کوردایەتی و ئاڵای کوردستان سەرفرازن

131

عارف ڕوشدی
لە هەر قوناغێکی گەشەکردنی کوردایەتی و هەنگاونان بەرەو خۆڕێکخستنەوە لە چوارچێوەیەکی حوکمڕانییەكی گەشەسەندووتردا، نەهەنگە نامۆیەکان بە خواستی داگیرکەرێک و ویستێكی نالەبار، لەژێر چەتری دروشمبازیدا،دەبنە خۆرکەیەكی بێسوود و زۆرجاریش زیانبەخش، بەدانەوە ئێمە پێشینەی ئەو دروشمبازییەشمان بینیوە، ئەگەرچی هەرگیز سەركەوتووش نەبوون، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت كە هەندێ گرووپ و لایەن هەن، ئاڵا حزبییەکانیان لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان باڵاتر دەبینن و هزری پیرۆزی کوردایەتی پەراوێز دەخەن و خواستە حزبی و کەسییەکانیان پێشدەخەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتییەكانیان، پەنا دەبه‌نە بەر دەستەگەری دژی بەرەی میللەت و هەموو هەوڵێك بۆ لەباربردنی هەرێمەكەمان دەدەن، ئەو هەرێمەی جێگەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتە، ئەو هەرێمەی هەر دەزگا و دامەزراوەیەكی باجەكەی خوێنی ئاڵی پۆلێك شەهیدی قارەمانە، كەچی ئەوان دێن و كۆنەپەرستانە و كورتبینانە، هیوا و خواستی خەفەكراوی داگیرکەر دەبوژێننەوە و لە ئەنجامیشدا بەو ئامانجەیان ناگەن و شكست دێنن.

جێگەی دڵخۆشییە و مێژووش سەلماندوویەتی، هەمیشە ئەوانەی لە بەرەی میللەت یاخی دەبن و لە سەنگەری گەل و نیشتیمان دادەبڕێن و ڕوو لە مۆڵگەی نەیار و داگیركەران دەكەن، لە کۆتاییدا بێ ڕەنگ و ڕوو دەمێننەوە، تەنانەت هاندەر و هاوئاوازەکانیشیان دەستبەرداریان دەبن و زۆرجار پەلکێشی لێپرسینەوەشیان دەكەن، بە هۆکاری ئەوەی (یاخییەکان) لە ئاستێکدان تەنیا بۆ بەکارهێنان دەشێن، نەوەكو جێی متمانە و پشت و پەنا، بەڵام کاتێک ئەو ئەرکەیان نامێنێت وەلا دەنرێن و دەخرێنە زبڵدانی مێژوو.

وەک ڕاستییەکی مێژوویی چەندبارەبووەوە (دەستەمۆیانی لادەر و هاوئاوازەكانی بیری ژەنگاوی داگیرکەر) هەرگیز لەتوانایاندا نەبووە و نابێت، بزووتنەوەی کوردایەتی لاواز بكەن و ئاڵای پیرۆزی گەلەکەمان نەوی بکەن، بەڵکوو هەمیشە خواستە لەرزۆکەکانیان بەرانبەر هێزی لەبن نەهاتووی گەل و گڕی عەشقی ئازادیی کوردستانییان، پووچەڵ ماوەتەوە، ئەوەی ئێستا دەبینرێت و هەندێك حزب و لایەن خۆیانی پێوە خەریك دەكەن، شتێكی نامۆ نییە و پێشتریش بینراوە، ڕەنگە ناوەكان جیاوازبن، بەڵام لە ناواخندا هەر هەمان دژایەتیكردنی خواست و ویستی میللەتە، ئەو میللەتەی بە ڕابەرایەتیی پارتی و سەرۆک بارزانی، ئامانج و مەبەستی زۆر لادەری، بە قەرەبووت كردووە و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە.