
خەبات ـ تریفە ئازاد
زریان سەباح سەرۆكی شارەوانی بنەسڵاوە لە دیدارێكی بۆ ڕۆژنامەی خەبات تیشكی خستە سەر پرۆژەكانی خزمەتگوزاری، كە لە كابینەی نۆیەم لە ساڵی 2025 جێبەجێ كراون و گوتی: لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرینگی تەواو بە هەموو سێكتەرەكان دراوە، لە سنووری قەزاو و ناحیە و شارەوانییەكان زۆر كاری باش كراوە و چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێكراون.
سەرۆكی شارەوانی بنەسڵاوە گوتیشی: لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی بنەسڵاوە، لە ساڵی ڕابردوودا (2025) بەگوژمەی زیاتر لە (1،831،000،000)دینار، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە دروستكردنی شەقام و نۆژەنكردنەوە و كۆنكرێتكردن و جوانكاری شۆستەو شۆڵدەرەكان و دانانی سەرەبلۆك و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر جێبەجێ كراون. هەروەها 4937 پارچە زەویش بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری ئەو شارەوانییەدا دابەش كراون .
زریانسەباح دەشڵێت: پڕۆژەكانی ساڵی 2025 كە لە سنووری شارەوانی بنسڵاوە جێبەجێ كراوە بریتین لە: پڕۆژەی دروستكردنی سایدێك و نۆژەكردنەوەی سایدی دووەم لە نزیك سەنتەری لاوان، بازاڕی سەرەكیی بنەسڵاوە، بەگوژمەی (1،680،000،000) یەك ملیار و شەش سەد و هەشتا ملیۆن دینار و دروستكردنی شەقام لە شوێنە بازرگانییەكان، قۆناغی یەكەم، بەگوژمەی (87،000،000)هەشتاو حەوت ملیۆن دینار، هەروەها دانانی سەرەبلۆك بۆ بەشێك لە زەوییەكانی گەڕەكی گەڕەسۆر، بەگوژمەی (15،000،000) پازدە ملیۆن دینار و كۆنكریتكردنی شەقام لە چەند گەڕەكێكی قەزای بنەسڵاوە، بەگوژمەی (15،000،000) پازدە ملیۆن دینار و چاندنی دار و سەوزكردنی دوورگە ناوەندییەكان، بەگوژمەی (17،000،000) حەڤدە ملیۆن دینار و دروستكردن و دانانی شەش ئاڵای كوردستان و سەوزكردنی چواردەوری، بەگوژمەی (7،000،000)حەوت ملیۆن دینار، بەمەبەستی جوانكاری بۆ سیمای شارەوانییەكە و پرۆسەی خاوێنكردنەوەی سەرجەم ڕێڕەوە ئاوییەكان و نۆژەنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە لە زیادكردنی عبارە و نۆژەنكردنەوەیان، بەگوژمەی (10،000،000)دە ملیۆن دینار، وەك ئامادەكاری بۆ وەرزی زستان و بەرگەگرتن لە مەترسیی لافاو و كاری ڕێكخستەوە و كردنەوەی بەشیك لە شەقامەكان بە هاوكاریی تیمی ئامێرەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی بەشێك لەو شەقامانەی كە پێشتر قیرتاوكراون و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەبووە.
زەوی فەرمانبەرانی سوودمەند بوو لە بنەسڵاوە
لە بارەی ئەو زەویانەی لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی بنەسڵاوە دابەش كراون زریان سەباح سەرۆكی شارەوانی بەنەسڵاوە ڕایگەیاند: لە سنووری شارەوانییەكەمان4937 پارچە زەوی لە قۆناغی یەكەم، بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە دابەش كراوە. بەڵام تا ئێستا وردبینی بۆ نەكراوەو بەشێك لەو فەرمانبەرانە زەویان فرۆشتووە بەبێ ئەوەی وردبینی بكرێت، ئەویش لەڕووی یاساییەوە ناكرێت كڕین و فرۆشتن بەم زەوییانە بكرێت، كە دابەش كراوە تا وەكو فەرمانبەرانی سوودمەند بوو بەڵگەی یاسایی خاوەنداریەتی وەردەگرن، ئەو زەویانەی بە فەرمانبەران دراوە دەبێت وردبینی تەواو بكرێت ئینجا ڕادەستی ئەو فەرمانبەرە دەكرێت، ئەمەش لە ماوەیەكی نزیك كۆتایی بە وردبینیەكە دێت.
لەبارەی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی زریان سەباح سەرۆكی شارەوانی بنسڵاوە ڕایگەیاند: لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی بنسڵاوە تاوەكو ئێستا %50ـی شارەوانی بنەسڵاوە ڕێژەی سەوزایی بۆ جێبەجێكراوە و لە بەرنامەمان هەیە بۆ ساڵی 2026 بەپێی ئەو شوێنانەی كە لە نەخشەدا سەوزایین ڕێژەی سەوزاییان بۆ زیاد دەكرێت، لە ڕووی چاندنی دار و دروستكردنی پارك و چەندین جۆریتری زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی.
ڕێگریكردن لە دروستبوونی لافاو
زریان سەباح سەرۆكی شارەوانی بنسڵاوە گوتی: بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی دروستبوونی لافاو، بە گوژمەی 64,000,000 لە قەزای بنەسڵاوە ژمارەیەك كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ساڵی2026 كەوتنە بواری جێبەجێكردن
كە پێكهاتووە لە دانان و دروستكردنی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆی لوولەیی و كۆنكرێتكردنی شەقام، لەسەر بودجەی فریاگوزاری خێرای بەڕەنگاربوونەوەی لافاو لە پارێزگای هەولێر. هەروەها لە هەوڵداین ئەو گەڕەكانەی كێشەی خزمەتگوزارییان هەیە دەرخستەی تایبەتیان بۆ دەكرێت و دووبارە دەینێرین بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی، هەركات گوژمەی پێویست هەبوو و ڕەزامەندی وەرگیرا پرۆژەی تر جێبەجێ دەكرێن.