگری نەخۆشیی تالاسیمیا بن، ئەوا لە هەر دووگیانییەکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە:
• ٢٥٪ منداڵەکەیان تووشبووی تالاسیمیا بێت (نەخۆش بێت).
• ٥٠٪ منداڵەکەیان وەک خۆیان تەنیا هەڵگری نەخۆشییەکە بێت.
• ٢٥٪ منداڵەکەیان تەندروست و بێ کێشە بێت.
بۆیە زۆر مەترسیدارە دوو کەسی هەڵگری تالاسیمیا هاوسەرگیری بکەن و منداڵیان ببێت.

ڕێژەی تووشبووانی تالاسیمیا لە کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
دكتۆر ئاریا نامیق گوتی: بەداخەوە ڕێژەکە ساڵ بە ساڵ بەرزتر دەبێتەوە. تەنیا ئەو نەخۆشانەی لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر تۆمارکراون و چارەسەر وەردەگرن، ژمارەیان دەگاتە ١٠١٣ کەس. تەنها لەمساڵدا بیست و سێ نەخۆشی نوێ تۆمار کراون، کە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە. کێشەکە ئەوەیە بەشێک لە خەڵکی نازانن هەڵگری نەخۆشییەکەن، بۆیە کاتێک هاوسەرگیری دەکەن و دوای لەدایکبوونی یەکەم منداڵیان، بۆیان دەردەکەوێت کە هەردووکیان هەڵگر بوون، بەڵام ئەو کاتە ئیتر درەنگە.

خزمەتگوزارییەکان لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر
لە سەنتەرەکەدا، بژار مەولود، یەکێک لە کارمەندان، وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: سەنتەرەکەمان پێشوازی لە نەخۆشانی تالاسیمیا لە هەموو شارەکانی عێراق دەکات، چونکە لێرە گرنگییەکی تەواو بە نەخۆش دەدرێت. هەموو پێداویستییەکانی وەک خوێن، دەرمان و چارەسەرەکانی دیكه‌ بەبێ بەرامبەر پێشکەش دەکرێن.

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە خەرجیی چارەسەری هەر نەخۆشێک مانگانە نزیکەی ٢٠٠٠ دۆلارە، کە بە سوپاسەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە. هەروەها مژدەی ئەوەشی دا کە: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی شەش نهۆمیی تایبەتە بە نەخۆشییەکانی خوێن. وەک مژدەیەکیش بۆ هەموو نەخۆشان، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەموو عێراق، پڕۆسەی چاندنی مۆخی ئێسک لەو نەخۆشخانەیەدا ئەنجام دەدرێت.

پەیوەندیی نێوان کارمەندان و نەخۆشان، چیرۆکێک لەناو سەنتەرەکەدا
ئاریان محەمەد، وەک پەرستارێک لە سەنتەرەکە، بۆ خەبات دوا و گوتی: ئێمە لێرە بە شێوەیەکی زۆر پرۆفیشناڵ کار دەکەین. هەر پەرستارێک بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەو کەیسە هەڵدەگرێت کە کاری لەسەر دەکات تاوەکو دڵنیا بین هیچ هەڵەیەک لە کاتی خوێن وەرگرتن یان پێدانی چارەسەردا ڕوونادات. لەوەش گرنگتر، پەیوەندیی ئێمە و نەخۆشەکان وەک ئەندامانی یەک خێزانە، چونکە هەفتانە یەکتر دەبینین و هەواڵی یەکتر دەپرسین.

لە کۆتاییدا، عەبدولوەدود عەبدولحەق، نەخۆشێکی خەڵکی ئاکرێ کە لە سەنتەرەکە چارەسەری وەردەگرت، گوتی: ئێرە باشترین شوێنە بۆ چارەسەری تالاسیمیا. کارمەندان و شێوازی چارەسەرییەکانیان نایابن. باوکم لە ئوردن ١٠٠ هەزار دۆلاری بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخم خەرج کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم سەنتەری تالاسیمیای هەولێر لە باشترینەکانە. عەبدولوەدود داواشی لە خەڵکی خێرخواز کرد کە بە بەخشینی خوێن، ژیانی نەخۆشانی تالاسیمیا ڕزگار بکەن.