خەبات ـ تریفە ئازاد
لەگەڵ بەردەوامیی ناسەقامگیریی ئابووریی جیهانی و گۆڕانکاری لە بەهای دراوەکاندا، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان و جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم دۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ و فرۆشیار و کڕیاران داناوە. هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی خەبات، تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی ئەم گرانبوونە، ئاڵنگارییەکانی بەردەم زێڕینگران و ڕێنمایی پێویستیش بۆ هاووڵاتییان دەخاتەڕوو:
هۆکارە جیهانی و ناوخۆییەکانی گرانبوونی زێڕ
سەبارەت بە هۆکارە سەرەکییەکان، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان ڕایگەیاند، کە بەرزبوونەوەکە هۆکارێکی جیهانی هەیە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بازاڕی بۆرسەی جیهانییەوە، کە تێیدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ناسەقامگیریی ئابووریی جیهانی و بەهای دۆلار، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە. گوتی: «کاتێک لەسەر ئاستی جیهان بەهای دۆلار دادەبەزێت، نرخی کانزا گرانبەهاکانی وەک زێڕ و زیو بەرز دەبێتەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆش، هەر گۆڕانکارییەک لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستاندا.»
گرانبوون خواست لەسەر کڕینی زێڕ زیاد دەکات
سەرەڕای ئەم گرانبوونە، هەندرێن وەرتی دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش ئاشکرا دەکات و دەڵێت، کە خواست لەسەر کڕینی زێڕ نەک هەر کەم نەبووە، بەڵکوو زیادی کردووە. ئەو گوتی: «خەڵک لە هەموو بارودۆخێکدا زێڕ دەکڕن و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر سەردانی زێڕینگران دەکەن».
زێڕ وەک پاشەکەوت و وەبەرهێنان، نەک تەنیا بۆ خۆڕازاندنەوە
هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە تێڕوانینی زۆرینەی کڕیاران گۆڕاوە، ئێستا خەڵک زێڕ زیاتر وەک پاشەکەوتێکی پێویست و هەلێک بۆ وەبەرهێنان و قازانجکردن زێڕ دەکڕن، نەک تەنیا بۆ خۆڕازاندنەوە. لەمبارەیەوە گوتی: «زۆرینەی کڕیاران، بەتایبەت بۆ مەبەستی قازانج، لیرە دەکڕن، چونکە لیرە هەمیشە پارەی خۆی دەکاتەوە.»
سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان ڕێنمایی هاووڵاتییانیش دەکات و دەڵێت: «ئەوەی لە توانایدا بێت، مانگانە چارەکە لیرەیەک یان چەند مسقاڵێک زێڕ و زیو بکڕێت، چونکە زێڕ هەمیشە بەهاکەی خۆی دەپارێزێت و پارەیەکی زیندووە.»
هەروەها ئاماژەی بە جیاوازیی خواست لەنێوان شارەکاندا کرد و ڕایگەیاند کە لە هەولێر زیاتر زێڕی عەیار 21 و لە سلێمانی عەیار 18 خواستی لەسەرە، بەڵام «لە کۆتاییدا هەردووکیان هەر زێڕن و پێداویستیی کڕیار پڕ دەکەنەوە.»
ئاستەنگی بەردەم زێڕینگران
سەرۆکی سەندیکای زێڕینگران باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە ڕووبەڕووی زێڕینگەران دەبێتەوە و گوتی: «گەورەترین کێشەمان ئەوەیە کە دوای فرۆشتنی بڕێک زێڕ، کاتێک دەمانەوێت بچین دووبارە بیکڕینەوە، دەبینین نرخەکەی گرانتر بووە. ئەمەش وادەکات زێڕینگەر زیانی پێ بگات یان قازانجەکەی زۆر کەم بێتەوە.»
ئامۆژگاری بۆ کڕیار و فرۆشیار
هەندرێن وەرتی پێیوایە کڕینی زێڕ لە هەموو کاتێکدا گونجاوە، چونکە بەهای دراوە کاغەزییەکان لە دابەزیندایە، بەڵام زێڕ بەهاکەی دەپارێزێت. بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت زێڕەکانیان بفرۆشن، ئامۆژگارییان دەکات و دەڵێت: «تەنیا کاتێک زێڕەکەت بفرۆشە کە نرخەکەی گەیشتە لووتکە و پێویستییەکی زۆرت بە پارەکەی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی کارێکی دیاریکراو، ئەگەرنا لەخۆڕا مەیفرۆشە.»
کاریگەری لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری
گرانبوونی زێڕ کاریگەریی لەسەر بۆنە کۆمەڵایەتییەکانیش هەبووە، بەتایبەت پرۆسەی هاوسەرگیری. هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان دەڵێت: «خەڵک هێشتا بۆ هاوسەرگیری زێڕ دەکڕن، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. ئێستا بڕی کڕین لە چوار مسقاڵەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە 15 یان 20 مسقاڵ، کە ئەمەش بەندە بە توانای دارایی خێزانەکانەوە.
پێشبینیی داهاتوو.. نرخ زیاتر بەرز دەبێتەوە
لە کۆتاییدا، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ داهاتوو خستە ڕوو و گوتی: «بەپێی چاودێریی ڕۆژانەمان بۆ بازاڕ، نرخی زێڕ بەردەوام لە گۆڕان و هەڵکشاندایە. پێشبینی دەکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخەکەی زیاتر بەرز ببێتەوە و ئاستی نوێ تۆمار بکات.