كوشتنی كورد بەناوی ئیسلامەوە… تاوانێكی سیاسی و ئابڕووچوونێكی ئایینییە

158

دڵشاد محەمەد ئەحمەد نەقشبەندی*
درۆكردن بە ناوی ئیسلامەوە بەسە. بەكارهێنانی ئایین وەكوو پەردەیەك بۆ كوشتن، تاڵانكردن و پاكتاوكردن بەسە. كوشتنی كورد، تاڵانكردنی پارە و ماڵیان، كۆچپێكردنی زۆرەملێیان، پاشان دانانی ئەمانە بە (فەتحی ئیسلامی)، تەنها تاوانێكی تەواوی سیاسیی و گزیكردنێكی ئاشكرای ئایینە، كە نە مێشك باوەڕی پێ دەكات و نە شەریعەتیش بەگەنی دەكات، كورد موسڵمانن. ئەمەیش ئەو ڕاستییەیە، كە پێویستی بە گفتوگۆ، فەتوا و مۆڵەتی هیچ كەسێك نییە. هەركەسێكیش ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخات یان بە ئەنقەست لێی ڕەت بدات، ئەوا هاوبەشی تاوانەكەیە؛ ئینجا چ چەكی هەڵگرتبێت، یان فەتوای دابێت، یان بە بێدەنگیی تێوەی گلا بێت، ئەمە چ جۆرە ئیسلامێكە، كە بە كوشتنی موسڵمانان دەست پێ دەكات؟ ئەمە چ جۆرە فەتحێكە، كە تێیدا ماڵی موسڵمانان تاڵان دەكرێت، مزگەوتەكانیان پیس دەكرێت و خوێنیان دەڕژێندرێت، تەنها لەبەر ئەوەی كوردن؟

ئەوەی ڕوودەدات فەتحی ئیسلامی نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی سەركوتكردنی نەتەوەییە، كە بە دروشمی ئایینی داپۆشراوە؛ تێیدا خوێن بۆ خزمەتی دەسەڵات بەكاردێت و دەقە ئایینییەكانیش بۆ پاساوهێنانەوە بۆ تاوانكاری دەقۆزرێنەوە. ئەمەش مەترسیدارترین جۆری گەندەڵییە: كاتێك سیاسەتی گەندەڵ لەگەڵ فەتوای ساختەدا هاوپەیمانی دەكەن. ئەو ئیسلامەی كە ئێمە دەیناسین و باوەڕمان پێیەتی، ڕوونە و هیچ لێڵییەكی تێدا نییە، قورئانی پیرۆز خوێنی موسڵمانی حەڵاڵ نەكردووە، تەنها لەبەر ئەوەی نەتەوەكەی بە دڵی دەسەڵاتدارێك نییە، مافی كوشتنی بە ناوی (یەكخستنی خاك) یان (یەكپارچەیی دەوڵەت) یان (فەتح)یشی بە كەس نەداوە. (ۆمَنْ ێقْتُلْ مُۆْمِنًا مُتَعَمِّدًا فَجَزَاۆُهُ جَهَنَّمُ) [هەركەسێك ئیماندارێك بە ئەنقەست بكوژێت، سزاكەی دۆزەخە.

كەواتە هەركەسێك موسڵمانێكی كورد بە ئەنقەست بكوژێت،پاشان ئاڵای ئیسلام لەسەر تەرمەكەی بەرز بكاتەوە، تەنها بێڕێزی بەرانبەر كورد ناكات، بەڵكوو لە پشتەوەڕا خەنجەر لە ئیسلام دەدات و وەكوو ئایینی خوێن پێشكەشی جیهانی دەكات، نەك ئایینی دادگەری. مێژوو بەزەیی بەكەس نەهاتووەتەوە و بەكەسیشی نایەتەوە. هەركەسێك بەشداریی كردبێت، یان پاساوی بۆ هێنابێتەوە، یان بێدەنگ بووبێت، ناوی لە تۆماری شەرمەزاریی سیاسی و ئایینیدا تۆمار دەكرێت. چونكە خوێن نە بە وتار دەسڕدرێتەوە و نە داخویانی درۆینەی سەركەوتنیش دەیشوواتەوە. بە ڕوونی و بێ هیچ لێكدانەوەیەكی تر دەیڵێین: كوشتنی كورد جیهاد نییە، تاڵانكردنی ماڵ و سامانیان فەتح نییە، بە كافركردنیشان ئایین نییە، بەڵكو دەستدرێژییەكی ڕووت و تاوانێكی بەڵگەدارە، كورد دەمێنێتەوە، ئیسلامیش دەمێنێتەوە، بەڵام ستەمكاران و ئەوانەی بازرگانییان بە ئایینەوە كرد، تێدەپەڕن و یادگە نەفرەتیان لێ دەكات، مێژوو دادگاییان دەكات و خوداش پشتیان تێ دەكات.

*پێشنوێژ و وتارخوێن

و: ڕەمزی میرەكانی