خەبات: محەمەد سەعید کوردە:- سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 15ی كانوونی دووهمی 2026 (د. ئەمیر شیت چەلەبی) لە دیوەخانی ڕەشاد موفتی لە شاری هەولێر، کۆڕێکی دەربارەی گۆڤاری ڕووناکی پێشکەش کرد کە (شیت مستەفا چەلەبی) باوکی لە ساڵی 1935 وەک یەکەمین گۆڤار لە هەولێر دەریکردووە و شۆڕشێکی ڕۆشنبیریی لەو سهردهمهدا بەرپا کردووە، سەرەتا بەڕێزیان لە کورتەیەکدا باسی لە مێژووی گۆڤارەکە کرد و گوتی: لەسەردەمی خۆیدا ئەو گۆڤارە کە هەفتانەیەکی زانستی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی بوو بایەخی بە پەروەردە و شیعر و چیرۆک و ڕەخنە و هەواڵ و دەنگوباسی زانستی دەدا، بەڵام تەنیا 11 ژمارەی لێ دەرچوو کە هەر ژمارەیەکی 16 لاپەڕەی قەبارە 28×20 بوو، گوتیشی: باوکم (شیت مستەفا چەلەبی) هەم وەک پارێزەرێک و ڕۆشنبیرێکی شاری هەولێر بەڕێوەبەر و لێپرسراوی گۆڤارەکە بووە، بەڵام بەداخێکی زۆرەوە ئەو گۆڤارە بە هۆکاری سیاسیی و کوردایەتی لە کار وەستا، هەر دوای کۆتایی کۆڕەکە هەر یەک لە د.شوکریە ڕەسوڵ و کەنعان موفتی و ئیحسان موفتی و ژمارەیەک لە بەشداربووان بە سەرنج و تێبینییەکانیان بابەتی کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.