خەبات ـ حەمیدسورچی
هێشوو دارا بەرپرسی ناوەندی دەوروبەری سڵێمانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی « خەبات « دا ڕۆشنایی دەخاتە سەر ڕەوشی ئافرەتان لە دەڤەرەكەیاندا، هەروا باس لە كێشە و ئاریشە كۆمەڵایەتییەكان و ڕەوشی خێزان و ئاماژە بۆ هەڵكشان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران و چەند پرسگەلێكی تری پەیوەست بە بارودۆخی ئافرەتان دەكات.
* ڕەوشی ئافرەتان لە ناوەندو دەوروبەری سلێمانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ــ سلێمانی وەكوو یەكێك لە ناوچەكان لە هەرێمی كوردستان، بوارێكی باشی دروستكردووە بۆ بەشداری ئافرەتان لە خوێندن، كار و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێژەی خوێندنی ئافرەتی تێدا بەرزبۆتەوە، بە تایبەتی لە زانكۆ و بوارەكانی خوێندنی باڵا، ژمارەیەك ئافرەت لە بوارەكانی میدیا، ڕێكخراوە مەدەنییەكان و دامەزراوە فەرمییەكاندا بەشداربوون. لە بوارە ڕۆشنبیری و هونەرییەكاندا، ئافرەتانی سلێمانی ڕۆڵێكی دیار و كاریگەریان هەیە، كە ئەمەش یارمەتیدەربووە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئاگاداری كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەم پێشكەوتنەدا، هێشتا ژمارەیەك كێشەی سەرەكی هەیە كە پێویستە بە وردی چارەسەر بكرێن. توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بە تایبەتی لە چوارچێوەی خێزاندا، هێشتا كێشەیەكی گرنگە زۆربەی ئەم كێشانە پەیوەندییان بە باوەڕ و نەریتە كۆنەكان و لاوازی جێبەجێكردنی یاساكانەوە هەیە. لە بازاڕی كاردا، نابەرابەری لە مووچە و دەستگەیشتن بە پلەی بەرز هێشتا هەیە كە بوونی پشتگیری ئابووری بۆ ئافرەتان زۆر پێویستە. لە ڕووی یاساییەوە، یاساكانی پەیوەندیدار بە پاراستنی مافی ئافرەتان هەن، بەڵام جێبەجێكردنیان لە زۆر بواردا تەواو نییە. پێویستە دامەزراوە پەیوەندیدارەكان هاوكار بن بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئافرەتان و چارەسەری كێشەكان دەتوانرێت بڵێین ڕەوشی ئافرەتان لە دەڤەری سلێمانی لە نێوان پێشكەوتن و چالاكییە دیارەكاندا هێشتا پێویستی بە كاركردنی زیاتر هەیە پێشكەوتنی ڕاستەقینە پێویستە لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی هۆشیاری كۆمەڵایەتی، جێبەجێكردنی یاساكان و پشتگیری ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتان بن.
‎* هۆكارەكانی پشت توندوتیژی چین كە لە بەرامبەر ئافرەتان دەكرێت، خۆسووتاندن وەكوو نموونە؟
– توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی قووڵە كە ڕەنگدانەوەی هۆكارە جیاوازەكانە وەكوو: خێزانی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی و دەروونی. لە نێو ئەم دیاردانەدا، خۆسووتاندنی ئافرەتان وەك یەكێك لە مەترسیدارترین و ناخۆشترین شێوەكانی توندوتیژیە بۆتە نیشانەی قەیرانی قووڵتر. خۆسوتاندن زۆرجار قۆناغی دوای ناڕەزایی، ناڕەحەتی و بێ ئومێدیه‌ كاتێك ئافرەت وا هەست دەكات كە هیچ پشتیوانیەك یان ڕێگایەكی بۆ دەرچوون لەو تەنگژەیە نییە ئەم كردارە وەكوو (هاوارێكی بێدەنگ) دەردەكەوێت. هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم دیاردەیە دەسەڵاتی پیاوسالاری، باوەڕە كۆنەكان كە پیاو بە باڵادەست و ئافرەت بە ژێردەست دەبینن، دەبنە هۆكاری سەرەكی توندوتیژی. لەم چوارچێوەیەدا، بەرگریكردن لە مافەكانی ئافرەت زۆرجار بە (شكاندنی ڕەوشتی خێزانی) ناسراوە و نەبوونی یاسای كاریگەر بۆ پارستنی مافەكانی ئافرەتان هەرچەندە هەندێك یاسا هەیە، بەڵام لاوازی لە جێبەجێكردن و سزادانی تاوانباران، هۆكارێكی گرنگە بۆ بەردەوامیدان بە توندوتیژی. لە لایەكیتر نەبوونی سەربەخۆیی دارایی ئافرەتان، ئەوان دەخاتە ژێر دەستی توندوتیژی، كەمی ناوەندەكانی ڕاوێژكاری، پەناگە و پشتیوانی دەروونی، هۆكارێكی ترە كە ئافرەتان بۆ چارەسەری قەیرانەكانیان هیچ دەرگایەك نابینن. بە كورتی خۆسووتاندنی ئافرەتان تاكە كێشەیەكی تاكەكەس نییە، بەڵكوو نیشانەی شكستی كۆمەڵگە لە پاراستنی ماف، ژیان و كرامەتی ئافرەتانە. چارەسەری ئەم دیاردەیە پێویستی بە یاسای بەهێز و گۆڕینی باوەڕی كۆمەڵایەتی، پشتیوانی دەروونی و تواناداركردنی ئافرەتان هەیە.
‎* توندوتیژی ئەلیكترۆنی لەسەر ئافرەت و خێزان لە كۆمەڵگەی كوردستاندا چۆن دەخوێنیتەوە؟
– لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، سۆشیاڵ میدیا بۆتە بەشێكی گرنگی ژیانی ڕۆژانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی خراپی بۆتە سەرچاوەی توندوتیژی كە كاریگەرییەكانی زۆر قووڵن، بە تایبەتی لەسەر ئافرەت و ئاسایش و هاوسەنگی خێزان توندوتیژی ئەلیكترۆنی دیاردەیەكی نوێیە، بەڵام كاریگەرییەكانی كۆن و قووڵن. چارەسەری پێویستی بە هۆشیاری كۆمەڵایەتی، یاسای تایبەت بۆ پاراستنی قوربانیان، خوێندن و ڕێنمایی بەكارهێنانی سەلامەتی سۆشیالمیدیا و پشتیوانی دەروونی بۆ ئافرەت و خێزان. كاریگەرییە سەرەكییەكانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر خێزان و ئافرەتان بریتین لە قسەی سووك و جنێودان و هەڕەشە و شكانەوەی كەسایەتی لە ڕێگەی كۆمێنت و پەیامەكان، هەست بە ترس و شەرم و كەم‌ نرخێتی لە ئافرەتان دروستدەكات، بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی (بێ ڕەزامەندی) هۆكارێكی مەترسیدارە كە دەبێتە هۆی توندوتیژی خێزانی، شكانەوەی پەیوەندییەكان و تەنانەت تاوانەكانی كوشتن و گوشاری قبووڵكردن و بەراوردكردن لەگەڵ كەسانی تر، هەست بە نائاسایی و ناكۆكی لە نێو خێزاندا زیاد دەكات و دەكرێت بگاتە ناكۆكی بە شێوەیەكی گشتی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا كە هێشتا باوەڕە كۆنەكان و (شەرەف) كاریگەرییان هەیە، توندوتیژی ئەلیكترۆنی بە شێوەیەكی زۆر مەترسیدار دەردەكەوێت، چونكە ئەم جۆرە توندوتیژییە نە تەنها تاكەكەس بەڵكوو ئاسایش و یەكگرتوی خێزان تێكدەشكێنێت.
* ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە هەرێمی كوردستان لە پەرسەندندایە، ئەمەش زەنگی مەترسییەكی گەورەیە بۆ ئاییندە، ئەم پرسە چۆن شڕۆڤە دەكەن؟
– زیادبوونی جیابوونەوە نیشانەی نەخۆشییەكی كۆمەڵایەتییە. ئەگەر لە ئێستادا چارەسەری نەكرێت، لە ئاییندەدا كێشەكان قووڵتر دەبن چونكە خێزان بنەمای كۆمەڵگەیە و پاراستنی داهاتووی كوردستانە ئەم پرسە زۆر گرنگ و مەترسیدارە، چونكە تێكچوونی خێزان ڕاستەوخۆ كاریگەری لە سەر ئارامی كۆمەڵگە هەیە بۆ شڕۆڤەكردنی دۆخی ئاییندە دەتوانرێت ئەم خاڵانە بخەینە بەرچاو: گوشاری ئابووری و بێكاری نەبوونی ئامادەكاری و فێركاری بۆ ژیانی هاوسەرگیری. تێگەیشتنە نادروستەكان لە ماف و ئەركدا.