مەهەننەد مەحمود شەوقی
هەموو تاوانەكان وەكوو یەك نین. هەندێكیان تەنیا جەستە ناكەنە ئامانج، بەڵكو دەیانەوێت خودی ماناكە بشكێنن: مانای مرۆڤ، كەرامەت و مافی ژیانێكی ئازاد. كاتێك كچە كوردێك دەكرێتە ئامانج، كە جگە لە خۆشەویستی بۆ ژیان، پەرۆشی بۆ ئازادی و كەزییەك، كە وەكوو نیشانەیەكی سروشتی بۆ جوانی، خۆبەندی و ئومێد بەسەر شانەكانیدا شۆڕ بێتەوە، هیچی تری پێ نییە، ئەو كاتە تاوانەكە لە كارێكی دڕندانەوە بۆ پەیامێكی سیاسی و ڕەوشتی دەگۆڕێت، كە دەڵێت: هەر شتێك هێما بێت بۆ كەرامەت، دەبێت پان بكرێتەوە، هەر شتێك ئاماژە بێت بۆ داهاتوو، دەبێت گڵاو بكرێت، هەر شتێك بیرهێنەوەی ئەوە بێت، مرۆڤ بۆ ئەوە دروست بووە ئازاد بێت، دەبێت بسڕێتەوە.
بەڵام ئەم كچە لە بۆشاییەوە لەدایك نەبووە، لە نێو كۆمەڵگەكەشیدا ناوارتە نەبووە. ئەو كچی (خەنسای كوردستان)ـە، كە لە هەموو ماڵێكی كورددا دووپات دەبێتەوە: خانمێك بە قەبارەی نیشتمان، نەك تەنیا لە گوتارێكی هێماییدا، بەڵكوو لەو كردەوە بێدەنگەكانی ڕۆژانەدا، كە مانەوەی ئەم گەلەی، بە درێژایی سەدەیەك لە وەلانان، جەنگەكان و دوورخستنەوە دروست كردووە. ئافرەتی كورد تەنیا چاوەری نەهامەتییەكان نەبووە، بەڵكو لەیەك كاتدا، هەڵگر و بەرگریكاریشی بووە؛ منداڵەكانی لەسەر مانای خاك پێش مانای ترس گۆش كردووە، ناسنامەیشی پاراست، لەو كاتەی دەوڵەتەكان لە تاقیكردنەوەی دادگەریدا دەكەوتن، ئەو شتەی لەناو ماڵەكاندا داڕشت، كە سیاسەت نەیتوانی لە دامەزراوەكانیدا بیپارێزێت. لە دەرسیمەوە بۆ هەڵەبجە و لە كۆبانییەوە بۆ شنگال، ئافرەتی كورد هەمیشە لە ڕیزەكانی پێشەوەی یادگە و خۆڕاگریدا وەستاوە، نەك بە ئاكاری قارەمانییەتییەكی ئاوارتە، بەڵكو وەكوو بنەمایەكی ڕەوشتی بۆ تەواوی كۆمەڵ.
ئازاری كورد لە مێژوودا، ڕووداوێكی كاتیی نەبووە، بەڵكو ڕێڕەوێكی بنیاتنەری درێژكراوە بووە، هەر لەو كاتەوەی جوگرافیا دوای جەنگی یەكەمی جیهانگرەوە، نەتەوەی كوردی بەبێ ویستی گەلەكەی دابەش كرد، بەمەش كورد بووە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و كۆنترین دۆزی بێ چارەسەر. پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923دا، نەك تەنیا بەڵێنی دەوڵەتی كوردی هەڵوەشاندەوە، بەڵكو سەدەیەك لە نكۆڵی فەرمیشی بۆ ناسنامەی گەلێكی تەواو دەستپێكرد. لە سووریا، پەراوێزخستن لەگەڵ جەنگدا دەستی پێنەكرد، بەڵكوو چەند دەیەیەك لە پێش جەنگ بوو: لە سەرژمێری 1962ـەوە، كە تێیدا دەیان هەزار كورد لە ڕەگەزنامە بێبەش كران، بۆ پڕۆژەكانی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیا، تا دەگاتە قەدەغەكردنی زمان، كولتوور و خۆبەندی. كاتێكیش شۆڕشی 2011 هەڵگیرسا، دەموچاو و گوتارەكان گۆڕان، بەڵام لۆژیكی ڕەتكردنەوە ون نەبوو، بەڵكو بە ئامرازی نوێ و دەمامكی جیاوازەوە، خۆی بەرهەم هێنایەوە.
لە عێراقدا، توندوتیژی لە شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988دا، گەیشتە لوتكە، منداڵان لە باوەشی دایكیاندا بە گازی خەردەل خنكان، لە چەند كاتژمێرێكدا هەزاران مەدەنی شەهید بوون، كەچی جیهان خۆی كڕ كرد، یان بە بێدەنگیی خۆی تێوەگلاند. لە توركیا، لە ساڵانی نەوەدەكاندا، ناوچە كوردنشینەكان شاڵاوێكی فراوانی ڕاگواستن، سووتاندنی گوندەكان و سەركوتكردنی سیاسی و كولتووریی بە بەرنامەی بەخۆوە بینی. لە ئێرانیش، خولەكانی سەركوتكردن دژی كورد، لە چلەكانەوە تاكو ئەمڕۆ بەردەوامە. لە هەموو ئەم كردەوانەشدا، ئامانجەكە تەنیا كوشتن نەبووە، بەڵكوو پچڕاندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خاكەكەی، لە نێوان ناسنامە و لە مەهاباد لە ساڵی 1946ـەوە، بۆ ڕاپەڕینەكانی كوردستانی عێراق لە ساڵی 1991، تاكو دەگاتە كۆبانی لە ساڵی 2014دا، كاتێك شارەكە لە بەرانبەر داعشدا خۆی ڕاگرت، كەچی جیهان گرەوی لەسەر كەوتنی دەكرد، كورد هەمیشە یەك مانای جێگیری كەڵەكە كردووە: ڕەنگە لە ڕووی سەربازییەوە بدۆڕێن، بەڵام لە ڕووی ڕەوشتییەوە سەردەكەون، چونكە ئەوان یادگە كەڵەكە دەكەن، نەك نەخشە.
لەم بارەیەوە، كەزیی كچە كوردێك، لە وردەكارییەكی جەستەییەوە زیاتر دەبێت؛ دەبێتە درێژكراوەی تەواوی ئەم مێژووەی بیراوەی، خۆڕاگری بێدەنگ. كاتێكیش بوونەوەرێكی بێ ویژدان دەستدرێژی دەكاتە سەر، تاوانەكە تەنیا دژی ئەو نابێت، بەڵكو دژی ئافرەتی كوردە، وەكوو هێمایەك بۆ بەردەوامی، دژی جەستەی كوردە، وەكوو هەڵگری ناسنامە و دژی داهاتووە، وەكوو ئەگەرێك كە دەبێت پێش لەدایكبوونی بكوژرێت. ئەمە تەنیا ساتێكی دڕندانەی دابڕاو نییە، بەڵكوو ساتێكی ئاشكەرەكەری پێكهاتەیەكی تەواوی ڕق و كینەیە، بەرانبەر گەلێك كە لەبەر ئەوەی هەر ماوە، لێی خۆش نابن.
لەگەڵ ئەوەشدا، مێژووی كورد تەنیا چیرۆكی بەرخودان نەبووە، بەڵكو چیرۆكی هۆشێكی سیاسیش بووە، كە هەوڵی داوە ململانێیەكان بەرزەفت بكات، نەك فراوانیان بكات، مرۆڤ ڕزگار بكات، نەك وەبەرهێنان لە نەهامەتییەكانیدا بكات. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی، وەكوو یەكێك لە دیارترین دەنگەكانی كورد دەردەكەوێت، كە لە سەختترین وەرچەرخانەكاندا، گرەوی لەسەر دانایی لە جیاتی تۆڵەسەندنەوە، سیاسەت لە جیاتی پشێوی و گفتوگۆ لە جیاتی هەرخلیسكان بەرەو جەنگە كراوەكاندا كرد، كە براوەی نییە. لە ڕاپەڕینی 1991ـەوە، دواتر لە بنیاتنانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، لە ناوەڕاستی گەمارۆیەكی خنكێنەر و ململانێ ناوخۆیی و هەرێمیدا، تاوهكوو دەگاتە ڕۆڵی لە چەسپاندنی سەقامگیری دوای بۆڕدانی داعش، بارزانی هەمیشە بەرەو دیدگایەك پاڵنەر بووە، كە لەسەر پاراستنی مەدەنییەكان، پتەوكردنی شیرازەی كۆمەڵایەتی و ڕەتكردنەوەی گۆڕینی نەهامەتی كورد بۆ سووتەمەنی ململانێی بێهودە، بەرپابووبێت.
لە كاتی ئێستادا، كاتێك پێشێلكارییەكان دژی كورد لە سووریا هەڵدەكشێن، گرنگی ئەم ڕێبازە لەهەموو كاتێك زیاتر دەردەكەوێت: ڕێبازێك كە پێی وایە، پاراستنی مرۆڤ لە پێش تۆماركردنی خاڵی سیاسییەوە دێت، مافی گەلانیش لە ڕێگەی پشێوییەوە بەدەست نایەت، بەڵكو لە ڕێگەی ڕەوایەتی نێودەوڵەتی، كاری سیاسی هاوسەنگ و بنیاتنانی هاوبەشییەكانەوە بەدەست دێت. بەرزەفتكردنی قەیرانەكان بە مانای دەستبەرداربوونی مافەكان نایەت، بەڵكو بە مانای ڕێگریكردن لە هەرخلیسكان بەرەو جەنگی خۆبەخۆیی كراوە دێت، كە مەدەنییەكان یەكەم كەسن باجەكەی دەدەن، دۆزە ڕەواكانیش تێیدا لە ناو وێرانەكاندا ون دەبن.
