سهرهتا وتار پەیامەكەی سەرۆك بارزانی… بانگهوازی ژیرانهی هاندان و راگرتنی دهستبهجێی راگهیاندنی چهواشهكاره
د. ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ
لە سەروبەندی ئەو هەڵمەتە میدیاییە هەلًكشاوەی بەم دواییە بینیمان، كە سنووری ڕەخنەی سیاسی ڕەوای تێپەڕاند و گەیشتە ئاستی هاندانی ئاشكرا، خۆمان لەبەردەم دیمەنێكی نیگەرانكەردا بینییەوە، ئەویش داوای دەركردنی سوورییەكان لە كارەكانیاندا بوو، بگرە پەرەی سەند و هەندێك دەنگ داوای دەركردنیانی لە هەرێم دەكرد، شتەكەش هەر بەوەندە نەوەستا، بەڵكوو هەمان گوتار گشتێنرا، بۆ ئەوەی هەموو عەرەبەكان بگرێتەوە، ئەوەش بە چەندان پاساوی ترسناك بوو، گوایە ئەوان لە داهاتوودا، دەبنە مەترسییەكی ناوخۆیی بۆ سەر وڵات.
ئێمە لێرەدا بە زمانی عەرەبی و بە هۆشارییەكی تەواوەوە دەنووسین، ڕووی گوتارمان لە قووڵایی عەرەبیی ناو كۆمەڵە، نەك ئەو سیاسیەتكارانەی كە گوتاری گشتییان كردووەتە ڕووگەیەك بۆ دوژمنایەتی، نەك ئەو قەڵەمانەیش، كە قەیرانەكانیان كردووەتە سووتەمەنی بۆ هاندان. دەنووسین چونكە بڕوامان وایە گەلان بێ تاوانن، بەستنەوەی ڕووداوە سیاسی یان تەناهییەكانیش بە دەركردنی كەسانی سڤیلی بێ دەسەڵات، بەهۆی پابەندی نەتەوەیی یان جوگرافییان، داڕمانی مێشكە، پێش ئەوەی هەڵەیەكی سیاسیی بێت.
لەو سۆنگەیەوە، لە ڕووی دەروونی و هزرییەوە، پەیامەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی بە نامۆ نابینم، بەڵكوو لە شوێنی ڕاست و لە كاتی گونجاوی خۆیدا دەیبینم، سەرەڕای ئەو گوشارە زۆرانەی لەلایەن هەندێك قەڵەم و تەنانەت هەندێك ڕێكخراوی ناحكوومییشەوە كران، كە هەوڵیان دەدا هەرێم پەلكێشی ناو هەڵوێستی گرژ بكەن، یان كێشەی (ڕۆژئاوا) و كردە سەربازییە گەورەكان بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی پاساو بۆ بە ئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەكان، كە لە ڕووی ڕووبەرەوە بچووكن، بەڵام لە ڕووی نیشانەی مرۆیی و واتاییەوە گەورەن، وەكوو دۆخی هەندێك گەڕەك لە حەلەبدا، بهێننەوە.
پەیامی سەرۆك ڕوون، ڕاشكاو و یەكلاكەرەوە بوو. گوتارێكی سۆزداری یان داخویانییەكی كاتی نەبوو، بەڵكو وەكوو نەخشەڕێگەیەك هات، كە نوێنەرایەتی ڕێبازێكی سیاسی و ئاكاری دەكات، كە نەوەیەكی تەواو لەسەری گۆش كراوە و لە بەهاكانییەوە مانای خۆبەندی، خۆشویستنی خاك و ڕێزگرتن لە مرۆڤی هەڵێنجاوە، با خۆبەندییە نەتەوەیی یان ئایینییەكەی، هەرچییەك بێت.
