موهەننەد مەحمود شەوقی
لەو ساتەوەی عێراق لە ساڵی 2003دا داگیركرا، ئەم وڵاتە چیتر وەك ڕەوتێكی سروشتیی ڕووداوەكان ناژی، بەڵكوو وەك زنجیرەیەك لە تاسانە كەڵەكەبووەكاندا دەژی. داگیركردن تەنیا گۆڕینی ڕژێمێكی سیاسی نەبوو، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتێكی تەواو بوو؛ كە لە هاوسەنگییە مێژووییەكەی دەرهێنرا و سەرلەنوێ لەسەر بنەمایەكی لەرزۆك بنیات نرایەوە، كە دواتر وای لێ كرد، زیاتر بەر پەرچەكردارە هەرێمییەكان بكەوێت. ئەوەی لە عێراق ڕوویدا، بە دانپێدانانی دواتری ناوەندەكانی توێژینەوەی ڕۆژئاوا، ئەزموونێكی كراوەی پێكهێنانەوەی دەوڵەت بوو بە زەبری هێز، بەبێ مسۆگەرییەكی ڕاستەقینە بۆ سەقامگیری یان یەكگرتوویی بڕیار، ئەمەش لە ڕاپۆرتەكانی (دامەزراوەی ڕاند) و بانكی نێودەوڵەتی، لە ساڵانی دوای داگیركاریدا، بە بەڵگەنامە كراوە.
لەو قۆناغەدا، عێراق بە لۆژیكی بەڕێوەبردنی قەیران، نەك بە لۆژیكی بیاتنانی دەوڵەت، بەڕێوە دەبرا. دامەزراوەی لاواز، بڕیاری سەروەریی دابەشبوو و چەك، كە بەرە بەرە لەژێر دەستی دەوڵەت دەردەچوو، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە هاوكێشە سیاسییەكە. لەگەڵ هەر هەوڵێك بۆ پێوەلكاندنیش، درزەكە لەنێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە و لەنێوان دەقی دەستووری و كەتواری كردەییدا، فراوانتر دەبوو. هاووڵاتیی عێراق ئەوەندەی خەمی گەڕان بەدوای دەوڵەتێكی هەبوو، كە بیپارێزێت و كەمترین ئاستی سەقامگیری بۆ دابین بكات، ئەوەندە خەریكی مشتومڕە دەستوورییەكان نەبوو، كە ئەوەش بەدی نەهات. بەڵام شاشییە قووڵەكە، تەنیا تەناهی نەبوو، بەڵكو بەر كرۆكی ئەو داڕشتە سیاسییەش كەوت، كەئەوەی بە (عێراقی نوێ) ناسرا، لەسەری بەرپا بوو. ئەو عێراقەی كە دوای ساڵی 2005پێكهات، لە تیۆریدا، دەوڵەتێكی فیدراڵی بەرپابوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی لە نێوان پێكهاتەكانیدا بوو؛ هاوبەشییەك كە لە دەستووردا نووسراو و لە لێكتێگەیشتنە سیاسییەكانی بەرایی دوای داگیركاری، جێگیر كرابوو. بەڵام ئەم داڕشتەیە، وەك گرێبەستێكی سیاسیی پابەندكەر، بەڕێوە نەبرا، بەڵكو وەك قۆناغێكی ڕاگوزەری شیاوی لێكدانەوە بێت، بەڕێوە برا، كە زۆری نەخایاند، لەژێر گوشاری ململانێ لەسەر دەسەڵات و كەڵەكەبوونی قەیرانەكان، دەستی بە داخوران كرد. لەگەڵ هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011دا و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتایی هەمان ساڵیشدا، ئەم شاشیە پێكهاتەییە چووە قۆناغێكی ሒሒሒሒሒሒሒሒ؛ چونكە مسۆگەركەری دەرەكیی بۆ هاوسەنگییەكان پێوار بوو، بیرۆكەی هاوبەشیش لە بەرژەوەندی لۆژیكی ناوەنددا، پاشەكشەی كرد.
