لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان، کاروانێکی دیکەی کۆچبەرانی کورد لە وڵاتی لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
پڕۆسەکە لەلایەن لێژنەیەکی باڵا و هاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ – ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەنجام درا. دوای بەدواداچوونێکی ورد، توانرا کاروانی پێنجەمی کۆچبەران بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ڕێکەوتی 23-01-2026، ژمارەی 100 گەنجی هەرێمی کوردستان کە لە کاتی هەوڵی کۆچی نایاسایی بەرەو ئەوروپا لە لیبیا دەستگیرکرابوون، گەیشتنەوە خاکی هەرێم. بەپێی ئامارەکان، زۆربەی ئەم گەنجانە دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن. هەندێک لەم گەنجانە بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکانی لیبیادا بوون و لە دۆخێکی مەترسیداردا ژیانیان بەسەر دەبرد.
تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 202 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخی جیاواز ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە. بڕیار وایە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی شەشەمیش بگەڕێنرێتەوە. لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە هێشتا لەوێ ماونەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی دەکاتەوە و داوا لە گەنجان و خانەوادەکانیان دەکات نەکەونە داوی قاچاخچییەکان. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتان و ڕووبەڕووبوونەوەی سزای توند و بەندکردن لە بارودۆخێکی نادۆستانەدا.