ئەمڕۆ یەكەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی لۆجیستیكی لە هەولێر کرایەوە، زیاتر لە 125 كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی لە 12 وڵاتەوە بەشداری تێدا دەکەن. ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئاڤا میدیا سپۆنسەری میدیایی پێشانگاكە دەبێت.
  ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی لۆجیستیکی لە هەولێر کرایەوە، دامەزراوە حکومییەکان، وەبەرهێنەران، بازرگانان، خاوەن کارگە، کۆمپانیاکانی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی کوالێتی، بەشداری دەکەن و دەبێتە دەرفەتێک بۆ فراوانکردن و دەوڵەمەندکردنی بیرۆکەی بازرگانیکردن و گواستنەوەی بەرهەمەکان.

ڕەحمان عەبدولڕەحیم، سەرپەرشتیاری کاروبارەکانی پێشانگاکە  ڕایگەیاند: پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ١١ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە دەرگای بەڕووی سەردانیکەراندا کراوە دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان نوێنەریان لەم پێشانگەیەدا هەیە، جگە لەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە نووسینگەی سەرەکییان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە و بەشدارییان تێدا کردووە.