عێڕاق لە لێواری داڕماندایە خەریکە دەڕوخێت!

128

پ.د. نه‌سره‌ت سابیر خۆشناو

ئایا دەزانن لە عێراق ئەم دۆخە بەردەوام بێت کارەساتی گەورە ڕوودەدات، ببینن و ببیستن ئەوە کورتهێنانی بودجەی حکومەتی ئێستا لە عێراقدا گەیشتووەتە 35%. واتا لە ڕووی کلینیکیەوە مردووە، هۆکارەکانی ئەو کورتهێنانەی دارایی لە عێڕاقدا زۆرن لە ژمار نایەن لەوانە مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەو مووچەی پەرلەمانتاران و بەکارهێنانی ناکارامەیی سەرچاوەکانی داهاتی ئەم وڵاتە، نمونەی زۆریش لەبەردەستن وەک ئەوەی ئەبو جاسم دوو پردی دروستکرد کە تێچووی بودجەی تەواوی وڵاتان بوو. ئێوە بڵێن ئەگەر بە بیست هێندەی نرخی جیهانی پردێک دروست بکەن و بە پێنج هێندەی نرخەکەی کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکەن چۆن کورتهێنان و گەندەڵکارییەکی بەربڵاوو بێ لێپرسینەوەو چاودێرییەک ڕوونادات، لە لایەکی دیکەوە هەندێکیان بەناوی ئایینەوە دەیدزن و ئەمەش بەو مانایەیە کە عێراق لە ئێستادا بەبێ لێدان لە ئێران لە لێواری داڕماندایە.

ئەوەش لەبیر نەکەین لە حکومەتەکانی پێشوودا کورتهێنان هەبوو، بەڵام یاسای بەڕێوەبردنی دارایی تەنیا ڕێگەی بە زۆرترین ڕێژەی 3% کورتهێنان دابوو، ئینجا لە دوای ئەم ماوەیە کورتهێنانەکە گەیشتە 5%، پاشان 10%، پاشان گەیشتە 15%، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر ترسناک بوو چونکە لە ڕێژەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی زیاتر بوو، کەچی لە حکومەتی ئێستای گەندەڵ ڕێژەی کورتهێنانەکە گەیشتووەتە 35%، لەولاشەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میدیاکان دەردەکەوێت و دەڵێ کورتهێنانی ڕێگەپێدراو لە یاسای بەڕێوەبردنی داراییدا 30%یە، ئێمەش 35%مان تێپەڕاندووە. واتا سەرۆکی حکومەت نازانێت کورتهێنانی یاسایی 3%ە نەک 30%.

پێشتر کورتهێنانی زیاتر لە 3% کاریگەری لەسەر بودجەی وەبەرهێنان هەبوو، پاشان کە زیاتر بوو ئەمجارە کاریگەری کەوتە سەر بودجەی کارکردن وەک بەکارهێنانی بەنزین، کڕین و هتد.

ئێستا کارەساتی گەورە لێرە دەست پێدەکات کورتهێنان گەیشتۆتە شوێنی ترسناک ئەی بۆ دەڵێین عێڕاق لە لێواری مردندایە خەریکە تەواو دەبێت، لەبەر ئەوەی ئێستا کورتهێنانەکەی دارایی گەیشتووەتە مووچە.

کورتهێنانی بودجە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم گەیشتە 24 ترلیۆن و 680 ملیار دینار، خەرجییەکانی ئێستا وەک مووچە و دابینکردنی خزمەتگوزاری، 75%ی کۆی خەرجییە گشتییەکان پێکدەهێنن، کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت مانگانە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و گرانی خەرجی گشتی زیاد دەکات. تا مانگی تشرینی یەکەمی 2025 کورتهێنان گەیشتە 24,680,555,254,693 دیناری عێراقی. کۆی گشتی داهاتەکان نزیکەی 103 ترلیۆن دینار بووە، کە داهاتی غەیرە نەوتی لە 10 ترلیۆن زیاتر نەبووە.

کۆی داهاتی دەوڵەت تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، 103 ترلیۆن دینار بووە، کە داهاتی غەیرە نەوتی لە باج و گومرگ و ڕسوماتەوە کۆی گشتی 10 ترلیۆن دینار بووە، هەروەها داهاتی نەوت، بە فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان و مۆڵەتدان، بڕی 93 ترلیۆن دینار بووه‌، کۆی خەرجییەکانی دەوڵەت بۆ هەمان مانگ 128,194,756,246,510 دینار بووە، کە نزیکەی 90%ی خەرجییەکانی ئێستا بووە، کە دەکاتە 96 ترلیۆن و 378 ملیار دینار، کە بۆ مووچە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە.

کەی ڕەوایە کێ باوەڕ دەکات لە عێڕاقێکی دەوڵەمەند بەهۆی کورتهێنانی بودجەی فیدراڵی حکومەتی نوێی ناچار بێت دەست بۆ قەرز ببات، لە ئێستاشدا کۆی قەرزی دەرەکی ووڵاتیش لە 10 ملیار دۆلار تێدەپەڕێت، لەکاتێکدا قەرزی ناوخۆی عێراقیش نزیکەی 34 ترلیۆن دینارە». دەڵێن دۆخی دارایی عێراق سەقامگیرە، یەدەگی دراوی بیانی بۆ 108 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە و یەدەگی زێڕیش لە 130 تۆنەوە بۆ 172 تۆن زیادیکردووە. کەوابێ دەکرێت قەیرانی دارایی تێپەڕێنرێت بەبێ ئەوەی زیان بە هاوڵاتیان بگەیەنێت.

بەڵام چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم حکومڕانییە کارێکی ئاستەم و نەگونجاوە، دەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی بکرێت تا چیتر داهاتی ئەم ووڵاتە بە دەستی گەندەڵکارانی نێو حزبەکان تەخشان و پەخشان نەکرێت و ووڵات پێویستی بە بەهێزکردنی داهاتی نەوتی و غەیرە نەوتییەکان هەیە لەڕێگەی باشترکردنی کۆکردنەوەی داهات و باج و فراوانکردنی بنکەی گومرگی و …. هتد، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانی ئێستا و باشترکردنی کارایی خزمەتگوزارییە گشتیەکان.