کورد مرۆڤدۆستە و نابێت چاو لە دوژمنەکانی بکات

153

مەریوان نەقشبەندی
هیوادارم ئەو زوڵمەی دەسەڵاتدار و گرووپە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەناوی نەتەوە یان بەناوی ئیسلامەوە لە کوردی دەکەن، لەسەر عەرەب و تورک و فارس یان ئایینی ئیسلام حسابی نەکەن، لە هەموو نەتەوەیەکدا لە باوەڕدارانی هەر ئایینێکدا خەڵکی باش و خراپ هەیە و ئێمەی کورد نابێت بەدوای تۆڵەسەندنەوەی هاوشێوەی ئەو کردەوە نامرۆڤانە و نائەخلاقییانەوە بگەڕێین کە گرووپە تیرۆریستییەکان دەیکەن، کورد بەگشتی میللەتێکی قارەمان و بە ئەخلاق و مرۆڤدۆستە، بەڵام لەبیریشمان نەچێت لەناو ئێمەشدا دەیان و سەدان فیکر داعش هەبوونە و هەن، ئێمە لە جوگرافیایەکی ئاڵۆزدا دەژین کە ناکۆکیی مێژووییی قووڵمان لەگەڵ نەتەوەکانی دەوروبەرماندا هەبووە، ناشتوانین بە شەڕ و کوشتار هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان بسڕینەوە و نابێت بیر لەوەش بکەینەوە کە بۆ هەتاهەتایە ئێمە هەر لە شەڕدا بین دژی دەوروبەرمان، ئەوەی جێگەی شانازییە هەرگیز کورد دەستپێشخەر و پەلاماردەر نەبووە بۆ داگیرکردنی خاک و ماڵ و کەرامەتیی نەتەوەکانی دەوروبەرمان، هەمیشە بەرگریکار و نموونەی ئازایەتی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی بووین، تکایە با هەر وەک خۆمان بمێنینەوە و هەمیشە وەک نەتەوەیەکی زوڵملێکراو بین باشترە لە نەتەوەیەکی زاڵم، بینیتان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هاودەنگی و هاوسۆزی و یەکڕیزیی کورد ئەگەر تەنیا لە دڵەوە و لە میدیا و سۆشیاڵمیدیاشدا بووبێت، چەند کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەروونی هەر تاکێکی کورد هەبوو، ڕاستە نابێت ئەو زوڵم و کۆمەڵکوژیانەمان لەبیر بچێت کە بەرانبەرمان کراون، بەڵام پێویستە لە تۆڵەکردنەوەدا و جێبەجێکردنی (العین و بالعین)دا مرۆڤدۆست بین و بە کەرامەت و ئەخلاقی بەرزەوە مافەکانمان وەربگرینەوە.
بۆیه‌ پێم وایه‌‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی كه‌ دوێنێ بڵاوی كرده‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ دژ به‌ هاووڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌ سوورییه‌كان كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، له‌ كاتێكی گونجاو و پێویستدا بوو، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ.