موحسین خالیدی (کاکەلاو)

لە سیستەمی سیاسیی عێراق لە دوای ساڵی 2003، لە یەکەم نیگادا، سەرۆکایەتی کۆمار لەوانەیە وەک پۆستێکی ڕەمزیی دەربکەوێت: دەسەڵاتێکی سنووردار، کەمترین ڕۆڵی جێبەجێکردن و هاوکات، لەلایەن سەرۆک وەزیران و پەرلەمانەوە سێبەری بەسەردا دەسەپێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم وێنەیە تەنها بەشێک لە واقیع دەنوێنێت. لە وڵاتێکدا کە پەرتەوازەیی پێکهاتەیی و ناسەقامگیریی درێژخایەن و کێبڕکێی دەرەکی فراوان بەرۆکی گرتووە، سەرۆکایەتی کۆمار بووەتە دامەزراوەیەک کە ئەگەر بە دروستی پێناسە بکرێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا بگێڕێت و ئەگەر بە خراپی هەڵبژێردرا، دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان.
پرسیارکردن لە تایبەتمەندییەکانی سەرۆکێکی گونجاو بۆ عێراق لە بنەڕەتدا پرسیارکردنە لە مۆدێلی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتێکدا کە هێشتا بەدوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی تەواودا دەگەڕێت.

قبووڵکردنی نەتەوەیی؛ شەرعییەت لە پشت سندووقی دەنگدانەوە
لە عێراق، شەرعییەتی سیاسی تەنها لە سندووقی دەنگدانەوە وەرناگیرێت. سەرۆک تەنانەت ئەگەر بە یاسایی هەڵبژێردرابێت، بەبێ پەسەندکردنی لە نێو لایەنە سیاسییە سەرەکییەکاندا کاریگەریی نابێت. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە هەرکاتێک ئەم هەڵوێستە وەک نوێنەرایەتی لایەنێکی دیاریکراو (نەتەوەیی یان سیاسی) ببینرێت، ڕۆڵی یەکگرتووانەوەی خۆی لەدەست داوە.

سەرۆکێکی نمونەیی دەبێ ئەمانە بکات:
• زمانێکی هاوبەش لە نێوان شیعە و سوننە و کورددا بێت.
•  لە هەستیاریی مێژوویی و سایکۆلۆژی هەر لایەنێک تێبگات.
• زمانی گشتگیر بەکاربهێنێت، نەک زمانێکی یەکلایانە.
لە عێراق، سەرۆک کۆمار دەبێت وەک پەناگەیەک بۆ کەمایەتییەکان دابنرێت نەک تەنها نوێنەری زۆرینە بکات.

سەرۆکایەتی و بەشی کورد : هێمای بەشداریکردن یان بەرپرسیارێتی نەتەوەیی 

بەگوێرەی ڕێککەوتنی سیاسیی دوای ساڵی 2003، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بۆ کورد تەرخان کراوە. ڕێککەوتنێکی نەنووسراو کە لەگەڵ سپاردنی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان بە سوننەکان، کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمی هاوسەنگی ئیتنیکی و مەزهەبی عێراقی پێکهێناوە. هەرچەندە ئەم دابەشکردنە بە ئاشکرا لە دەستووردا باس نەکراوە، بەڵام وەک میکانیزمێکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان کاری پێ کراوە و لە قۆناغە هەستیارەکاندا ڕێگری لە داڕمانی سیستەمی سیاسی کردووە.

بۆ کورد، سەرۆکایەتی کۆمار، تەنها بەشێکی سیمبولی نییە. پەنجەرەیەکە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی نەتەوەیی لە بەغدا بگێڕێت. سەرۆکێکی کورد لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت وەک پردێک لە نێوان ناوەند و لایەنەکانی دیکەی دوور لە بەغدا بێت. کەسایەتییەک کە لە هەستیاریی بەغدا تێدەگات و لەهەمان کاتدا خەمە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پۆستە تەنها کاتێک ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی دەپارێزێت کە خۆی لە کەمکردنەوەی پۆستەکەی بۆ نوێنەرایەتی نەتەوەییەکی دیاریکراو بەدوور بگرێت.

تەحەدای سەرەکی لێرەدا سنووری ناسکی نێوان شوناسی کورد و بەرپرسیارێتی نەتەوەییە. هەرکاتێک سەرۆکێکی کورد تەنیا وەک وتەبێژی داخوازییەکانی هەرێم تەماشا بکرێت، متمانەی نەتەوەیی کەم دەبێتەوە. بەپێچەوانەوە، هەرکاتێک توانیبێتی ڕۆڵی ناوبژیوانێکی بێلایەن بگێڕێت، نەک هەر پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار بەهێزتر دەبێت، بەڵکو پێگەی کوردیش لەپێکهاتەی سیاسیی عێراقدا بەرزتر دەکاتەوە.
لە ڕاستیدا، ڕێککەوتنی پێدانی سەرۆکایەتی بە کورد، زیاتر لەوەی ئیمتیازێک بێت، بەرپرسیارێتییەکی گەوریە. بەرپرسیارێتی پاراستنی هاوسەنگی، ناوبژیوانی لە ململانێکانی بەغدا و هەولێر و دابینکردنی مۆدێلێکی سیاسەتی ناتائیفی لە یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکانی وڵاتدا.

سەرۆکایەتی وەک ناوبژیوانێک لە تەرازووی هێزدا
پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراقدا نە مەرکەزی و نە شەفافە. حکومەت، پارتە سیاسییەکان، گروپە چەکدارەکان، دەسەڵاتی ئایینی، شەقام و ئەکتەرە بیانییەکان هەموویان بەشێکن لەو هاوکێشەیەدا. لەم ژینگەیەدا، ئەگەر سەرۆک کۆمار بیەوێت وەک “یاریزانێکی چالاک” ڕۆڵ بگێڕێت، ئەوا بە خێرایی لەناو گێژاوی یەکێک لەو یارییانەدا دەخنکێت.
نموونەی سەرۆک کۆمار وەک ناوبژیوان:
• کەسێک کە لە یاساکانی یارییە سیاسییەکان تێبگات.
• دەرەنجامی دەستێوەردانەکان بزانێت.
• لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا، لە “هێزی نەرم” (متمانە، کات و پەیامی سیاسی) کەلک وەربگرێت.
لەزۆرێک لە قەیرانە سیاسییەکانی عێراقدا، ئەوەی هەست بە نەبوونی کراوە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی دابێت.

سەربەخۆیی ڕێژەیی لە کاریگەریی بیانی.. ڕیالیزم لە جیاتی خەیاڵ

هیچ سەرۆکێک لە عێراق ناتوانێت بانگەشەی سەربەخۆیی ڕەها بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان “بەشداریکردن” و “وابەستەبوون” هەیە. سەرۆکی نمونەیی:

  • باوەڕی بە هاوسەنگی لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا هەیە.

  • لە گیرخواردن لە ڕیزبەندی ڕەق و کینە خۆبەدوور دەگرێت.

  • ڕێگە نادات وێنەکەی وەک “نوێنەری هێزێکی بیانی” جێگیر بکرێت.

لە وڵاتێکدا کە ڕای گشتی بەرامبەر کاریگەریی دەرەکی زۆر هەستیارە، تێڕوانینی گشتی بۆ سەربەخۆیی سەرۆک کۆمار هەندێک جار لە واقیعی پشت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان گرنگترە.

فیدراڵیزم؛ لە قەیرانی ناسنامەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەمەچەشنی
یەکێک له تاقیکردنەوه سەرەکییەکان بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، تێڕوانینی سەبارەت به فیدراڵیزم به تایبەتی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێرە. سەرۆکێک کە فیدراڵیزم وەک هەڕەشە ببینێت، یارمەتی دووبارە بەرهەمهێنانی قەیرانەکە دەدات، بۆیە سەرۆکی خوازراو:
• دەستوور وەک سەرچاوەی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دادەنێت.
• خۆی لە سیاسییکردنی ناکۆکییە یاساییەکان بەدوور دەگرێت.
• ڕۆڵی ناوبژیوانی لەسەر بنەمای ماف لە ململانێکانی نێوا هەرێم و بەغدا دەگێڕێت.

  • دژ بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان هەڵوێستی جێددی دەبێت.

  • پشتیوانی لە فیدراڵیزم بکات بەو پێیەی لە دەستوور ئاماژی پێ کراوە.

    بۆیە دەتوانین بڵێێن، لە عێراق، فیدراڵیزم ئیمتیازێکی تایبەت بۆ هەرێمێک نییە، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ مانەوەی وڵات.

    کەسایەتی سیاسی.. بۆچی عێراق پێویستی بە سەرۆکێکی کاریزمایی نییە

    جیاواز لە هەندێک کۆمەڵگە، ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە سەرکردەی کاریزمای و پڕدروشم نییە. ئەزموون دەریخستووە کە سیاسەتمەدارە سۆزدارەکان، لە کۆتاییدا ناکۆکییەکان خراپتر دەکەن.

    خەسڵەتە سەرەکییەکانی سەرۆکێکی سەرکەوتوو لە عێراق بریتین لە: خۆڕاگربێ. پشت بە دیالۆگ ببەستێ. لە زمانی هەڕەشە و هاندانی شەقام خۆی بە دووربگرێت. لەکاتێکدا دەزانێ بە پێی یاسا حەق بەو لایەنەیە کە ئەوی کردووەتە سەرۆک کۆمار، لە لەدەستچوونی پۆستەکەی نەترسێت و بوێرانە بێتە پێشەوە. پێویستە لەکاتی قەیرانەکاندا، گرژییەکان کەم بکاتەوە، نەک هەڵوێستی توندی بێت.

ڕاستگۆیی و متمانەی ئەخلاقی: دوایین قەڵای متمانەی گشتی
لە دۆخێکدا کە گەندەڵی متمانەی خەڵک زۆر دابەزاندووە، سەرۆک کۆمار تەنانەت بە بێ دەسەڵاتی جێبەجێکاری فراوان، دەتوانێت ڕۆڵی دوایین قەڵای ئەخلاقی سیستەمی سیاسی بگێڕێت.

نەبوونی کەیسی دارایی و سیاسیی قورس:

ئەگەر سەرۆک کۆمار هیچ دۆسییەکی ئەخلاقی و گەندەڵی نەبێت:
• هێزێکە، ڕێگەی پێ دەدات ڕەخنەگرێکی بەهێز لەسەر لایەنەکانی دیکەی دەسەڵات بێت.
• متمانەی قسەکانی زیاد دەکات.
• دەیکاتە سەرچاوەیەکی ئەخلاقی، نەک تەنها کەسایەتییەکی ڕەمزی.

دەرئەنجام: سەرۆک کۆماری نموونەیی عێراق کێیە؟
بە کورتی، سەرۆکی خوازراوی عێراق:
• نە پاڵەوانە و نە تەکنۆکراتێکی دەمارگرژ.
• سەرکردەی فراکسیۆنێک نییە، بەڵکو ناوبژیوانی نێوان فراکسیۆنەکانە.
• فریادڕەس نییە، بەڵکو بەڕێوەبەرێکی هاوسەنگ لە بارودۆخی قەیرانەکاندایە.

  • لەوانەیە کەمتر دیار بێت، بەڵام لە کاتێکی گونجاودا کاریگەری دەبێت.

    لە عێراقی ئەمڕۆدا، سەقامگیری لە ڕێگەی نیشاندانی هێزەوە بەدەست نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی عەقڵانییەت و خۆڕاگرتن و شەرعییەتی ئەخڵاقییەوە دێت. ئەگەر ئێمەی كوڕد، بە باشی لە پێگە و ڕۆڵی سەرۆک کۆمار تێبگەین و بە دروستی پڕی بکەینەوە، دەتوانێت یەکێک بێت لە دوایین ئامرازەکان بۆ پاراستنی جۆرێک لە هاوسەنگیی هێزی سیاسی.