خەبات: عامر فەرحان:- لە ڕابردوودا، کورد چەندان ئامێر و کەرەستەی تایبەت بە خۆی هەبووە کە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانەی بەکاری هێناون، وەک دەستاڕ، ئاشی ئاو و ئاوان… هتد. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کرانەوە بە ڕووی دنیای دەرەوەدا، خواستیان لەسەر کەم بووەوە. سەرەڕای ئەمەش، تائێستاش بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان بە گرنگییەوە تەماشای ئەو ئامێر و کەرەستانە دەکەن و وەک بەشێک لە مێژووی کولتووری نەتەوەکەیانی دەزانن. هەر بۆیە لەناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ لە ناحیەی بیارەی هەورامان، بازاڕێکی تایبەت بەو ئامێر و کەرەستە کوردەوارییانە هەیە و بووەتە هۆکارێک بۆ زیندوومانەوەی ئامێر و کەرەستە کۆنەکانی ڕابردوو.

عادل عیزەت، خاوەنی یەکێک لەو فرۆشگایانەی پێداویستییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان دەفرۆشێت، لە لێدوانێکدا تایبەت بە «خەبات»ی ڕاگەیاند: «ئێمە لەناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ، بەدەر لەوەی دەمانەوێت سوودی ماددیمان دەست بکەوێت، لە هەمان کاتدا ئامانجمانە ئەو ئامێر و کەرەستە فۆلکلۆرییانەی کە لە ڕابردوودا باوباپیرانمان بەکاریان هێناوە، بە زیندوویی بیانهێڵینەوە و بەو گەشتیارە بیانییانەشیان بناسێنین کە ڕوو لە ناوچەکەمان دەکەن. ئەم ئامێر و کەرەستانە خواستێکی زۆریان لەسەرە و بووەتە هۆکارێکیش بۆ ڕاکێشانی گەشتیار بۆ سنوورەکەمان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: «دیارترین ئەو ئامێر و کەرەستە فۆلکلۆرییانەی خواستیان لەسەرە بریتین لە: دەستاڕی دەستی، ئاوان، دەسکەوان و بانگردێن… هتد، کە بە شێوەیەکی گشتی هاووڵاتییان لە ئێستادا بۆ جوانی و ڕازاندنەوەی ماڵەکانیان بەکاریان دەهێنن. هەروەها جۆرەکانی خشڵ وەک مێخەک، شمڵ و کڵاوی زێڕ، کە خانمانی ڕابردوو بەکاریان هێناوە، ئێستاش ئافرەتان خواستی زۆریان لەسەرە و بەکاریان دەهێنن.

عادل عیزەت، خاوەنی فرۆشگای کەرەستە کەلەپوورییەکان لەناوچەی وەزەنێی هەورامان، ئەوەشی بۆ «خەبات» ڕوونکردەوە: «لە ئێستادا کەرەستە کولتووری و مێژووییەکانی کورد لە زۆر وڵاتدا دروست دەکرێن و هاوردەی کوردستان دەکرێن، بەڵام هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەو شێواز و کوالیتییە بەرزەی کە لە ڕابردوودا هەبووە دروستیان بکاتەوە.» گوتیشی: «ئەگەر دەستاڕی بەردین بە نموونە وەربگرین، ساڵانی ڕابردوو بە تەنیا یەک دەستاڕی بەردین دەیان تۆن گەنمی پێ هاڕاوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بازاڕەکاندا هەیە و دروستکراوی وڵاتانە، تەنیا دەتوانرێت وەک زینە و جوانکاری بەکار بهێنرێت.

لە کۆتاییدا گوتیشی: «من پیشەکەی خۆمم خۆشدەوێت و هەمیشە لە هەوڵدام ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە لە ڕابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا بەکارهێنراون، لە دووکانەکەمدا هەبن بۆ ئەوەی نەوەی تازە و ئەو گەشتیارانەی ڕوو دەکەنە ناوچەکەمان پێیان ئاشنا ببن. دەتوانم بڵێم دووکانەکەی من وەک پێشانگایەکی کولتوورییە، بۆیە داواکارم بۆ زیندوو هێشتنەوەی ئەو ئامێر و کەرەستە و خشڵ و جوانکارییە کولتوورییانە، هەرکەس بەپێی توانای خۆی کاری جیددی بکات، چونکە ئەمانە بەشێکی گرنگن لە کولتوور و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردەواری و بەشێکی دانەبڕاون لە مێژووی نەتەوەییمان.