كاتێك تاسانەكەی ساڵی 2014 و كەوتنی مووسڵیش هات، عێراق تەنیا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی تەناهی نەبووەوە، بەڵكو گۆڕانكارییەكی كردەیی لە چەمكی دەوڵەتی فیدراڵیدا بەخۆیەوە بینی. شەڕی دژە تیرۆر، سەرەڕای ڕەوایی و تەوزییەكەی، بۆ چەسپاندنی بەڕێوەبردنی تاكلایەنەی بڕیاری سیاسی و تەناهی بەكارهێنرا، كە گیانی هاوبەشیی پەراوێز خست و متمانەی نێوان ناوەند و لایەنەكانیشی لاواز كرد. لەو كاتەوە، عێراق بە بێدەنگی و بێ ڕاگەیاندنی فەرمی، لە دەوڵەتێكەوە كە دەبوو فیدراڵی بێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی بنیات نرابێت، بۆ دەوڵەتێكی تەنیا بەناو فیدراڵییەوە گۆڕا، كە بە گیانی باڵادەستیی سیاسی، نەك بە گیانی سازانی دەستوورییەوە، بەڕێوە دەبرێت.
كاتێك ناوچەكە گەیشتە ساتی بەهاری عەرەبی، عێراق پێشوەختە لە ڕووی سیاسی و تەناهییەوە داهێزرابوو، بەڕادەیەك كە نەیدەتوانی وەك وڵاتانی تر تاسانەكە هەرس بكات. بەهاری عەرەبی گڕی لە عێراق بەرنەدا، بەڵام زەوی لەژێر پێیدا هەژاند. كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی 2011دا، بەپێی خەمڵاندنەكانی (گرووپی نێودەوڵەتیی قەیرانەكان)، دەوڵەتێكی سەروەریی ناكامی بەجێهێشت، ڕووبەڕووی دەوروبەرێكی هەرێمی گڕگرتوو بێتەوە؛ لە شەڕی سووریاوە بۆ داڕمانی سنوورەكان و هەڵكشانی گوتارە تایەفییەكان، ئەمانە هەموو هۆكارگەلێك بوون كۆبوونەوە، بۆ ئەوەی عێراق بەرەو مەترسیدارترین وەرچەرخان لە مێژووی نوێی، پاڵ بنێن.
ڕووداوەكانی ساڵی 2014 و كەوتنی مووسڵ، تەنیا ئەنجامێكی لۆژیكی كەڵەكەبوونێكی درێژخایەنی شكستی سیاسی و تەناهی بوون. لە نێوان ساڵانی 2014 و 2017یشدا، عێراق جەنگێكی مان و نەمانی لە دژی تیرۆر ئەنجامدا. شەڕەكە تەنیا سەربازیی نەبوو، بەڵكو شەڕی مانەوەی دەوڵەت بوو. ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەكەنەوە، عێراق قورسترین گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی داعش بوو، تێچووی ئەم جەنگەیش لەسەر ئاستی ژێرخان، ئابووری و شیرازەی كۆمەڵایەتییەوە، وێرانكەر بوو.
سەرەڕای سەركەوتنی سەربازیش، عێراق بە چەندان پرسیاری گەورەتر لەوەی پێی چووبووە ناو شەڕەكەوە دەرچوو: كێ خاوەنی چەكە؟ كێ خاوەنی بڕیارە؟ پێگەی دەوڵەت لە هەمبەر ئەمانەدا لە كوێدایە؟ ئەو دەوڵەتەی بە سەربازیی سەركەوت، بە هەمان ئاست لە ڕووی سەروەرییەوە سەرنەكەوت، هەر بەدەست دوو فاقی دەسەڵات و فرەیی ناوەندەكانی هێزەوە دەیناڵاند، ئەمەش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی گرێبەستێكی هاوبەشیی ڕوون بوو لە ساتی مەترسیدا.
دوای تێكشكانی داعش، گوتاری نێودەوڵەتی بەرانبەر عێراق گۆڕا. چیتر تیرۆر ناونیشانی یەكەم نەبوو، بەڵكو چەك لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە سەركردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكرد، بۆ قۆناغی گوشاری سیاسی و تەناهی بۆ چەكداماڵینی گرووپەكان، یان تێكەڵكردنی تەواوەتییان لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، گواستییەوە. ڕاپۆرتەكانی (ڕاند) و (پەیمانگەی برۆكینگز) پێیان وایە، بەردەوامیی بوونی گرووپە چەكدارە سەربەخۆكان، هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری عێراق و هەر پڕۆژەیەكی دەوڵەتبوونی ڕاستەقینەیش، لەبار دەبەن. بەڵام ئەم ڕۆژەڤە تەنیا عێراقی نەبوو؛ ئێرانیش كە لە دوای 2003ـەوە، هەژموونی خۆی لە عێراقدا فراوان كرد، ئەو گرووپە چەكدارانەی وەكوو ئامرازێكی ستراتیژیی، بۆ چەسپاندنی ئامادەیی هەرێمایەتی خۆی و هاوسەنگكردنی هەژموونی ئەمریكادا بینی. توێژینەوەكانی (چاتام هاوس) و (ناوەندی كارنیگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەكەن، تاران وەكوو دۆخێكی كاتیی، سەیری ئەم گرووپانە ناكات، بەڵكوو وەك بەشێك لە سیستەمێكی هەژموونی درێژخایەن دەیانبینێت، كە لە كاتی پێویستدا لە ڕووی سیاسی و تەناهییەوە، بەكاریان دەهێنێت.
بەم شێوەیە، عێراق جارێكی تر خۆی لەناو جەرگەی ململانێیەكدا بینییەوە، كە هەمووی لەدەستی خۆیدا نییە. پێداگری ئەمریكا لەسەر چەكداماڵین، بەر لێكدانەوە ئاڵۆزەكانی ئێران دەكەوێت، لە نێوانیانیشدا دەوڵەتێك هەیە، كە هەوڵ دەدات سەروەریی خۆی بەدەست بهێنێَتەوە، بێ ئەوەی بخلیسكێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ناوخۆییدا. كێشەكە چیتر تەنیا بوونی چەك نەبوو، بەڵكو گۆڕانی بۆ ئامرازێكی سیاسیی بوو، كە بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەكانی دەسەڵات، نەك بۆ پاراستنی دەوڵەت بەكاردێت.
ئەمڕۆكەیش، دوای زیاتر لە دوو دەیە بەسەر داگیركاری و زیاتر لە دەیەیەك بەسەر بەهاری عەرەبیدا، عێراق لەبەردەم دووڕیانێكی مێژوویی یەكلاكەرەوەدا وەستاوە. یان دەبێت لە پێناسەكردنەوەی دەوڵەت، وەك تاقە لایەنێك سەركەوتوو بێت، كە چەك و بڕیار قۆرخ دەكات و جیلوە بۆ بیرۆكەی هاوبەشیی دەگێڕێتەوە، كە لە ناوەڕۆكەكەی بەتاڵ كراوەتەوە، یانیش لە ناوچەیەكی خۆڵەمێشیدا دەمێنێتەوە؛ نە جەنگێكی گشتگیر و نە دەوڵەتێكی تەواو. ئەزموونی عێراق سەلماندی، كەوا دەوڵەت بە دروشمەكان بنیات نانرێت و بە زۆری تفەنگەكانیش ناپارێزرێت، بەڵكوو بە گرێبەستێكی سیاسیی ڕوون و سەروەرییەك، كە مایەی دانوستان لەسەر كردن نەبێت.
عێراق چیتر پێویستی بە وەسفێكی نوێ بۆ قەیرانەكەی نییە، بەڵكو پێویستی بە بڕیارێكی بوێرانەیە، كۆتایی بە قۆناغی گواستنەوەیی بهێنێت، كە زیاتر لەكاتی خۆی خایاند. ئەو دەوڵەتەی خاوەنی چەكی خۆی نەبێت و شێوازی هاوبەشییەكەی خۆی یەكلا نەكاتەوە، خاوەنی داهاتووی خۆیشی نییە، هەرچەند ناونیشانەكان بگۆڕدرێن و هاوپەیمانییەكانیش ئاڵۆگۆڕ بكرێن.
و: ڕەمزی میرەكانی