خەبات ـ رۆشنا عەلى:- وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕۆژى ١٤-١-٢٠٢٦ بە فەرمانێکى فەرمى بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزموونەکان ئەو بابەتانەى دیاریکرد کە بۆ تاقیکردنەوە گشتى و نیشتمانییەکانى پۆلى ١٢ و نۆى بنەڕەتى تاقیکردنەوەیان تێدا ئەنجامنادرێت .دەربارەى ئەوەی کە ئایا وەزارەت ساڵانە ئەم بڕیارە دەدات ئایا هۆکار دروستبوونى کێشەیە لە ساڵنامەى خوێندن و وەك خۆی جێبەجێناكرێت؟یان ناپێویستى بەشێک لەو بابەتانەیە کە بڕیارى داغڵنەکردنییان لێدراوە؟ ئایا مامۆستایان چی دەڵێن و ئەو بابەتەی بە پلەی یەك پێویستی بە كەمكردنەوەیە كام بابەتە؟ لاپەڕەى پەروەردەو خوێندن لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێکى ئامادەکردووە:
چەند ڕۆژێک پێش بڕیارى کەمکردنەوەى پڕۆگرامەکان کۆمەڵێک مامۆستاى وانەى بیرکارى پۆلى ١٢ ى ئامادەیی نوسراوێکییان هاوپێچ لەگەڵ واژووى ١٠٦مامۆستا بە مەبەستى کەمکردنەوەى پڕۆگرامەکە ئاڕاستەى وەزارەتى پەروەردە کردبوو، لەمبارەیەوە مامۆستا کەیوان جەمال لە قوتابخانەى ئامادەیی سامان جاف لە سنووری پەروەردەی گشتی سلێمانی یەکێک لەو مامۆستایانەى واژووى کردبوو بۆ خەبات گوتى: هۆکارى سەرەکى واژووەکانى ئێمە هەر ئەوە بوو کە وەزارەت بڕیارى لەسەردا، چونکە تا ئەو کات بڕیار بۆ کەمکردنەوە نەبوو یەکێک لەو هۆکارانەى مامۆستا فریاى پڕۆگرامەکە نەدەکەوت كەمكردنەوەی بەشەوانەى وانەى بیرکاری بوو لە شەش بەشەوە بۆ پێنچ بەش بە هۆى پشووى ڕۆژانی شەممە مامۆستایانی وانەی بیركاری فریای ناكەون.
*دەربارەى ئەوەى کە ئایا ئەگەر مامۆستا پلانێکى گونجاویش دانێ ناتوانێت پڕۆگرامى خوێندن تەواو بکات بەدەر لە پێشهاتەكانی پشووی لە ناكاو؟ لەمبارەیەوە مامۆستا کەیوان گوتى: ئەگەر مامۆستایەکى زۆر چالاک بێت ، پلانى تایبەتیشى هەبێت ناتوانێت تەواوى بکات، چونکە پڕۆگرامى بیرکارى تەنیا کتێب نییە. بەڵکو کتێبى ڕێبەرییە کتێبى مامۆستایە نزیکەى ١٢٠٠ پرسیارى وزارى ساڵانى ترە بۆیە فراوانەوکتیێکى دیارکراونییە. تەواوى پڕۆگرامەکە ئەگەربە بەشەوانە هەژمار بکرێت ١٧٠ بەشەوانەى پێویستە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردە لەبەشی زانستی هەریەكە لە وانەكانی بیركاری ،كیمیا،زیندەوەرزانی،فیزیا،عەرەبی،كوردی چەندین بابەتی تەرككردووە هاوكات لە بەشی وێژەییش لە وانەكانی ئابووری ، جوغرافیای نوێ ،كوردی، ئینگلیزی ،ئاین و عەرەبی هەروەها پۆلی نۆی بنەرەتیش لە تەواوی وانەكان پڕۆگرامی خوێندن بۆ تاقیكردنەوەی نیشتمانی كەمكراوەتەوە.
*دەربارەی ئەوەی كە ئایا كەمكردنەوەی ئەم پڕۆگرامانە تاچەند زانستییە و بۆچی دوای وەرزێك ئەوكات بریار لە كەمكردنەوەی دەدەن ئەمە كاریگەری لەسەر پلانی قوتابی و مامۆستا نابێت لەمبارەیەوە مامۆستا هەژار یاسین حەسۆ ماستەر لە بیركاری و مامۆستای وانەی بیركاری لەمبارەیەوە بۆ خەبات گوتی: لە راستییا لە كەمكردنەوەو تەرككردنی بابەت باشترە لە سەرەتای ساڵی خوێندن ئاماژەی پێبدرێت، چونكە جێبەجێكردنی ئەو پلانە لەسەر مامۆستا دەوەستێت و مامۆستاش لەسەر پلانی وەزارەت دەڕوات بۆیە ئێمە زۆرجار گلەییمان لەو بڕیارانە هەیە كە لە كاتی خۆیاندا نین هەرچەندە ئەمساڵیش درەنگە، بەڵام پار لە مانگی سێ بوو كە مامۆستا گەشتبووە كۆتا بەشی وانەكە كە بەشی شەشەمە قوتابی لە كۆتایی خوێندن بوومامۆستا هەبوو بە پەلە هەر شەش بەشی تەواو كردبوو لە كۆتایی بڕیار درا كە ئەمە پلانی مامۆستای تێكدا.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هۆكارەكە زۆری بابەتی وانەی بیركارییە كە ساڵانە كەمدەكرێتەوە ومامۆستایانیش داوای دەكەن؟ یان هۆكارەكە زۆری پڕۆگرامەكەیە؟ لەمبارەیەوە مامۆستا هەژار گوتی: وانەی بیركاری قوتابی سەنتەرە مامۆستا دەبێت لەگەڵ قوتابی بێت و نابێت لێك داببڕێن، بیركاری تەنیا لە پۆلدا قوتابی فێردەبێت جیاوازە لە وانەیەكی وەك كۆمەڵایەتی كەڕەنگە قوتابی خۆی بتوانێت بیخوێنێت.
وانەی بیركاری دوای دەستپێكی سیستەمی سویدی نەگۆراوە پار بیركاری پۆلی 10 گۆڕانكاری بەسەردا هات ،لەوەشدا ئێمە گلەییمان كرد ،پڕۆگرامەكە بەبێ ئەوەی قوتابی فێری ئامانج بكرێت كە بابەتە سەرەكییەكەیە بابەتی داتاشراوەی داناوە، كە خۆی سەرەتا دەبێت ئامانج فێر بكرێت ئەو كات داتاشراوە،بەداخەوە كێشەی بیركاری بە گشتی ئەوەیە كە قوتابی نازانێت بۆچی دەیخوێنێت هەربۆیە قورسە لای، كام قوتابییە نمرەی 100 بهێنێ لە بیركاری ،بەڵام نازانێ شیكاری پرسیارەكە لە چی و بۆچی بەكاردێت،چونكە پەیامەكە بە ڕوونی نەگەشتۆتە قوتابییەكە لە چ بوارێك پێویستی پێیەتی .بۆیە بە بۆچوونی من ئەگەر پڕۆگرامەكە بە یەكجاری كەمبكرێتەوە چوارچێوەیەكی ڕێك وپێك و پلانێكی باش بۆ مامۆستا دابنرێت دڵنیام پرۆسەی پەروەردە چەند قات بەرەو پێش دەچێت قوتابی لە زانست و سوودو قازانجی وانەكەش تێدەگات.
*دەربارەی ئەو بابەتانەی تەرك دەكرێن كە ئایا تاچەند بڕیارەكە بە دروستی دەدرێت و زانستییە تاچەند بابەتێك تەركدەكرێت كە قوتابی پێویستی پێی نابێت لە قۆناغەكانی داهاتوو بە تایبەتی پۆلی نۆ لەمبارەیەشەوە مامۆستا هەژار بۆ خەبات ئاماژەی بەوەدا كەئەوان تایبەت بەم بابەتە یاداشت ئاڕاستەی پەروەردە دەكەن، بەڵام بە هەند وەرناگیرێت چەند بابەتێك لە پۆلی نۆ تەركدەكریت لەپۆلی 10 گرنگە ئەوانەی بڕیار لە تەرككردنی بابەتەكان دەدەن لە دەرەوەی پڕۆسەن.










