خەبات: عامر فەرحان:- ئافرەتان هەمیشە لە کۆمەڵگای کوردیدا هاوشانی پیاوان کاریان کردووە و بەشێکی سەرەکیی هێزی کاری بازاڕن. زۆرن ئەو ئافرەتانەی کە توانیویانە بە بیر و توانا و ماندووبوونی خۆیان ببنە خاوەنی پیشەی سەربەخۆ و هەلی کاریش بۆ کەسانی تر بڕەخسێنن. لە قەزای خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، خاتوونێک کارگەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆماڵییەکان دامەزراندووە. وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، وێڕای سوودی مادی، ئەم کارگەیە هۆکارێکیشە بۆ پاراستن و زیندووهێشتنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان.
شەرمین نەوشیروان، خاوەنی کارگەی «شەرمین خانم» بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (خەبات) ڕایگەیاند: هۆکاری سەرەکی و پاڵنەری من بۆ دامەزراندنی ئەم کارگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەناو خێزانێکی جووتیاردا پەروەردە بووم. هەروەها، جوگرافیای ناوچەکەشمان کە خاوەنی باخ و زەویی کشتوکاڵییە، هۆکارێکی تر بوو وای لێ کردم تواناکانم لە کردنەوەی ئەم کارگەیەدا چڕ بکەمەوە و بتوانم بەرهەمە خۆماڵییەکان بە لۆگۆی تایبەتی کارگەی شەرمین خانمەوە بخەمە بازاڕەکانەوە»
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: لە کارگەکەماندا چەندین جۆر بەرهەم دروست دەکەین، وەک: سرکەی سێو، ئاوی بنێشتی کوردی، ڕووبەهەنار، هەموو جۆرەکانی دۆشاو و زەیت. جیاواز لەمانە، «کەرەی عەلی بابا»ش بەرهەم دەهێنین کە تایبەتە بە کارگەکەی ئێمە و خواستێکی زۆری لەسەرە. هەروەها گوتی: چەندین جۆر شەکری کوڵاویش بەرهەم دەهێنین کە ڕێژەی شیرینییان تەنیا %40ـە، بۆیە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە زۆر بەسوودە. ئەوەی بەرهەمەکانی ئێمە لە بەرهەمەکانی تری بازاڕ جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئێمە بە شێوازی پیشەسازی (کارگەیی) بەرهەمیان دەهێنین، واتە شێوازی لەقوتوونان و پێچانەوەکەی بە شێوازێکی تەندروستانەیە. بەرهەمەکانیشمان بە تامی سوننەتیی کۆن و کوالێتیی بەرزەوە ئامادە دەکەین و بە لۆگۆی تایبەت بە خۆمانەوە دەیخەینە بازاڕەکانەوە».
شەرمین نەوشیروان ئەوەشی بۆ (خەبات) ڕوون کردەوە: «وێڕای ئەوەی کە خۆم بە بەردەوامی سەرپەرشتیی دروستکردنی بەرهەمەکان دەکەم، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیمە بریتییە لەوەی کە توانیومە چەندین هەلی کار بۆ خانمان و پیاوانی سنوورەکە دابین بکەم. بەشێکیان هەمیشەیین و لەناو کارگەکەدا کار دەکەن، بەشێکی تریشیان کارەکانیان وەرزین و لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومەکاندا هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنین. هەروەها بووینەتە هۆکارێکیش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی خاوەن باخ و جووتیارانی ناوچەی هەورامان و شارەزوور، کە بەرهەمەکانیان لێ وەردەگرین.
ناوبراو دەشڵێت: سوپاس بۆ خوا، خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمەکانی کارگەکەمان هەیە. بەرهەمەکانمان لە تەواوی شارەکانی کوردستان و عێراقدا خواستیان لەسەرە، زۆرجاریش لەلایەن کوردانی دانیشتووی وڵاتانی ئەورووپاوە داوا دەکرێن و بۆیان دەنێرین»
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شەرمین خانم گوتی: من سەرەتا لە ماڵەکەی خۆمدا دەستم بەم کارە کرد، پاشان قۆناغ بە قۆناغ توانیم ئەم کارگەیە دابمەزرێنم. ئێستاش لە پلانمدایە پڕۆژەکە و کارگەکەم فراوانتر بکەم، تا بتوانم بەرهەمی خۆماڵیی زیاتر و هەلی کاری زیاتریش بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دابین بکەم. ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریم بکەن، دەتوانم بەرهەمە خۆماڵییەکان وەک براندێکی کوردستان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکەم. کاردانەوەی هاووڵاتییان بۆ کارەکەم زۆر جێگەی دڵخۆشییە، بەردەوام دەستخۆشیم لێ دەکرێت و ئەوەش هۆکارێکە بۆ زیاتر سووربوون و بەردەوامیم لەسەر کارەکەم. بەو ئومێدەم لە ئایندەدا کاری باشتر و گەورەتر بکەم.










