خەبات: محەمەد سەعید کوردە:- بەر لە 40 ساڵ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، هونەرمەندی دەنگخۆش ئەیاز زاخۆیی ماڵئاوایی لێکردین، ئەو دەنگەی هەمیشە لەبیر و هزرماندایە و هەرگیز لە یادمان ناچێتەوە، ئەیاز یوسف زاخۆیی، لە ساڵی ١٩٦١ لە دەڤەری زاخۆ چاوی بە ژیان هەڵهێناوە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە قوتابخانەی ئەحمەدی خانی خوێندووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشی تێدا دەرکەوتووە و دڵی بۆ هونەر لێیداوە، پاشان چووەتە ئامادەیی کشتوکاڵی زاخۆ، دواتریش چۆتە خزمەتی سەربازی لە بەغدا و بۆتە ئەفسەر، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ دا ئەو هونەرمەندە لە ئێستگەی کوردی بەغدا گۆرانییەکانی تۆمار کردووە و خاوەنی ٣٣ بەرھەمی تۆمارکراوە و گۆرانییەکانی پێکهاتوون لە (من دیت جارا عەولی، لاندک، بەس خۆ گرانکە، ئەڤین دایێ، دێ بھەژینە، کەڤۆک، چوخک، سروودانە ڤرۆز، سروودا شەھید، چیبکەم ئەز، ھیڤی و گۆڤەندە لە دیارترین گۆرانییەکانییەتی).

ئەیاز لەکاروانی هونەریی خۆیدا لەگەڵ چەندین شاعیر کاری ھاوبەشی ئەنجامداوە بۆ بەرهەمهێنانی گۆرانییەکانی لەوانە: عەبدولعەزیز سلێمان، بەشار محەممەد، سەگڤان عەبدولحەکیم، بەدرخان سندی، عەبدوڵڵا حوسێن و چەندانی دیکە. جگە لەو گۆرانییانەی لەگەڵ تیپی دھۆک تۆماری کردوون، سێ کاسێتی دیکەشی لە تۆمارگەی (تۆمار) تۆمار کردووە، ھەروەھا چەند گۆرانییەکی بە دوو قۆڵی لەگەڵ ھونەرمەند ئەردەوان زاخۆیی گوتووە و لە ساڵی ١٩٨٢ لە زاخۆ کاسێتێکی تۆمارکردووە کە چەند گۆرانییەکی گرتبووە خۆی وەک (ئەگەر دنیا ھەمی گۆلبن، ھای بەردە بەردەک، چ تەڤنە، مەقامی مێرەمێ و بەستەی پازنیل).

بەڵام بەداخێکی زۆرەوە ئەیاز زاخۆیی لە ڕۆژی 20 ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٦ بە نەخۆشییەکی سەخت و کوشندە لە نەخۆشخانەیەکی شاری موسڵ کۆچی دوایی کرد، پاشان لەسەر داوای خۆی لە ڕێۆڕەسمێکی شکۆداردا تەرمەکەی لە زاخۆ بە خاک سپێردرا.