سەرۆك بارزانی، بە ڕوونی و ڕەوانی دووپاتی كردەوە، عەرەب نەتەوەیەكی گەورەیە، تەنها لە سوورییەكاندا كورت نابێتەوە و لە جوگرافیایەكی دیاریكراویشدا قەتیس ناكرێت، ئەوەی گەلانی ناوچەكە كۆدەكاتەوە، زۆر لەوە گەورەترە، كە بانگەوازكارانی ئاشووب وێنای دەكەن. عەرەب یەك دەستەی دوژمنكار نین، هەروەك چۆن كوردیش ڕۆژێك لە ڕۆژان، بانگەوازكاری وەلانان یان دەركردن نەبوون. لە ناو عەرەبەكاندا، كەسانێك هەن لەگەڵمانن، لەگەڵمان وەستاون و لە ئازار و چارەنووسدا، هاوبەشمان بوون.
مەترسیدارترین شت لە هەڵمەتە میدیاییە هاندەرەكاندا ئەوەیە، ڕێگە بۆ شۆفێنیزم و توندڕەوەكانی هەموو لایەك دەكاتەوە، بۆ ئەوەی قەیرانەكان بكەنە ئامرازی دەستكەوتی گەلڕەوتی و ژەهری خۆیان لە ڕێگەی ئەكران و سەكۆكانەوە بڕێژن. لێرەوە، دیارتر پەیامەكەی سەرۆك هات، بۆ ئەوەی ئەم دەرگەیە دابخات و ڕێگەیش لەوانە بگرێت، كە هەوڵ دەدەن ترس و هاندان، بۆ دروستكردنی دڤانەكی سیاسی ساختە بەكاربهێنن. ڕەنگە ئەوەی ئەم پەیامە جیا دەكاتەوە ئەوە بێت، كە تەنها وەكوو زووخاڵی سەر كاغەز نەمایەوە. دوای چەند كاتژمێرێكی كەم، بەڵكوو هەر دەستبەجێ، جێبەجێكردنی كردەیی ناوەڕۆكەكەییمان، لە ڕێگەی بانگەواز بۆ هێوركردنەوە، ڕاگرتنی هەڵمەتە میدیاییەكان، گەڕانەوە بۆ زمانی گفتوگۆ و دانبەخۆداگرتندا بینی. ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوتابخانەیەكی سیاسی پێگەیشتووە، كە دەزانێت سیاسەت لە جیهانی ئەمڕۆدا، لە نێوان گوشار و مەرج، گفتوگۆ و ناكۆكی، هێشتنەوەی دەرگەكان بە كراوەیی لەبری داخستنیان، بەڕێوە دەچێت.
لێرەدا ناتوانرێت مێژوو پشتگوێ بخرێت. پتر لە سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، كاتێك چەند فەیلەقێكی سوپای عێراق كەوتنە دەستی پێشمەرگەوە، ئازاد كران، سەرەڕای ئەوەی سەر بە سوپایەك بوون، كە دەیان ساڵ بوو شەڕی كوردی دەكرد. تۆڵەیان لێ نەكرایەوە و وەكوو دوژمنی تاكەكەسیش مامەڵەیان لەگەڵدا نەكرا، چونكە ئەوان لە كۆتاییدا، ئامرازێك بوون، كە لەلایەن ڕژێمە سیاسییەكانەوە بۆ شەڕ پاڵیان پێوە نرابوو، نەك خاوەن بڕیار بن. ئەو ساتەوەختە لاوازی نەبوو، بەڵكوو لوتكەی هێزی ڕەوشت بوو.
