سەرۆک بارزانی و میراتی کوردبوون

138

چیا هەرکی*
دوای سەردانە مێژووییەکەیان بۆ فاتیکان و ئیتاڵیا و دیداریان لەگەڵ پاپا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، جەنابی سەرۆک بارزانی فەرموویان: “ئێمە دڵ و دەروونمان لەگەڵ خوشك و برایانی خۆمانە… ئەگەر ببێتە ئەوەی تەعەدا لە كورد بكرێت و كورد لە ناوچەکە نەمێنێت، ئەو وەختە ئێمە هەموو یەکین و ئامادەین بۆ هەموو شتێك.”

بۆ هەر کەسێک کە مێژووی کورد و شۆڕشەکانی خوێندبێتەوە و بە ویژدانەوە سەیری هەڵوێستی بنەماڵەی بارزانی بکات لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستاندا، نە پاڵشتیی جەنابیان لە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆبانی و ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ پشتیووانیی شەڕڤانان کە دواجار بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و نە داکۆکی و پشتگیرییەکەی ئەمڕۆشیان لە کوردی ڕۆژئاوا و هەوڵ و هەنگاوەنیان بۆ پاراستنیان لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک، بە شتێکی نوێ و نامۆ دەبینێت.

ڕاستییەکەی، ئەم هەڵوێستە نەتەوەیی و کوردستانییەی جەنابی سەرۆک، بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژوو و میراتی خەبات و قوربانیدانی بنەماڵەی بارزانی لەپێناو سەربەستیی کورد و سەروەریی کوردستانی گەورەدا، کە ڕەگەکەی بۆ یەکەم ڕاپەڕین و شۆڕشی نەتەوەیی و نیشتمانیی شەهید (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) دەگەڕێتەوە، بەڵگەنامە مێژووییەکانی ئەو قۆناغە پێمان دەڵێن کە ڕوانگە و گوتار، سیاسەت و ئامانجەکانی شۆڕشی شەهید (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) کوردی و کوردستانی بوون. ئیدی ئەم میرات و مێژووە پێ بە پێ و قۆناغ بە قۆناغی تێکۆشانی ئەم بنەماڵە وڵاتپارێزە، دێت و درێژ دەبێتەوە و جگە لە ئاستی گوتار، هەر قۆناغە و بەپێی هەلومەرجەکە، ئەم دنیابینی و ستراتیژە نەتەوەیی و نیشتمانییە، بە شێوە و میکانیزمی جیاواز درێژەی پێ دەدرێت و بەردەوام دەبێت، بۆ نموونە:

چوونی هێزی بارزانییەکان بۆ باکووری کوردستان و پاڵپشتیکردنی شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینان و سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران.. چوونی هێزی بارزانییەکان بۆ پشتگیریکردنی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید.. چوونی هێزی بارزانییەکان بۆ پشتیووانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشداریکردن لە دروستکردنی (کۆماری دیموکراتی کوردستان) بە سەرۆکایەتیی شەهید (قازی محەممەد – پێشەوا). بەشداری و ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاوی بارزانییەکان لە جۆشدانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا (دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان).
ئەمانە و چەندین هەڵوێستی جوامێرانەی دیکەی ئەم بنەماڵە نیشتمانپەروەرە بە درێژایی سەت ساڵی ڕابردوو، بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە ئەو هەڵوێستانەی جەنابی سەرۆک بەشێکی دانەبڕاون لەم مێژووە شکۆدار و ئەو میراتە شکۆمەندەی کورد و کوردستانیبوونی بنەماڵەی بارزانی.

ئەم دیرۆکە دەوڵەمەندە پڕ هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییانە پێمان دەڵێت، کە بنەماڵەی بارزانی هەر لە سەرەتاوە بۆ خاوەندارێتیکردن لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی ڕاپەڕیون و شۆڕشیان کردووە و بەدرێژایی نزیکەی (١٢٠) ساڵە و تا ئەمڕۆش، ئاڵاهەڵگری ئەم خەبات و بەرخۆدانە کوردستانییەن و لەو ماوە دوور و درێژەدا، جوامێرانە لەپێناو شکۆمەندیی کورد و سەروەریی کوردستاندا جەنگاون. ئەوەی کە ئەمڕۆش جەنابی سەرۆک نوێنەرایەتیی ئەم ئیرادەی کوردبوون و کوردستانیبوونە دەکات و بەردەوام لە خەمی خەڵک و خاکی کوردستان و یەکڕیزی و یەک گوتاری کوردانە، بۆتە جێی شانازیی هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر.

* ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی