* په‌رژین جه‌عفه‌ر حاجی ڕۆسته‌م
سووننه‌مه‌زهه‌بی (عه‌ره‌بی) له عێراق دوایی ڕووخانی (سه‌دام) ساڵی (2003)، بوونه خاوه‌ن پرسێكی ئاڵۆز و پێگه‌ی سیاسیان به‌ته‌نیا له ده‌ست نه‌دا، به‌ڵكو بوونه خاوه‌ن ململانێیه‌كی ناوخۆیی خۆیان، ئه‌مه‌ش ده‌رگای زیاتری ده‌ستێوه‌ردانی كرده‌وه تا سووننه‌كان نه‌بنه خاوه‌ن (بڕیارێكی یه‌كگرتوویی). عێراق له دوای گۆڕانكارییه‌كانی 2005، بووه خاوه‌ن عورفێكی دابه‌شكاری پۆسته باڵاكان كه ده‌رفه‌تی ململانێی ناوخۆیی پێكهاته‌كانی زیاتر كرد نه‌ك مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌كان، بۆ نموونه: (بازنه‌ی ململانێی شییعه مه‌زهه‌ب) دیاره بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانه، سه‌رۆك كۆماری عێراق(پشکی كورد) و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق(پشکی سووننه مه‌زهه‌ب)ـه‌كان.
ئه‌م عورفه هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری و یاسایی نییه، بایه‌خی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشی بێ به‌ها كردووه، عێراقی له خاڵێكی سوڕانه‌وه‌ی بازنه‌یی هێشتۆته‌وه، كه ده‌رفه‌تی گۆڕانكاریی نه‌هێشتۆته‌وه، ته‌نیا ده‌مووچاو و سیاسییه‌كان له نێوخۆیاندا ئه‌م یارییه ده‌كه‌ن. سوننه‌كان به‌م عورفه‌وه هێنده شه‌كه‌ت بوونه، ململانێی ناوخۆییان تێدا به‌شێوه‌یه‌ك دروستبووه كه پرسه گرنگه‌كه‌ی گه‌یشتنه‌وه‌یان به ده‌سه‌ڵاتی عێراق له بیربراوه‌ته‌وه و تواناكانیان سنوردار كراوه.
ئێستا له نێو سوننه‌دا سێ پێكهاته‌ی سیاسی كێبڕكێ ده‌كه‌ن(ململانێی ناوخۆیی سووننه)، هه‌ر سێ پێكهاته‌كه‌یش له مانۆڕی نێوان كورد و شیعه و مانۆڕه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیدا لاوازن و هه‌ر هێزه و ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ما ئه‌وی دیكه به په‌راوێزی بهێڵێته‌وه. (حزبی ته‌قه‌دوم) به‌سه‌رۆكایه‌تی(محه‌مه‌د حه‌لبوسی)، سوورن له‌سه‌ر مانه‌وه‌یان وه‌ك نوێنه‌رایه‌تیكردنی سووننه‌كان له‌پێگه‌ی(سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق)، (هاوپه‌یمانی عه‌زم) به‌سه‌رۆكایه‌تی(موسه‌ننا سامه‌ڕائی) ئه‌م خوله‌ی مملانێی زۆر به ڕژدی گرتووه و ده‌یه‌وێ حه‌لبووسی تێپه‌ڕێنێت و جارێكی دیكه ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌ده‌ده‌نه‌وه حه‌لبوسی وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: پیاوی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و خۆ ده‌رخستن نه‌ك نوێنه‌ری سوونه‌كان، (هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری) به‌سه‌رۆكایه‌تی (خه‌میس خه‌نجه‌ر) خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جیاوازتره له نێو سووننه‌كان، ئه‌وان هه‌میشه لایه‌نگری كوردن و ده‌یانه‌وێ ببنه به‌شێك له (هاوپه‌یمانییه گشتییه‌كه‌ی عێراق)، بۆیه هێنده چاوی له به‌ده‌ستهێنانی پۆسته وه‌زارییه‌كانه هێنده چاوی له‌سه‌ر پۆستی باڵاكه نییه(سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق).
سووننه له عێراق به‌شدار نییه له بڕیاره ستراتیژییه‌كان، هه‌روه‌ك چۆنیش كورد به‌م هه‌مان ده‌رد چووه، به‌هۆی ئه‌و عورف و دابه‌شكارییه نا ده‌ستورییه، به‌ڵام دۆخی سووننه‌كان زۆر جیاوازاتره، لایه‌نگرانی نێوده‌وڵه‌تیان كه‌متره، له‌ڕووی هه‌رێمایه‌تییه‌وه سعودییه و ئیمارات و ئوردن و میسر و توركیا، وه‌ك پێویست له‌گه‌ڵ ڕه‌وته سووننه‌كان نین. بۆیه به‌م به‌شداریكردن و دووره‌په‌رێزی له بڕیاری چاره‌نووسسازی عێراق ماونه‌ته‌وه.
له‌پێشووتردا جگه له پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له نێو حكومه‌تدا كۆمه‌ڵێك پۆستیان هه‌بووه، به‌ڵام ڕووكه‌شی بووه، بۆ نموونه پۆستی (وه‌زیری به‌رگری) له زۆر سیسته‌می سیاسی حكومڕانی ئه‌م پۆسته زۆر باڵایه، به‌ڵام له عێراق به‌هۆی پێگه‌ی به‌هێزی میلیشییاكان ئه‌م وه‌زاره‌ته وه‌ك پاشكۆیه‌ك له دامه‌زراوه‌كانی میلیشیا دێته‌ژماردن، هه‌ر كه‌سێك و لایه‌نێك ئه‌م پۆسته وه‌ربگرێت، ته‌نیا له پێناو(مووچه و ئیمتیاز)ـه‌كانیه‌تی نه‌ك ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ربازی و كاریگه‌ر له‌سه‌ر ڕووتی سیاسی.
ئێستا كه سووننه‌كان له بازنه‌ی(ململانێی ناوخۆیی) شه‌ڕی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، ئه‌م پۆسته له ئاست ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران و هاوپه‌یمانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت كه ئاراسته‌ی كاری سیاسی و بڕیاره گرنگه‌كان ده‌كات، هیچ به‌هایه‌كی نییه، بۆیه شیعه‌كان له كاتی مشتومڕی پۆسته‌كاندا بایه‌خێكی ئه‌وتۆیان نامێنێ بۆ باڵانسی مه‌زهه‌بی، چونكه دوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی عێراق كه هیچ كاریگه‌رییان نییه(سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان) له بازنه‌ی ئه‌وانین، ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌یشی ئه‌وه‌یه به‌هۆی زۆرینه‌یان له نێو په‌رله‌مان ده‌توانن له‌و یارییه‌دا هه‌ڵبژاردنی(سه‌رۆكایه‌تیه‌كان) كارتی خۆی به‌كاربهێنێت.
زۆرینه‌ی بۆچوونه‌كان كه چاودێری دۆخی سیاسی عێراق ده‌كه‌ن، سووننه‌كان وه‌ك جه‌مسه‌ری په‌رته‌وازه و بێكاریگه‌ری سه‌یر ده‌كرێت. بۆیه به‌هه‌مان ئه‌و ڕێتمه‌ی جاران، پۆسته‌كه‌ی سووننه ده‌بێته‌وه هۆكاری په‌رته‌وازه‌یی و فره‌جه‌مسه‌ری له نێو كێبڕكێی سیاسی مه‌زهه‌بی سووننه‌كان و شیعه‌كانیش له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات درێژه به كار و سیاسه‌تی خۆیان و به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.
* توێژه‌ری مێژووی سیاسی