ماڵی کوردستان لە داڤۆس ئەجێندای چالاکییەکانی بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر وەبەرهێنانی ناوخۆیی، ژیریی دەستکرد، پەروەردە و گۆڕانکاریی دیجیتاڵی.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، ماڵی کوردستان (Kurdistan House) لە شاری داڤۆسی سویسرا پڕۆگرامی پانێڵ و چالاکییەکانی خۆی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە. چالاکییەکان لە 19ی کانوونی دووەمەوە دەست پێ دەکەن و تا 25ی مانگ بەردەوام دەبن، کە تێیدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەت، وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و شارەزایانی نێودەوڵەتی بەشدار دەبن.
ڕۆژی دووەم: وەبەرهێنان، ژیریی دەستکرد و پەروەردە (20ی کانوونی دووەم)
لەم ڕۆژەدا سێ پانێڵی سەرەکی بەڕێوەدەچن کە بریتین لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و ئایندەی ژیری دەستکرد و پەروەردە و بازاڕی کار کە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی شارەزاوە بەرێوەدەچن بەم شێوەیە.
1. وەبەرهێنانی ناوخۆیی: پانێڵەکە تیشک دەخاتە سەر گەشەکردن و ئاڵنگارییەکانی بەردەم وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بە بەشداری ڕۆژ پێشڕەو و مستەفا باجگەر.
2. ئایندەی ژیریی دەستکرد (AI): باس لە داهێنان و پەروەردەی گەنجان لە بواری تەکنەلۆژیای نوێ دەکرێت بە بەشداری دانەر وریا و ماکس بورمان.
3. پەروەردە و بازاڕی کار: پانێڵێک لەسەر گونجاندنی سیستەمی خوێندن لەگەڵ خواستی بازاڕ بە بەشداری د. هۆنەر عیسا و نەجیب عوسمان بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژی سێیەم: پیشەسازی و دیجیتاڵیزەکردن (21ی کانوونی دووەم)
ڕۆژی سێیەم تەرخانکراوە بۆ دوو تەوەرەی ستراتیژی:
1. کوردستان کراوەیە بۆ پیشەسازی: د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ وەبەرهێنەران سەعد کۆڵەک و شوان محەمەد سلێمان، دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی پیشەسازی لە هەرێم دەخەنە ڕوو.
2. گۆڕانکاریی دیجیتاڵی: پانێڵێک لەسەر نەخشەڕێی ئایندەی دیجیتاڵیی کوردستان بە بەشداری شارەزایانی جیهانی لە دامەزراوەکانی (Cisco و Stanford HAI) بەڕێوەدەچێت.
پێگەی ماڵی کوردستان
ماڵی کوردستان کە دەکەوێتە شەقامی (Promenade) لە داڤۆس، وەک سەکۆیەکی سەرەکی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی لەگەڵ ناوەندە ئابوورییە جیهانییەکان. ئەم پڕۆگرامە نیشانەی بایەخدانی هەرێمی کوردستانە بە کەرتە نوێیەکانی وەک تەکنەلۆژیا و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.