بەشداری کورد لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس و گرنگی لە قۆناغی ئێستادا

127

هەورامان عەلی تۆفیق
بەشداری کورد لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس ساڵانە لە ١٩ بۆ ٢٣ی کانوونی دوومی هەرساڵێک، لە لایەن World Economic Forum سازدەکرێت، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییانەی کە لە ئاستی جیهانیدا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، بێگومان لە زۆر ڕوانگەوە گرنگی زیاتری پێدەدرێت، داڤۆس تەنیا کۆڕبەندێکی ئابووری ئاسایی ساڵانە نییە، بەڵکو پلاتفۆرمێکی جیهانی کاریگەرە و لەو کۆڕبەندەدا بنەما ستراتیجیەکان ودیدگا ئایندەییەکان بۆ داهاتوو ڕێک دەخرێن، تێیدا پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی وڵاتان بنیاددەنێرن، پەیوەندیە ئابووریەکان لە نێوان کۆمپانیا گەورەکانی بڕیاردەر لە جیهانیدا رێک دەخرێنەوە، بۆیە بوونی کورد لەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەدا هەڵگری ڕەهەند و بابەتە پرۆتۆکۆلیەکان تێدەپەڕێنێت بۆ گرنگییەکی ستراتیجی قووڵی سیاسی و ئابووری.
لە ڕوانگەی سیاسیشدا بەشداری کورد لە داڤۆس دەرفەتێکی بەرچاوە بۆ گەیاندنی ویست و خواستی ڕاستەوخۆ بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەمیشە پرسی کورد لە ڕێگەی لایەنی سێهەمەوە خراوەتە بەرباس و لە چوارچێوەیەکی تەسکی ناوچەییدا سەیرکراوە، بۆیە زۆر جار سروشتی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست داوەوە، بەڵام لە داڤۆس بوونی کورد و نوێنەرایەتی دەتوانێ بە زمانی سیاسی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان مامەڵەبکات، لە ڕوانگەی چەمکی سەقامگیری و فەرمانڕەوایەتێکی دروست و تەندروست، لە ڕوانگەی پێکەوەبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگیەکیە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەکان، بێگومان ئەم بەشدارییە وێنەی کورد وەک کارەکتەرێکی سیاسی ڕێکخراو کە توانای بەشداریکردنی لە گفتوگۆ جیهانییەکاندا هەیە لە دەرەوەی لۆژیکی ململانێ و هێز لە ناوچەکە.
لە پەنا ڕەهەندە سیاسیەکانەوە، گرنگی ئابووری و بەشداری کورد لە کۆنفرانسی داڤۆس بە ڕوونی دیاردەخات، کۆنفرانسەکە سەکۆیەکی گرنگە بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکان و دامەزراوە داراییە جیهانییەکان، لەم چوارچێوەیەشدا کورد بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان دەتوانن تیشک بخەنە سەر دەرفەتە بەردەستەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی وزە، ژێرخانی ئابووری، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، هەروەها ئەم جۆرە بەشداریکردنە کاریگەری لە باشترکردنی وێنەی ئابووری هەرێم و وێناکردنی وەک ناوچەیەکی تاڕادەیەک سەقامگیر بە بەراورد لەگەڵ دەوروبەرەکەی.
ئەم ڕەهەندە ئابوورییە بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانە داراییەکانی ناوچەکە و ئەو تەحەددایانەی پەیوەستن بە ناجێگیری نرخی وزە و دابەزینی وەبەرهێنان لە هەندێک وڵاتدا، تادێت زیاتردەبێت، ئامادەبوونی کورد لە داڤۆس دەرفەتێک دەڕەخسێنێت کە دیدگای ئابووری خۆی بخاتەڕوو و پەیوەندی ڕاستەوخۆ دروست بکات تا بتوانێت پشتبەستن بە کەناڵە تەقلیدیەکان کەم بکاتەوە و ڕێگەی نوێ بۆ هاوکاریکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش سەر لەنوێ دروست بکاتەوە و کورد بەرەو قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیەکانی هەنگاوبنێ.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا، بەشداریی کورد لە داڤۆس لە کاتێکی گرینگدایە کە بە گۆڕانکاریی قووڵی جیۆپۆلەتیکی دیاریکراوە، ململانێ بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێبڕکێی نێودەوڵەتی بۆ سەرچاوەکانی وزە و داڕشتنەوەی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان، هەموو ئەمانە کورد دەکەنە یاریزانێکی بەتواناو دیارو کاریگەر، کورد لە ڕێگەی ئەم کۆڕبەندەوە دەتوانێت خۆی وەک هێزێکی سەقامگیرکەر و هاوبەشێکی پۆتانسێل لە پڕۆژەکانی وزە و گەشەپێدان و پردێک لە نێوان هەرێم و جیهاندا نیشان بدات.
بۆیە ناکرێ گرنگی ئەم بەشدارییە بە سانایی سەیربکرێت، دەرکەوتن لەسەر پلاتفۆرمێکی جیهانی وەک داڤۆس، متمانەی جەماوەری کورد بەخۆی بەرز دەکاتەوە و هێزو گڕوتینی تایبەت بە دۆزی کورد دەبەخشێت، ئەم ئامادەبوونە نێودەوڵەتییە پەیامێک دەنێرێت کە کورد لە جیهان دابڕاو نییە، بەڵکو بەشدارێکی چالاکە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئایندەی ئابووری و سیاسەتی جیهانی.
بەکورتی بەشداری کورد لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس نوێنەرایەتێکی ستراتیژی فرەڕەهەندی دوورمەودا نیشاندەدات، بەجۆرێک سیاسەت و ئابووری و سیمبۆلیەکان پێکەوە دەبەستیێتەوە،و بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی ئامادەیی نێودەوڵەتیی کورد،و پاڵپشتیکردنی دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئابووری و چەسپاندنی ڕۆڵی کورد وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە دیمەنێکی ئاڵۆز و بەردەوام لە گۆڕانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی ئەم ئامادەبوونە هەنگاوێکی پێویستە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە ئێستا و لە ئایندەدا.