خەبات: محەمەد سەعید کوردە:- گۆرانیبێژی گەورەی کورد محەمەد ماملێ، خاوەن دەنگێکی بەسۆز و کاریگەرە لە دنیای هونەری کوردیدا، ئەو هونەرمەندە ناوی تەواوی محەمەد سەعید عەلییە، لە 2 ی حوزەیرانی ساڵی 1925 لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەهاباد بە ناوی (خڕێ) لە دایکبووە و خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەھلەوی و سەعادەت لە مەهاباد تەواوکردووە و تا قۆناغی شەشی بنەڕەتی خوێندووە، محەمەدی ماملێ، لەژیانی خۆیدا سێجار پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە و باوکی7 کوڕ و 2 کچە.

نازناوی ماملێی لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەکوو خۆی باسی دەکات باوکی نەخوێندەوار بووە، کاتێک سەرژمێری گشتیی ھاتووە لێی پرسیووە ناوی خۆت و باوکت چییە ئەویش گوتوویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملێ، چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناھێنن، ئیتر خەڵک لەو کاتە بە دواوە ھەر دەڵێن ماملێ، ئەو هونەرمەندە پێشمەرگەیەکی دلێری کۆماری کوردستان بووە و تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندابوو لەسەر ڕێبازی پێشەوای کوردان قازی محەمەد بووە.

ماملێ، بە گەواهی هەموو لایەک کەسێکی نەتەوەیی بووە، هیچ کات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان بەدوور نەگرتووە، محەمەد ماملێ، هەمیشە پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەی دەکرد، یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی نەجات ماملێ لەگەڵ کۆمەڵێک لاوی بێتاوانی دیکەی شاری مەهاباد لەسێدارە دراوە، بنەماڵەی ماملێ، ھەموویان لە سەرەتاوە تا ئێستا دەنگێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان ھەبووە، ئەم هونەرمەندە پتر لە نیو سەدە لە ژیانی هونەریدا زیاتر لە 300 گۆرانی تۆمار کردووە، یەکەم گۆرانی خۆی لە تەمەنی 13 ساڵی بە فەرمی خوێندووە و یەکەم گۆرانی (ڕۆیی بەجێی ھێشتم)ـە، محەمەدی ماملێ، شیعری ژمارەیەک شاعیری گەورەی بە دەنگە خۆشەکەی خۆی کردووە بەگۆرانی، لەوانە: وەفایی، هێمن موکریانی، ئەحمەد هەردی، گۆران و چەندین شاعیری دیکە.
جگە لە ئاواز و گۆرانییە ڕەسەنەکانی خۆی چەندین بەیت و گۆرانی فۆلکلۆریشی گوتووە.

لە بەیەک گەیشتنێکمدا (خەسرەوی ماملێ) کوڕە گەورەی هونەرمەندم بینی و گوتی: ستایشی هەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەین کە هەموو ساڵێک یادی ماملێی ڕەحمەتی دەکەنەوە، بەڵام من پێمخۆشە 10 ساڵ جارێک یادی باوکم بکرێتەوە و یادەکە پڕاو پڕ بێ بە قەد گەورەیی ماملێ، نەک هەموو ساڵێک بە شێوەیەکی کرچ و کاڵ ئەو یادە گوزەر بکات، زۆر بەداخەوە ماملێ لە ساڵی 1994 تووشی نەخۆشییەکی سەخت و دژوار بوو پێنج ساڵ بەدەست ئازاری ئەو نەخۆشییەوە ناڵاندی تا لە رۆژی 23/1/1999 لە تەمەنی 74 ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد، پاشان لە رێوڕەسمێکی شایستەدا هەر لە زێدی خۆی ڕاسپاردەی خاککرا.