لەو كولتوورەوە، لە پەیامەكەی ئەمڕۆ دەگەین. پەیامێك كە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی میدیای هاندەر دەكات، داوای لێپرسینەوە لەو قەڵەمانە دەكات، كە هەوڵ دەدەن گرژییەكان درێژ بكەنەوە و دەرگەكان لەبەردەم ئاشووب، لە جیاتی چارەسەری بكەنەوە. پەیامێكە هانی پێكەوەژیان، برایەتی، كاری هاوبەش و بڕینی ئەو دەستانە دەكات، كە دەیانەوێت كۆمەڵ پەلكێشی ناو ململانێیەك بكەن، كە تەنها خزمەت بە دوژمنانی هەمووان دەكات. هەروەها پەیامەكە، بەرپرسیاریەتییەكی ڕوون دەخاتە ئەستۆی سیاسەتكارانی كورد و دەزگاكانی ئاسایش، پێویستە وریا بن و هاوكاری نێوان هاووڵاتیان و دامودەزگانی میری، لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا و مافەكانی مرۆڤەوە، پتەوتر بكەن. چونكە ئەو دیموكراسییەی كە هیوای بۆ دەخوازین، بە وەلانان و گومانی بەكۆمەڵەوە بنیات نانرێت، بەڵكو بە متمانە، لێپرسینەوەی دادگەرانە و پاراستنی مەدەنییەكانەوە، بنیات دەنرێت.
ئێمە وەكوو گەلێكی سادە، ڕەنگە ئامرازی شیكردنەوەی سیاسیی قووڵمان نەبێت و لە نهێنییەكانی كردەوە نێودەوڵەتی و هەرێمییە ئاڵۆزەكانیش نەزانین، كە لەم ناوچەیەدا یەكتری دەبڕن. بەڵام هەستێكی مرۆیی، یادگەیەكی مێژوویی و ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ ستەمدا هەیە، كە وامان لێ دەكات، جیاوازی لە نێوان ئاسایشی ڕەوا و سزای بەكۆمەڵی ڕەتكراوەدا بكەین. هەر بۆیە، پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، وەكوو دڵنەواییەكی پێویست هات، نەك تەنها بۆ كورد، بەڵكو بۆ عەرەب و هەموو ئەوانەی لەوە دەترسن، قەیرانەكان ببنە پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی كۆمەڵایەتی. پەیامێكە (لە كاتی خۆیدا) بوو، ڕێگەی لە بەردەم خۆمەڵاسدەرەكان بڕی و قیبلەنماكەی بۆ ئاراستە ڕاستەكەی خۆی گەڕاندەوە: پارێزگاریكردن لە پێكەوەژیان، پاراستنی كەرامەتی مرۆیی و هێشتنەوەی یەكڕیزیی، لەبەردەم ئاڵنگارییە گەورەكاندا.
ئەوەی ئەمڕۆكە دەیبینین، تەنها زەمینلەرزەیەكی ناوخۆیی نییە، بەڵكوو لەئەنجامی كارلێكی ئاڵۆزی هەرێمی و ڕەنگە نێودەوڵەتیش بێت. بۆیە چارەسەركردنەكە دەبێت هێمنانە، هۆشمەند و خێرا بێت، لە ڕێگەی پێداچوونەوەی دەستبەجێی پەیوەندییەكان، قایمكردنی ناوخۆ و ڕەتكردنەوەی بەدواكەوتنی گوتاری ڕكونی بێت. لە كۆتاییدا، دووپاتی دەكەینەوە، ئەم ڕێبازەی سەرۆك بارزانی دایهێناوە، تەنها سەركردایەتییەكی دروست نەكردووە، بەڵكو نەوەیەكی تەواوی دروست كردووە، كە بڕوای وایە هێزی ڕاستەقینە لە وەلاناندا نییە، بەڵكوو لە دانایی كاتی تەنگانە، لە ئازایەتی ڕەوشتی لە كاتی نالەباری و لە هەڵبژاردنی مرۆڤ، لەپێش دروشمەكان دایە. ئەمەش ئەو پەیامەیە، كە ئەمڕۆكە زیاتر لە هەر كاتێكی تر، پێویستمان پێیەتی.
و: ڕەمزی میرەكانی
گەلڕەوتی: شەعبەوی
ئەكران: شاشە
دڤانەك: ڕەسید
زووخاڵ: حبر- مەرەكەب
ڕكونی: كەراهیەت