لێرەدا دۆزی كورد تەنیا نابێتە كاروبارێكی ناوخۆیی كورد، بەڵكو بۆ تاقیكردنەوەیەكی ڕەوشتی بۆ تەواوی كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەگۆڕێت. ڕێزگرتن لە مافەكانی كورد لە سووریا، لە زمان، كولتوور، هاووڵاتیبوون، بەشداری سیاسیی و بەڕێوەبردنی خۆجێی، نە منەتێكی سیاسی و نە بڕگەیەكی دانوستانە، كە مایەی سازش بێت، بەڵكوو مافێكی یاسایی و ڕەوشتیە، كە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی مافەكانی مرۆڤ و ئەزموونی ئەو گەلانەدا هاتووە، كە لە ململانێوە بەرەو سازشی دادگەرانە ڕۆیشتوون. نكۆڵیكردن لەم مافانە، دەوڵەتێكی یەكگرتوو دروست ناكات، بەڵكوو دەوڵەتێكی لەرزۆك بەرهەم دەهێنێت، كە لەسەر زۆرەملێ لە جیاتی ڕەزامەندی و لەسەر ترس لە جیاتی هاووڵاتیبوون، بەرپابووبێت.
بەڵام دۆزەكە لە كرۆكە قووڵەكەیدا، تەنیا كوردیانە نییە، بەڵكوو مرۆییشە. ئەوەی ئەمڕۆ لەبەر كەزییەكەی، دەرهەق بە كچێك دەكرێت، یان لەبەر زمان و ناسنامەكەی، دەرهەق بە گەلێك دەكرێت، تەنیا پێشێلكردنی مافی كەمینەیەك نییە، بەڵكوو خەنجەرێكە لە دڵی خودی بیرۆكەی مرۆڤەوە. كاتێك توندوتیژی بە ناوی سیاسەت، یان ئاسایش، یان یەكڕیزی نیشتمانی پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە، یەكەم شت كە دەكوژرێت، ئەو بەها ڕەوشتییەیە كە وا لە كۆمەڵ دەكات، شایەنی ژیان بێت. ڕێزگرتن لە مرۆڤ، هەر مرۆڤێك بێت، تاكە بنەمایە كە دەكرێت دەوڵەتێكی هەمیشەیی، ئاشتییەك شایەنی مانەوە بێت و داهاتوویەكی لەسەر بنیات بنرێت، كە لەسەر گۆڕی بەكۆمەڵی دواخراو، بەرپا نەبووبێت.
بۆیە، هەر هەوڵێك بۆ بادانەوە لە مافەكانی كورد، یان پێشكەشكردنی چارەسەری شێوەیی، كە خۆی لە كرۆكی قەیرانەكە نەدات، یان وەكوو ڕۆژەڤێكی تەناهی، نەك دۆزێكی سیاسی و ڕەوشتی، مامەڵە لەگەڵ داواكارییەكانیان بكرێت، تەنیا دەبێتە هۆی قووڵكردنەوەی نەهامەتییەكە، بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و چوونە ناو بازنەیەك، كە كەس تێیدا براوە نییە. ئەو دۆزانەی سەركوت دەكرێن نامرن، بەڵكوو بە شێوەی زۆر توندتر دەگەڕێنەوە، ئەو مافانەی نكۆڵییان لێ دەكرێت، ون نابن، بەڵكو دەبنە برینی كراوە لە جەستەی خودی دەوڵەتەكەدا.
دەست لەسەر سینگ بۆ ئەو كچە دەوەستم، نەك تەنیا لەبەر ئەوەی قوربانییە، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئاوێنەی گەلێكی تەواوە، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان دەستبەرداری مافی خۆی لە ژیانێكی سەربەرزانەدا نەبووە. دەست لەسەر سینگ بۆ كەزییەكەشی دەوەستم، كە لە وردەكارییەكی كەسییەوە، بۆ هێمایەكی سیاسی و ڕەوشتی گۆڕا و ئەوەمان بیر دەخاتەوە، ئازادی زۆربەی كات لە سادەترین شتەكانەوە دەست پێدەكات: لە جەستەیەكەوە كە سوكایەتی ڕەت دەكاتەوە، لە قژێكەوە كە بەبێ ترس شۆڕ دەبێتەوە و لە ئافرەتێكەوە، كە منداڵەكانی لەسەر ئەوە گۆش دەكات، كەرامەت دروشم نییە، بەڵكو شێوازی ژیانە. ئەو كەزییەی كە ویستیان كۆتایی بێت، لە یادگەی كورددا دەبێتە سەرەتای گێڕانەوەیەكی نوێ، بە پیتەكانی ئازار دەنووسرێت، بەڵام بە ویستی داهاتوو هەڵدەكۆڵرێت و لەسەر خاكی كوردستان دەبێت، كە هەرگیز فێر نەبووە خۆی بچەمێنێتەوە.
و: ڕەمزی میرەكانی