
دیمانە – حەمید سورچی
ڕێژیار حاجی محەمەد، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیریی سۆران لە دیدارێکدا بۆ “خەبات” وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە چۆنییەتی دامەزراندنی سەنتەرەکەیان و بەرنامە و پلانی ئاییندە و کارو چالاکییەکانیان دایەوە. هەروەها باسی لەپرۆسەی ڕۆشنبیری و پێگەی ئافرەت لەنێو کایەی رۆشنبیری لە دەڤەرەکە و چەند پرسگەلێکی دیکە کرد.
سەنتەری ڕۆشـنبـیـری سۆران کەی دامـەزراوە، تاوهکو ئێستا چەند کۆنفڕاستان ئەنجامداوە؟
سە نتەری ڕۆشنبیریی سۆران وەكوو یەكەم سەنتەر لە سەر ئاستی دەڤەری سۆران لە ساڵی 1997 لەسەر دەستی بژاردەیەكی دیار لە ڕۆشنبیرانی دەڤەرەکە دامەزراوە. ئامانج لە دامەزراندنی سەنتەرەكە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری رۆشنبیریی گشتییە. لە ڕابردوودا ئەم سە نتەرە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لەچالاكی ڕۆشنبیریی و هونەری و بۆنە نەتەوەییەكان و كاری مرۆیی لە سنوورەكە، هەروەها خاوەن بڵاوكراوەیەكی تایبەت بەخۆی بووە، كە نووسەران و ڕۆشنبیرانی دەڤەرەكە سەرنج و نووسینەكانی خۆیان تێدا بڵاوكردۆتەوە، وێڕای تێپەڕینی بە چەندین بارودۆخی جیاواز و سەخت، تا ئێستاش سەنتەرەكەمان بەردەوامە لە خزمەتكردن بە ڕۆشنبیران و لاوانی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، ئەم سەنتەرە لە ڕابردووەوە ئێستا وێستگە و بناغەیەكی بەهێز بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین كادیری بە توانا و، خۆشبەختانە زۆرێك لەو
بەڕێزانەی كە ئەندامی سەنتەرەكەمانن یاخود بە ئەزموونی كارگێڕی سەنتەرەكەدا تێپەڕیوون، ئێستا لە چەندین بواری جیاجیادا و لەسەر ئاستی حزب و حكوومەت، پێگە و شوێنی باڵایان هەیە و خزمەتی نیشتمان دەكەن. سەنتەرەكە لە 1998/8/13 بە هەوڵی خوا لێخۆشبوو فرانسۆ هەریری و بە ڕێز سەرگیس ئاغاجان مۆڵەتی فەرمی و یاسایی كاركردنی لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرتووە. تا ئێیستا سەنتەرەكە 14 كۆنفرانسی بە ئامانجی نوێبوونەوە و گۆڕانكاری لە ستافی كارگێڕی ئەنجامداوە.
کاری ڕۆشنبیری و هونەری لە دەڤەری سۆران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەر لە هەموو شت دەكرێ جیاكاری بكەین لە نێوان رۆشبیریی و پرۆسەی رۆشنبیریی، دەتوانم بڵێم لە دەڤەری سۆران رۆشنبیریی زۆر چاک هەن، بەڵام خودی پرۆسەی رۆشنبیریی من لە ئاستێكی باش نایبینم و پێویستە ئەم بوارە زیاتر گرنگی پێبدرێت، بۆ نموونە، یەکێک لە گرفتەكانی بەردەم چالاکییە رۆشنبیریی و ئەدەبیەكان لەم دەڤەرە، كەمی ڕێژەی ئامادەبووانە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پرۆسەکە پێویستی بە باشتركردنە و ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیریی تاك پێویستە زیاتر بەرز بكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە
سەنتەر و ناوەندە رۆشنبیرییەكان پاڵپشتی زیاتر بكرێن و رۆڵ و ئەركیان پێبدریێت تاوەكو باشتر بە كاری خۆیان هەڵسن.
هەرچی دەربارەی هونەریشە بەشێوەیەكی گشتیی هونەرمەند و دەستڕەنگینی زۆر لەم دەڤەرە هەڵكەوتوون، بەڵام دیسان من پێموایە دۆخی هونەریش لە ئاست پیێویست نییە، هونەر، مێژوو سەرمایەی گەلانە پێویستە چاڵاکی هونەری و بەهرەمەندان و هونەرمەندانی دەڤەرەکە گرنگی زیاتریان پێبدرێت.
پێگەی ئافرەت لە نێووکایەی ڕۆشنبریی لە دەڤەری سۆران لەچ ئاستێکدایە؟
بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو لە ئێستادا ئافرەتانی دەڤەری سۆران ڕۆڵ و پێگەی بەرچاویان هەیە لە نێو كایەی رۆشنبیرییدا، شانبەشانی رۆشنبیرانی پیاو لە بەرەی پێشەوەی پرۆسەی رۆشنبیریین، ئافرەتانی دەڤەرەکە خاوەن توانای تایبەتن و هەمیشە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی تواناكانیانەوە خزمەت بەبواری ڕۆشنبیریی دەڤەرەکە بكەن، لە ئێستادا هە ندێ ئافرەتانی سۆران بەرپرسیارەتییان لە چەند سەنتەر و رێكخراوی ڕۆشنبیریی و هونەری هەیە، خۆشبەختانە پرسی ئافرەتان لەنێو سەنتەرەكەماندا هەمیشە پرسێكی گرنگ بووە و لە ئێستاشدا دوو لە ئەندامانی ستافی کارگێڕی سەنتەرەكەمان ئافرەتن.
دەگوترێت خوێندنەوەی کتێب لای تاکی کورد پەراوێز خراوە و بایەخ بە خوێندنەوە نادرێت، بەڕێژەیەکی کەم خەڵکە خوێندەوارەکە ڕوو لە کتێبخانەکان دەکەن، ئەم پرسە چۆن شرۆڤە دەکەن؟
ئەم پرسە پرسێكی گرنگە، بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ڕێژەی سەردانیكاران بۆ كتێبخانەكان لە ئاستی پێویستدا نییە، دەكرێ یەكێك لە هۆکارەکان بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا و دروست بوونی كتێب و كتێبخانەی ئەلیكترۆنی بێت، بەڵام وێرای ئاسانكارییەكانی تەکنەلۆژیاش هەست بە بوونی بۆشایی خوێندنەوە دەكرێت لەنێو تاكی کۆمەڵگەدا، بە بروای من پێویستە ئەم پرسە كاری لەسەر بكرێت و هاندان
هەبێت بۆ راكێشانی تاك بۆ نێو دونیای كتێب و خوێندنەوە، یەکەمجار لە خۆمانەوە دەست پێبكەین وەك سەنتەرەكانی رۆشنبیریی ئەرکی ئێمەیە لە ڕێگەی چاڵاکی تایبەت هەوڵ بۆ بە كولتووركردنی خوێندنەوە بدەین و خوێنەر لەگەڵ كتێبخانەكان ئاشت بكەینەوە، هەروەها ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردەکاران دەتوانن ڕۆڵی گرنگ و کاریگەر ببینن لەسەر ئەم پرسە.
تێچووی چالاکییەکانتان چۆن دابین دەکەن؟
سەنتەرەکان تا ساڵی 2014 خاوەن منحەی تایبەت بەخۆیان بوون، بەڵام دوای دروستبوونی شەڕی تیرۆریستانی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی، منحەی سەنتەرەکان وەستا، لە
ئێستادا بە سوپاسەوە هەریەکە لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی سۆران بە پێی توانا و تێچووی چاڵاکییەکان هاوكاربوون.
پەیوەندیتان لەگەڵ سەنتەروو ڕێکخراوەکانی دەڤەرەکە چۆنە؟
بەشێوەیەكی گشتیی وەک سەنتەری رۆشنبیریی سۆران پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵیان هەیە، هەر لایەنێک خزمەت بە کۆمەڵگە بگەینێت
لای ئێمە جێی دەستخۆشییە، سەرەنجام هەموومان ئامانجمان خزمەتکردنە، بەڵام هەریەکە بە بەرنامەی کارو سیاسەتی کارکردنی تایبەت بەخۆی. وەکوو سەنتەری ڕۆشنبیریی سۆران ئەگەر لە لایەنی مەعنەویش بێت ئامادەین پاڵپشتی کارو چاڵاکییەکانی سەنتەر و ڕێکخراوەکانی تربین بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگەکەمان.
پلان و پڕۆژەی ئاییندەتان چییە؟
بێگومان هیچ كار و هەنگاوێک بەبێ لەمپەر نابێت، بە بروای من نەوەکوو تەنیا سەنتەری رۆشنبیریی سۆران، بەڵكو نەبوونی سەرچاوەی دارایی لەمپەری کارکردنی بەردەم زۆرینەی سەنتەرو و كۆمەڵە و رێكخراوەكانە، هیوادارین میكانیزمێك هەبێت بۆ بە هێزكردنی سەنتەر و كۆمەڵە و رێكخراوە چاڵاکەکان.
لە رووی مەعنەویشەوە، پێویست دەکات سەنتەرەكان بەتایبەتی لەهەندێ بۆنەی گشتییدا ئەركدار بكرێن تا بتوانن بە بڕوا بەخۆبوون و متمانەی زیاترهەنگاو بەرەو کاری باشتر بهاوێژن.
پلانمان وایە لە داهاتووشدا بە بەرنامەیەکی باشتر لەڕێی چەند خولێکی پرۆفیشناڵ پەرە بەتواناكانی لاوان بدەین بەتایبەتی لە لایەنی بازاری كار و بەدەستهێنانی هەلی کار هەروەها لە بوارەکانی رۆشنبیریی گشتیی و هونەریشدا كار و چاڵاکی تایبەتمان دەبێت، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕێزگرتن لە ڕۆشنبیر و ئەدیبان و قەڵەم بەدەستان و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندانی دەڤەرەکە لە بەرنامەی کارکردنمان دایە.