سهرهتا وتار هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کوردستان
شێخ ستار عەواڵانی
لە ساتە وەختێکی مەترسیداری مێژوویی بۆ گەلی کورد، بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان، سەردانی سەرۆک مسعود بارزانی بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا لە رۆژانی ٢١-٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، نەک تەنها دەرفەتێکی دیپلۆماسی بوو، بەڵکو پەیامێکی ورد و ڕوون بوو بۆ جیهان: گەلی کورد تەنها نییە و سەرۆک بارزانی وەک دەنگی هەموو کوردستان، بەردەوام لە پێشەنگایەتیکردنی خەباتی نەتەوەیی و مرۆییدایە، ئەم سەردانە لە قووڵایی و کاریگەرییەکەیدا، وێنەیەکی ڕوون پێشکەش دەکات لە رۆڵی بێهاوتای سەرۆک بارزانی وەک سیمبۆلی یەکێتی نەتەوەیی کورد و پاڵپشتێکی نەگۆڕ بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان بەتایبەتی لەم ساتە قەیرانییەدا، کە رۆژئاوای کوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەکی سەربازی و سیاسیی گەورەدایە.
ڤاتیکان: پاڵپشتی ناوەندێکی جیهانی بۆ گەلێکی ستەملێکراو
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەهەم لە ڤاتیکان، زیاتر لە دیدارێکی دیپلۆماسی بوو. ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەندی خەباتی سیاسیی گەلی کورد بە ویژدانی مرۆیی جیهان پتەوتردەکات. پێشوازی پاپای فاتیکان لە سەروک بارزانی؛ ئاماژەی پاڵپشتی ناوەندێکی جیهانی کاریگەرە لە میللەتی کورد بەگشتی و کوردی ڕۆژئاوا ( لە ئێستادا)بەتایبەتی. ئەمەش ئاماژەیە بۆ خەباتی ڕەوای میللەتی کورد، ڤاتیکان، وەک ناوەندێکی کاریگەری سیاسی و دیپلۆماسی و ئاشتەوایی لە جیهان؛ پێگەیەکی گونجاو بوو بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی؛ جیهان لەو مەترسییانە ئاگادار بکاتەوە، کە ئەمڕۆ کورد لە رۆژئاوا ڕووبەڕووی بوونەتەوە. ئەم هەنگاوە، دەسەڵاتی نەرمی سەرۆک بارزانی و توانای ئەو دەردەخات لە بەکارهێنانی هەموو دەرفەتێکی نێودەوڵەتی بۆ بەرژەوەندی ئاشتی و ئارامی نەتەوەیی کوردی.
رۆما: دیپلۆماسییەتی ڕاستەوخۆ و سیاسەتی ئاوێتە
لە رۆمادا، کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی ئیتالیادا، دیدارێکی ستراتیژی پێویست بوو لە کاتێکی پێویستدا. ئیتالیا وەک یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئەوروپای بەهێز و ئەندامی ناتۆ، کاریگەری سیاسیی و دیپلۆماسیی گرنگی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پرسی سووریادا، سەرۆک بارزانی بە کردنەوەی پرسی دۆخی رۆژئاوای کوردستان، هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بەسەر هێزەکانی هەسەدە و مەترسیی سەر هەڵدانەوەیی داعش، بەرپرسانی ئیتالیای ئاگادارکردەوە لەوەی، کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەستراوەتەوە بە پاراستنی کوردان و ناساندنی مافە ڕەواکانیان.
بەڵێنی ئیتالیا بۆ پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان، بەرهەمی دیپلۆماسییەتی شارەزایی و کاریگەری سەرۆک بارزانییە، بەڵگەیەکە لەسەر سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لە ڕابردوو و ئێستادا.
سەرۆک بارزانی: دەنگی هەر چوار پارچەی کوردستانە
ئەوەی ئەم سەردانە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە، کە سەرۆک بارزانی تەنها وەک سەرۆکێک نەبینرا ، بەڵکو وەک نوێنەر و دەنگی هەموو گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دەرکەوت. ئەم پێگەیە لە مێژوو و خەباتی درێژخایەن و قوربانیدانەکانی ماڵی بارزانی بۆ گەلی کورد سەرچاوەیگرتووە.