گرنگیی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد

188

تاڤگە حەمکۆ عەبدوڵڵا*

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانکارییە گەورە سیاسییەکانی عیراق، پۆستی سەرۆک کۆمار بووە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی هاوبەشی لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆیی لەعێراقدا. ئەم پۆستە بە شێوەیەکی (عورفی) نەن,وسراو؛ بە کورد سپێردراوە، کە ئەمەش واتایەکی سیاسی و تەوافقی هەیە. پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد گرنگییەکی خۆی هەیە ، چونکە بەشێکە لە سیستەمی هاوبەشی دەسەڵات لە عێراقدا و پێگەیەکی ستراتێژییە لەبەهێزکردنی فیدراڵیزمی عێراق (وەکو زامنی پێگیریکردن بە دەستوور)، پاراستنی مافەکانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی کورد لە چوارچیوەی دەستووردا و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ، جگە لەمە گرنگی ئەو پۆست:

یەکەم – ئەم پۆستە نیشانەی دانپێدانانه‌ بە بوونی سیاسی کوردە لە عیراق. لە ماوەی مێژوویی درێژدا، کورد زۆرجار لە بڕیاردانە سەرەکییەکان دوور خراوەتەوە، بەڵام دوای 2005 بوونیان لە سەرەوەی سیستەمی حکمرانی نیشانەی ئەوەیە کە کورد هاوبەشە لە دەوڵەتی عێراقدا.

دووەم: پۆستی سەرۆک کۆمار «تاڕاددەیەک» هاوسەنگی سیاسی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عیراق دروست دەکات. لە کاتێکدا (وەکو عورفێک)سەرۆک وەزیران زۆرجار لە شیعەکانە و سەرۆک پەرلەمان لە سوننەکان، ئەوا بوونی سەرۆک کۆمار لە کورد؛ دەکرێت هاوسەنگییەک دروستبکات ورێگری بکات لە کۆکردنەوە و قۆرغکردنی دەسەڵات لە دەستی یەک لایەن.

سێیەم – ئەم پۆستە ڕۆڵی گرنگی دەبینێت لە پاراستنی دەستوور و مافەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆک کۆمار دەتوانێت یاسا و بڕیارە گرنگەکان بۆ دادگای دەستووری بنێرێت، کە ئەمە بەتایبەتی لە کێشەکاندا وەک نەوت، مووچە و دەسەڵاتەکان نێوان بەغدا و هەرێمدا زۆر گرنگە. هەروەها، سەرۆک کۆمار دەورێکی نێوانجی دەبینێت لە کێشە سیاسییەکاندا. ئەم دەورە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گرژی و چارەسەری قەیرانەکان، بە تایبەتی لە پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، سەرۆک کۆمار وەک نوێنەری فەرمی عیراق، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت. بوونی کورد لەم پۆستەدا دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی کورد و کێشەکانی لە مەیدانی نێودەوڵەتی بەرز بکرێتەوە و وێنەیەکی سیاسی و ئارام بۆیان دروست بکرێت، لەگەڵ ئەو گرنگییە سیاسی و دەستوورییەی کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد هەیە، پێویستە بە ڕوونی باس لەوە بکرێت کە ئەم پۆستە چی ئەرک و سنوورێکی هەیە. بە پێی دەستووری عیراق، سەرۆک کۆمار سەرۆکی دەوڵەتە و نیشانەی یەکێتی و سەروەریی عێراقی فیدڕاڵی، بەڵام دەسەڵاتەکانی زۆرجار سنووردارە؟!. سەرۆک کۆمار بەرپرسیارە لە واژۆکردنی یاساکان و فەرمانە فەرمییەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت یاسا یان بڕیارێک بۆ دادگای دەستووری بنێرێت، ئەمەش دەکرێت ببێتە ئامرازێکی یاسایی بۆ ڕێگری لە بڕیارەکانی کە دژی دەستوور یان دژی مافەکانی هەرێمی کوردستانن. لە کێشە سیاسییە قورسەکاندا، بە تایبەتی لە کاتەکانی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆک کۆمار ئەرک دەبینێت. سپاردنی ئەركی پێکهێنانی کابینە بە سەرۆک وەزیرانی پێشنیارکراو،کە یەکێکە لەو خاڵانەی کە دەتوانێت کاریگەری سیاسی هەبێت، ئەگەر بە زیرەکی و هاوسەنگی بەکارهێنرێت.

کورد پێوەستە چی بکات بۆ ئەوەی ئەم پۆسته‌ لەده‌ست نەدات؟

پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد تاقیکردنەوەیەکی ناوخۆیییەش. ئەگەر کورد بتوانن لەسەر کاندیدیکی یەکگرتوو ڕێک بکەون، ئەوا ئەم پۆستە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی قەبارەی سیاسییان لە بەغدا. بە پێچەوانەوە، ناکۆکی نێوان حزبە کوردییەکان دەکرێت ئەم پۆستە لاواز بکات و بۆ لایەنەکانی دیکە عێراق ببێتە کارتی گوشار لەسەر کورد. هەروەها، پۆستی سەرۆک کۆمار دەکرێت ببێتە پەیوەندیدەرێکی گرنگ لە نێوان ناوخۆ و دەرەوە. لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە ئارامی سیاسی و هاوبەشی نێودەوڵەتی هەیە، بوونی سەرۆک کۆمارێکی کورد کە توانای گفتوگۆ و نێوده‌گیری هەبێت، دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی وێنەی وڵاتەکە و هەرێمی کوردستان لە دەرەوە. پاراستنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد تەنها بە ئارەزوو یان مێژوو ناپارێزرێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاوی سیاسیی ڕوون و کردارەکی هۆشیارانە هەیە. ئەگەر کورد نەیانەوێت ئەم پۆستە لە دەست بدەن، پێویستە چەند بنەمای سەرەکی ڕەچاو بکەن یەکڕیزی سیاسی بنەمای سەرەکییە. ناکۆکی نێوان لایەنە کوردییەکان و لەبەرچاو نەگرتنی بەرژەوەندی کورد ، گەورەترین مەترسییە بۆ ئەم پۆستە. ئەگەر کورد نەتوانن لەسەر کاندیدێکی یەکگرتوو ڕێک بکەون، لایەنەکانی دیکەی عیراق دەتوانن ئەو ناکۆکییە بەسوود بۆخۆیان وەربگرن و داواکارییەکانی خۆیان بسەپێنن.

پێویستە ئەوەش بگوترێ کە پۆستەکە دەبێت بە دەسەڵات بگوازرێتەوە، نەک تەنها بە ناوەڕۆک. ئەگەر سەرۆک کۆمار تەنها وەک پۆستێک مامەڵەی لەگەڵ بکات و دەستوور پەیڕەو نەکرێت، ئەوا گرنگی سیاسی پۆستەکە کەم دەبێت و دەکرێت لە داهاتوودا بە ئاسانی لەدەست بدرێت.

سەرۆک کۆمار دەتوانێت دەستوور و دادگای فیدڕاڵێ بکاتە پشتیوانی مافەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر ئەم پێگەیە بە باشی بەکار نەهێنرێت، بوونی کورد لەم پۆستەدا بێواتا دەردەکەوێت، لە کۆتاییدا پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد مافێکی یاسایی نییە، بەڵکو (تەوافق) و ڕێکەوتنێکی عورفی سیاسییە. بۆیە پۆستەکە دەبێت خزمەتگوزاری گشتی و تایبەتی کورد بکات، نە خزمەتگوزاری حزب و لایەنێکی دیارکراو. ئەگەر سەرۆک کۆمار تەنها وەک نوێنەری حزبێک بێت، ئەوا قەبارەی نیشتمانی پۆستەکە لاواز دەبێت و پشتگیری ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەدەست دەدا.

*مامۆستای زانکۆ