خەبات- عەلی بانیشاری
دڵڕفێنیی هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی وایكردووە لە هەرچوار وەرزەكەی ساڵدا گەشتارێكی زۆر ڕووی تێبكەن. ئەگەرچی دوورترین پارێزگای هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەهۆی دیمەنەجوانەكانی هاوینەهەواری ئاوێسەر و تەوێڵە و بیارە و ئەحمەدئاوا و زەڵم و چاوگ و گەنجانی خورماڵ و ڕیشێن ساڵانە هەزاران گەشتیار لە پارێزگای هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕوو لە هەڵەبجە و دەوروبەری دەكەن. گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: ساڵی ڕابردوو پێشوازیمان لە زیاتر لە یەك ملیۆن گەشتیار كردووە.
هەورامان جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە (خەبات)ـی ڕٍاگەیاند: سەرەڕای قەیرانی دارایی و ڕەتكردنەوەی كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری لەلایەن وەزارەتە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ڕابردوودا، بەڵام كەرتی گەشتیاری لە پارێزگای هەڵەبجە بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیووە. گوتیشی: ساڵی ڕابردوو توانیومانە پێشوازی لە یەك ملیۆن و 17 هەزار و 540 گەشتیار و سەردانیكار بكەین.
گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: پڕۆژەی دروستكردنی سێتی تەوالێت و نوێژگە لە سەیرانگای ئاوێسەر-تەوێڵە، پڕۆژەی ڕێگاسازی نێوان هاوینەهەواری ئاوێسەر-تەوەنێ-بەڵخە، پڕۆژەی كارەبای سەیرانگای ئاوێسەر، پڕۆژەی ڕێگاسازی و دروستكردنی سێتی توالێت و لێدانی بیر لە ناوچەی نەوڕۆڵی-تەپەسەوز، پڕۆژەی ڕێگاسازی و دروستكردنی توالێت و دانانی كورسی و حاویە و تۆڕی كارەبا لە سەیرانگای شەڵواندڕ، پڕۆژەی ڕووناكردنەوە و دانانی حاویەی خۆڵ و كورسی دانیشتن بۆ سەیرانگای جەلیلە، ئەگەرچی پڕۆژەی گرنگن، بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی ڕابردوودا نەتوانراوە جێبەجێ بكرێن.
هەورامان جەلال زیاتر گوتی: هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیار و میوان داهاتێكی ڕاستەوخۆی زۆر باشی هەبووە بۆ خاوەن بنكە گەشتیارییەكان و داهاتی ناڕاستەوخۆشی هەبووە بۆ سەرجەم ناوچە گەشتیارییەكان و سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە پلانی هەیە داوای وەرگرتنی موڵەتی وەبەرهێنان لەسەر بەشێك لە زەوییەكانی لە شوێنە گەشتیارییەكان پڕۆژەی گەشتیاری وەبەرهێنان ئەنجام بدات، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان گۆڕانكاری گەورە لە كەرتی گەشتیاری ناوچەكە دروست دەبێت.
گەشتوگوزاری هەڵەبجە پلانی هەیە بۆ ساڵی 2026 كۆمەڵێك پڕۆژە ئەنجام بدات لەوانە (پڕۆژەی كۆمەڵگەی گەشتیاری شاهانەی زەڵم، هۆتێلی تاڤگەی زەڵم، پڕۆژەی هەوارگەی هەورامان). گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: جگەلەو پڕۆژانە كۆمەڵێك پڕۆژەی دیكەش كاریان لەسەر كراوە تاوەكو لەسەر زەوی شارەوانی هەڵەبجە ئەنجام بدرێن كە ئەوانیش بریتین لە (پڕۆژەی گەشتیاری كورد لاند، پڕۆژەی هۆتێلی پێنج ئەستێرە لە سەنتەری قەزای ناوەندیی هەڵەبجە، شارییاری تایگەر تاون، هۆتێلی گەشتیاری هەوارگەی بیارە، پڕۆژەی گەشتیاری خان ئەحمەدخان، پڕۆژەی گوندی گەشتیاری بیارە، پڕۆژەی گەشتیاری چەمی زەڵم).
هەورامان جەلال ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی ڕابردوو توانیویانە سێ پڕۆژەی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بخەنە بواری جێبەجێكردن. (نۆژەنكردنەوەی سەیرانگای چاوگ، پڕۆژەی جوانكاری و بە گەشتیاریكردنی جۆگەی ئێران و عێراق لە شارۆچكەی بیارە، پڕۆژەی جوانكاری كۆڵانێكی بیارە).
هەر ساڵی ڕابردوو تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە سەردانی 285 بنكەی گەشتیارییان كردووە. بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكان 49 ئاگاداركردنەوەیان بە شوێنە گەشتیارییەكان داوە و دوو هۆڵی ئاهەنگێڕانیش بەهۆی پێشێلكردنی ڕێنماییەكان داخراون.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكە دەشڵێت: لە ساڵی ڕابردوودا 65 پۆلێنمان بۆ شوێنە گەشتیارییە جیاجیاكان كردووە و 108 موڵەتی گەشتیاریمان بە شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە داوە. سەبارەت بە داهاتی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، هەورامان جەلال گوتی: ساڵی ڕابردوو نزیكەی 71 ملیۆن دینار داهاتی بەڕێوەبەرایەتیمان بووە.
لەبارەی گەشتیاری زستانە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەكرد، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە شەش ناوچەی گەشتیاری زستانە هەن كە گەشتیار ڕوویان لێ دەكەن لەوانە (هاوینەهەواری ئاوێسەر، تەوێڵە، بەڵخە، بیارە، ئەحمەدئاوا، زەڵم)، سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە وەرزی زستاندا سەردانی ئەو شەش ناوچە گەشتیارییە دەكەن، هەورامان جەلال گوتی: ژمارەی گەشتیارمان بەپێی وەرزەكان جیانەكردووەتەوە، بۆیە نازانین لە وەرزی زستاندا چەند هەزار گەشتیار ڕوو لەو شەش ناوچە گەشتیارییە دەكەن.
بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، 36 ناوچەی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەیە.