خەبات ـ دانا بۆتانی:- دوای بڵاوبوونەوەی ماستەر پلانی شاری هەولێرو دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی و پرۆژەی ئاوی ئیفراز و دروستکردنی شەقامی 150مهتری و دانانی دیزاینی کۆرنیش بە شێوەیەکی مۆدێرن، جموجۆڵێکی بێ وێنە کەوتۆتە نێو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و خانوو زەوی، ئایا دروستە سەرمایەکانمان لە نووسینگەکانی خانووبەرە بخەینەگەڕ؟ قەهار عەزیز خاوەنی نووسینگەی زەویوزارە و گوتی: من زیاتر لە 20 ساڵە لە ناو بۆرسەی زەویوزار کار دەکەم و خاوەنی نووسینگەی زەویوزاریشم بۆ ئەوەی سەرمایەکانمان بپارێزین و قازانج بکەین لە داهاتوودا، کەرتی خانووبەرە باشترین شوێنە کە تێیدا سەرمایەکانمان تێدا بەگەڕ بخەین، بەڵام ئەم مامەڵەیەش دەوەستێتە سەر چەند خاڵێک پێویستە ئەو سەرمایەی کە دەیخەیتە کار لە شوێنێک دابێت ئاسایشی بەرقەرار بێت دووەم ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت یاخود لەگەشەکردن دابێت. ئەمانەش لە هەولێری پایتەختی کوردستان بەرجەستە دەبێت، هەر بۆیە دەبینین خەڵکێکی زۆری خۆمان و بەشێک لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق روو لە هەولێر دەکەن و سەرمایەکانیان خەرج دەکەن لە کڕینی خانوو بێت یاخود شوێنێکی نیشتەجێبوون لە هەولێر بێت یاخود دەرەوەی هەولێر ئەمەشە وا دەکات زەویوزار نرخی بەرز بێت لە هەولێر.
بۆچی نرخی زەوی و شوقە لە دەرەوەی هەولێر بەرز بۆتەوە؟ حەسەن عەباس یەكێكی دیكەیە لە بۆرسەی زەویوزار كار دەكات و گوتی: من بەردەوام زەوی دەکڕم و دەفرۆشم چەند ساڵێک پێش ئێستا زەویم هەبووە لە باغلومنارەی نرخەکەی تەنیا شەش هەزار دۆلار بوو، کەسیش لێی نەدەکڕیم، کەچی دوای دروستکردنی شەقامی 150 مهتری و هاتنی ئاوی ئیفراز ئێستا خراپترین زەوی 26 هەزار دۆلارە، ئەم بووژانەوەیە لە ئابووری خێرای ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ گەڕەکە نوێیەکان وا دەکات خەڵکانێک بیر لەوە بکەنەوە بۆ داهاتووی منداڵەکانیان لە دەرەوەی 120 یاخود نزیک شەقامی 150 مەتری زەوی بکڕن، چونکە نرخەکانیان گونجاون و لە ئێستادا دەتوانێت خانوویەک لە ناو شاردا بفرۆشێت و چەند زەویەک بکڕێت و بیانکات بە خانوو ئەمە یەکێکیە لەو هۆکارانەی کە نرخی زەوی بەرزبۆتەوە. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە خەڵکانێک وەک کاسبی ئەو پارەی لە ماڵەوە هەیەتی دێتە نێو بۆرسەی زەویوزار کڕین و فرۆشتن دەکات بۆ قازانج هاوڕێم هەیە خاوەنی 50 هەزار دۆلار بوو لە ئێستادا خاوەنی 200 هەزار دۆلارە، هەر بەکڕین و فرۆشتنی زەوی و زار.
لە درێژەی بەدواداچوونەکەمدا بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زەوی زار لە هەولێر باپیر خدر گوتی: بەهۆی قەرەباڵغی ناو شار و دیزاینی کۆڵانەکانی شار بە شەقامی 10 متری خەڵک زیاتر روو لەدەرەوە دەکات بۆ دانیشتن بەهۆی ئەوەی شەقامەکان 15 مەترین و لە لایەکی دیکەوە گەڕەکەکان سەوزایان زیاترە و ئاوهەواش پاکترە وەک لە ناوەوەی شار ئەمەش وا دەکات خەڵک زیاتر روو لەدەرەوەی شار بکەن لایەیەنێکی دیکەی بەرزبوونەوەی زەویوزار لە دەرەوەی شار و بە تایبەتی ئەو شوێنانەی کە هێشتان خزمەت گوزاریان بۆ نەچووە خەڵکانێک بە بلۆک دەیکڕێت واتا زیاتر لە 20 پارچە زەوی دەکڕێت دەڵێت دوای هاتنی خزمەتگوزاری نرخەکەی زیاتر بەرز دەبێتەوەو قازانج دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ هەولێر بۆتە هێمای پێکەوە ژیان و خەڵک هەست بە ئارامی دەکات ئەمەش وا دەکات لە هەموو عێراق ئاواتە خواز بێت ببێتە نیشتەجێی هەولێر خزمەتگوزاری ئاو و کارەبای 24 سەعاتی لە هەموو عێراقدا خەونەو لێرە راستیە. لە کۆتاییدا رزگار رەحمان گوتی: هەولێر لە فراوانبوون و زیادبوونە هەم لەرووی دانیشتوان هەمیش فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، بۆیە لەمە بەدوا هەولێر تەنیا بەدەوری قەڵات نامێنێتەوە و هەولێری نوێ دەبینین لە نێوان شەقامی 120 و 150 مەتریدا هەڵکەوتەی جوگرافیای هەولێر وادەکات ئاسانتر گەشەبکات لە رووی دانیشتوانەوە کە پایتەختە و هەموو شارەکانی دیکە لە خۆ دەگرێت هەمیش بە هۆی دەشتاییەکەیەوە شەقامەکانی گەورەو فراوانن تاکە شارە لەسەر ئاستی عێراق خزمەتگوزاری بێسنوورە بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا راکێشانی پرۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرا، دووبارە ژیانی بە پایتەخت بەخشییەوە کارەبای 24 سەعاتیش وەک بووک دەری دەخات و رێگاوبانیش باس ناکرێت، بۆیە هەولێر یەکەمینە لەسەر هەموو شارەکانی عێراق.
نووسینگەکانی خانووبەرەو زەویوزار چۆن دەڕواننە ماستەر پلان و پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتی خانووبەرەدا؟ محەمەد حوسێن خاوەنی نووسینگەی زەویوزارە و گوتی: پرۆژەکانی ئاو و کارەبا جوڵەی خستە نێو بازاڕی خانووبەرە ماستەر پلانی هەولێرو پشتێنەی سەوزایی بەرچاو روونی خستە بەردەم کڕیاران و فرۆشیار ئێستا شوێنی نیشتە جێبوون دیارە و هەروەها شوێنی گەشتیار و پیشە سازیش دیارە بۆیە ئەوەی دەیەوێت سەرمایەگوزاری بکات لە کەرتی خانووبەرە بەرچاوی روونەو هیچ شوێنێکیش لە هەولێر بە مردوو ناژمێردرێت لە ماستەرپلان وا رێکخراوە لە هەر شوێنێکی ئەم هەولێرە بیت پرۆژەیەکی گەشتیاری یان سەوزاییت لێ نزیکە، جاران کۆرنیشی هەولێر کەندێکی پیس بوو، بەڵام لە داهاتوودا دەبێتە جوانترین شوێنی و سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت، ئەم پرۆژانە وا دەکەن هەموو شوێنێکی هەولێر جوان بێت و نرخی خانووبەرەش لە بەرزبوونەوە بێت.










