خەبات: چیادۆست ڕەسوڵ:- کاتێک بەرەو شاری قەڵادزێ دەکەویتەڕێ، هەر لە دەروازەی شارەکەوە و پێش ئەوەی بچیتە ناو گەڕەکی قەڵات، پردێک بە هەڵواسراوی و تەواونەکراوی دێتە پێش چاوت، کە دیمەنێکی هێندە نامۆ و بێکەسی هەیە، مرۆڤ هەر لە خۆیەوە دڵی پڕ دەبێت و خەم دایدەگرێت.
ئەم پردە ساڵی 2011 بڕیاری دروستکردنی بۆ دەرچووە لەلایەن ئیدارەی پێشووی سلێمانی و ئیدارەی ئێستای ڕاپەڕینەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی کەمێکی لێ دروست کرا، ئیتر کەس خۆی لێ نەکردە خاوەن، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر وێنەی دەگرن و لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەکەنەوە و بە تەنزەوە لەسەری دەنووسن: جاران گەنج بووم کە بڕیاری دروستکردنی ئەم پردەیە درا، ئێستا وا پیر بووم و تۆ هەر تەواو نەبوویت. یان دەنووسن: کە دەست بە دروستکردنت کرا، من منداڵ بووم، ئێستاش وا منداڵی نەوەکانم لە باوەشمدان، کەچی تۆ هەر تەواو نەبوویت.
شایەنی باسە، چەندین جار خێرخوازان و کەسانی خواپێداو ویستوویانە ئەو بەشەی ماوەتەوە، لەسەر ئەرکی خۆیان تەواوی بکەن، بەڵام دەسەڵات و ئیدارەی شارەکە نەیانهێشتووە و وەک شەرمەزارییەک بۆ خۆیانیان زانیوە، بۆیە بە خێرخوازانیان گوتووە: ئێمە خۆمان تەواوی دەکەین، عومەر حەسەن محەمەد، یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی شاری قەڵادزێ، تایبەت بە خەبات دوا و گوتی: ئێستا کار گەیشتووەتە ئەوەی ئەگەر ناونیشانی شوێنێکت بوێت، دەبێت بپرسیت: لە کوێی پردە هەڵواسراوەکەیە؟ لە هەمووشی سەیرتر و نامۆتر ئەوەیە، دەسەڵات ئیدارەی شارەکە تاوانبار دەکات و ئیدارەکەش شارەوانی و دەسەڵاتی ناوچەکە تاوانبار دەکات، بەڵام لەڕاستیدا هەموویان تاوانبارن، چونکە زۆر بێمانایە کەسانێک کە خۆیان بە پلەدار و خەمخۆر و دەسەڵاتداری شار دەزانن، کەچی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادە نەبوون بچووکترین قوربانی بدەن لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردن و ڕازاندنەوەی شاردا. بەڵکو ئەمانە هەموویان خەریکی گیرفانی خۆیانن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا مێش میوانیان نییە.»
هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: تێناگەم، مادام دەسەڵات و ئیدارەی شار توانای تەواوکردنیان نییە، ئەی بۆچی ناهێڵن خێرخواز و بازرگان و خواپێداوەکان تەواوی بکەن؟ لەلایەن خۆیەوە، شارەوانیی قەڵادزێ هەمیشە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە بەڵێ، ئەمە کار و پڕۆژەی ئەوانە و دەبێت تەواوی بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی داهات و بودجەی پێویستەوە ناتوانن تەواوی بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە پڕۆژەکە لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتیی ڕاپەڕین حیساب کراوە، بەڵام هەروا ماوەتەوە و ئەوانیش هەمان بیانووی نەبوونی پارە و داهات دەهێننەوە.
حاجی عومەر عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی سەربەخۆی خەمخۆرانی شاری قەڵادزێ، بە (خەبات)ـی گوت: ئێمە وەک دەستەی خەمخۆران و چالاکوانان و دڵسۆزانی شارەکە، چەندین دیدار و چاوپێکەوتنمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانیی قەڵادزێ و بەڕێز قایمقامیەتی قەزای پشدەر و تەنانەت لێپرسراوانی ئیدارەی ڕاپەڕینیش ئەنجام داوە، بەڵام دیسانەوە ئەوان بیانووی نەبوونی بودجە دەهێننەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری هیچیان نەوەستاون و ئەوانەی پێشتریش وەستابوون، ئێستا دەستیان پێ کردووەتەوە. تاکە پڕۆژە کە بووەتە جێی نیگەرانی و لە هەمان کاتدا وەک کۆمیدیایەک بووەتە ترێندیی سەر زمانان، هەر ئەم پردە هەڵواسراوەیەیە کە خەڵک چیرۆکەکەی بۆ یەکدی دەگێڕنەوە.
حاجی عومەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر داهاتی نێوخۆی شارەکە، بەتایبەتی مەرزی کێلێ و خاڵە سنوورییەکانی دیکە و گوتیشی: لای هەموومان ئاشکرایە کە داهاتی تەنیا یەک ڕۆژی مەرزی نێودەوڵەتییکێلێ دەتوانێت کەموکوڕی پردە هەڵواسراوەکە بە زیادەوە پڕ بکاتەوە، بەڵام بۆچی خەرج ناکرێت؟ بۆچی خەمی لێ ناخۆن؟ یان مەسەلەکە ئەوەیە کەس نایەوێت گرێی دەستی بخاتە دەمییەوە؟ ئەوەی لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەیە کە کاربەدەستانی ئێرە بەرژەوەندی تایبەتیی خۆیان هەرگیز ناکەنە قوربانیی پڕۆژەی گشتی. هەر ئەوەش وای کردووە ئەم پردە بە درێژاییی شازدە ساڵی ڕابردوو هەر بە هەڵواسراوی و ناتەواوی بمێنێتەوە.