لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کۆنفڕانسێکی تایبەت سەبارەت بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفڕانسە لە لایەن ژووری بازرگانیی فەرەنسی – عەرەبی و بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە فەرەنسا ڕێکخرابوو، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا گەورە و نێودەوڵەتییەکانی فەرەنسا بەشدارییان تێدا کرد بە مەبەستی ئاشنابوون بە ژینگەی کارکردن لە هەرێمی کوردستان.
لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکەدا، عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەو پێشکەوتن و ئاسانکارییانەی کە حکوومەتی هەرێم بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دابینی کردووە و ڕایگەیاند، کۆنفڕانسەکە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو بوارە جیاوازانە بن کە دەتوانن تێیدا وەبەرهێنان بکەن، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی سەقامگیر و لەبار بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە ئابوورییەکان دادەنرێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەبوونی بەرچاوی کۆمپانیا فەرەنسییەکان نیشانەی متمانەی ئەوانە بە بازاڕی هەرێمی کوردستان و خواستیشیانە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان. جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پێشوازی لە وەبەرهێنانی بیانی دەکات و هەموو پشتگیرییەکی پێویستیان بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان پێشکەش دەکات.