عارف ڕوشدی
پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، چارەسەریش دەبێت لەسەر بنەمای «کوردایەتی» بێت. لە هەموو پرسێكی نەتەوەییشدا چەمكی «برایەتیی گەلان» بیرۆکەیەکی ناواقیعی و زیانبەخشە، چونكە نەتەوە باڵادەست و داگیركەرەكان هەمیشە سوود لەم چەمكە وەردەگرن بۆ چەوساندنەوەی زیاتری ئەو نەتەوانەی كە بێ دەوڵەتن. بۆ پرسی نەتەوەی كوردیش لە ئێستاو لە ڕابردووشدا، هەوڵە دیبلۆماسی و نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ڕێگای ڕاستەقینە بۆ هەموو كێشە و ئاریشەیەك ئومێدی زۆری لەسەر هەڵدەچنرێت.
مێژووی گەلی کورد شایەتی ئەوە دەدات، کە بەهۆی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و داواکردنی مافە ڕەواکانییەوە، هەمیشە ڕووبەڕووی ستەم، چەوساندنەوە و پێشێلکاریی نامرۆڤانەی داگیرکەران بووەتەوە. ئەم ڕاستییەش پێماندەڵێت، کە پرسی کورد لە بنەڕەتدا پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، نەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی یان چینایەتی یان ململانێ لەگەڵ نەتەوەكانی دراوسێ. هەربۆیەش دوژمنان و داگیرکەران کاتێک هێرش دەکەن، جیاوازی لە نێوان بیروباوەڕە سیاسی و ئایینییەکانی تاکەکانی کورددا ناکەن، بەڵکو تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن، دەکرێنە ئامانج.
لەم سۆنگەیەوە، تاکە ڕێگای سەرکەوتن و گەیشتن بە مافەکانمان، بریتییە لە یەکخستنی هەموو تواناکانمان لە ژێر چەتری ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پشتبەستن بە بیری نەتەوەیی و کوردایەتی، پێویستە خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لەسەر ئەم بنەما پتەوە بەردەوام بێت، چونکە ئەزموون سەلماندوویەتی کە هەر ڕێگایەکی تر، جگە لە زیان و لێکترازان، هیچ ئەنجامێکی نەبووە، جێگەی پرسیار و نیگەرانییە کە دوای ئەو هەموو کارەسات و ڕووداوە خوێناوییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێشتا لایەنی سیاسی هەبن کە پێداگری لەسەر دروشمی وەک «کۆمەڵگەی دیموکراتیک و برایەتیی گەلان» بکەن. ئەم دروشمە لە ڕابردوودا هیچ دەستکەوتێکی ستراتیژیی بۆ گەلی کورد بەدینەهێناوە و لە داهاتووشدا نایهێنێت.
بەڵکو، لە زۆر دۆخدا ئەم جۆرە دروشمانە بوونەتە بیانوویەک بە دەست داگیرکەران و ناحەزانی گەلی کوردەوە بۆ شەرعیەتدان بە سیاسەتی سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی، بەلاڕێدابردنی دۆزی ڕەوای کورد و کەمکردنەوەی لە ئاستی نەتەوەییەوە بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی پاساو بۆ بەردەوامیدان بە داپلۆسین و کوشتاری کوردان، هەروەک چۆن ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە کردەیی دەیبینین، لە بەرامبەر ئەم دیدگا ناڕوونەی دوژمناندا، سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی خاوەن ئەزموون و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە پشتیوانیی جەماوەری گەلەکەمان، ستراتیژێکی ڕوون و کوردانەیان گرتووەتە بەر و لە هەوڵێکی بەردەوام و بێوچاندان بۆ گەیاندنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەتا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و دروستکردنی گوشارێکی نێودەوڵەتی، تاکو پرسی کورد لەو بەشەی وڵات لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتییانەو شەرەفمەندانەدا چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە کە مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکات.
بۆیە ئەركی هەموو كوردێكی خاوەن ویژدان و بەهەڵوێستە، كە پشتگیری هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بكەن و یەكڕێزی و یەكگوتاریی لە پرسە نەتەوەییەكاندا بكرێتە سەنتەر، چونكە ڕوون و ئاشكرایە، کە ڕێگای ڕاستی خەبات بۆ گەلی کورد، پشتبەستنە بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و ستراتیژێکی ڕوونی کوردانە، نەک پەنابردنە بەر دروشمی گشتی و بێناوەڕۆک، کە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ناکات و ڕێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی خۆشتر دەکات.